بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکان تێکڕای زیادبوونی موچەیان 16% بووە، لە کاتێکدا مووچەی زۆرێک لە کرێکار و کارمەندەکانیان زۆر لەژێر ڕێژەی هەڵئاوسانی پارەوە بووە
23/08/2023.
سەرۆکەکانی 100 کۆمپانیای گەورە لە بەریتانیا ، ساڵی ڕابردوو، 2022 بە تێکڕا 500 هەزار پاوەند مووچەیان زیادیکردووە، لەکاتێکدا زۆرێک لەو ملیۆنان کەسەی کە بۆیان کاردەکەن گەشەی مووچەکانیان نەتوانراوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی پارەدا بگونجێت.
بەپێی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی بیرکردنەوەی سەنتەری مووچەی بەرز کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای FTSE لە ساڵی ڕابردوودا تێکڕای بەرزبوونەوەی مووچەی بە ڕێژەی 16% بووە، بەمەش تێکڕای موچەی ئەم سەد بەڕێوەبەرە بۆ 3.9 ملیۆن پاوەند بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2021دا 3.4 ملیۆن پاوەند بووە.
پاسکال سۆریۆت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دەرمانی ئەسترازینێکا، لە ساڵی ڕابردوودا بەرزترین مووچەی وەرگرتووە کە 15.3 ملیۆن پاوەند بووە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو موچەکەی 13.9 ملیۆن پاوەند بووە.
. چارڵز وودبێرن، سەرۆکی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەک BAE Systems، دووەم بەرزترین مووچەی وەرگرت کە 10.7 ملیۆن پاوەند بووە. لە پلەی سێیەمدا ئەلبێرت مانیفۆڵد سەرۆکی کۆمپانیای پێداویستی بیناسازی CRH بوو کە 10.4 ملیۆن پاوەندی پێدراوە. هەروەها سەرۆکی کۆمپانیاکانی نەوت و غازی بی پی و شێڵیش لە داهاتە سەرەکییەکان بوون. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بی پی، بێرنارد لۆنی، کەمێک زیاتر لە 10 ملیۆن پاوەندی پێدراوە، لەکاتێکدا بێن ڤان بیوردن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای شێڵ 9.7 ملیۆن پاوەندی
پێدراوە.
ئێستا دەرکەوتووە کە مووچەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای FTSE 100 118 جار هێندەی کرێکاری فول تایمی بەریتانیایە، ئەمەش لە 108 جارەوە زیادیکردووە لە ساڵی 2021 و 79 جار lلە ساڵی 2020 زیادیکردووە.
بەپێی ئۆفیسی ئاماری نیشتمانی تێکڕای مووچەی کرێکارانی فول تایم لە بەریتانیا 33 هەزار پاوەندە .
تێکڕای بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کەمتر لە سێ ڕۆژدا داهاتێکی زیاتر بەدەست دەهێنێت لەوەی کە تێکڕای کرێکاری بەریتانیا لە ساڵێکدا بەدەستی دەهێنێت. بەپێی شیکارییەکانی سەندیکای کرێکارانی جی ئێم بی، نزیکەی 150ساڵ دەخایەنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ مووچەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاساییدا بگونجێت.