Categories
Kurdish

لە ساڵیادی مەرگی هاوڕێ تەیب دا

لە ساڵیادی مەرگی هاوڕێ تەیب دا

زاهیر باهیر

06/01/2022

کێیە دەڵێ بە تێپەڕینی زەمەن یادی مەرگی هاوڕێ کۆن دەبێ ، برینی گەورە و بە سوێی، ساڕێژ دەبێ ، یادی تیاچونی هاوڕێی پاك و دڵسۆز  لەبیر دەکرێ ، هیوای دروستبوونی کۆمەڵی سۆشیالیستی لە توێی  ڕەفە دەنرێ ، ناو و شۆرەتی تێکۆشەرانی ڕێگای شیوعییەت / سۆشیالیزم لە ئاسۆی هیواوە، ئاوادەبێ… کێیە دەڵێ هەوڵ و تێکۆشانی هاوڕێیانی ڕێگای سۆشیالیزم/ کۆمۆنیزم بە زایە دەروات ، مەرگ و هەوڵ و تێکۆشانی هاوڕێ، بەرەو هیچیی و بێ مایەیی دەبات …

ئەی زەمەن ، ئەی تۆ چەندێك درێژ بیت ، ئەی کارەسات تۆ چەندێك خەمهاوەر و جەرگبڕ بیت ، ئەی چرای هیوا تۆ چەندێك کز و بێ ڕووناکیی بیت ، ئەی زوڵم و زۆر تۆ چەندێك ئەستوور و  تاڵ و دڕندە و وێرانکار بیت ، ئەی تەمەن تۆ چەندێك لە هەڵکشانا بیت، بێ وزە و بێ تەحەمول و لەسەرا بیت … ئەی هەموو شتێك… تۆ رەنگە کارایی خۆت دابنێییت و گیانبەختکراوانی ڕێگای شیوعییەت، هاوڕێیانی لەدەستچوی نیوەی ئەو ڕێگایە ، لای هەندێکمان لەبیر بکەیت … بەلام هەرگیزا و هەرگیز ناتوانیت بۆ ڕۆژێکیش ئەو کاراییە لەسەر من دابنێیت .

هاوڕێ تۆ تەنها ساڵێکە ڕۆیشتویت ، تۆ تەنها چەند کاتژمێرێکە بەرەو دوا مەزارگەی خۆت چویت،….. هەرچۆن بێت ساڵێك ، ساتێك یاخود ساتە وەختێك … بەڵام برینی تۆ ساڕێژ نابێت ، جێ شوێنی تۆ بە کەس خۆش نابێت ، بیروباوەڕی مەزنی تۆی شیوعی هەرگیز کز نابێت… هاوڕێ.. تۆ ڕۆیشتیت بەڵام هەزارەهای دیکە هاتوون و دێنە ڕیزەوە ، ئەزموونەکان ئەوانەمان کە ماوینەتەوە و ئەوانەشی کە هاتوونەتە ڕیزەوە،  هەمیشە فێرمان دەکەن ، هەمیشە دەرسمان دادەن ، هەمیشە یادەوەرییەکانی تۆ و ئەوانی دیکەش لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا بن ، لەهەر بستێکی ئەم زەوییەدا لانکەی ژیانئاوایی خۆیانیان لێهەڵدابێ ، لامان بە زیندوویی دەمێننەوە، بۆیە ئێمە بە ئومێد و هیوای ئێوەوە ژیان بەڕێدەکەین ، تێکۆشان و خەبات دەکەین .

مایەی شانازییە بۆ من کە ئەوەم پێڕەوادەبینرێت کە یادت بکەمەوە وەکو چۆن یادی هاوڕێیانی دیکەم کردۆتەوە، دەکەمەوە ئەوەندەی ژیان ڕێگام بدات.  بۆ من خۆشبەختییە کە لە یادی ژیانئاوایی کەسێکدا کە زیاتر لە 60 ساڵی تەمەنی خۆی بە شیوعییەتەوە خەریكکردووە بێ ئەوەی کە بۆ ماوەی تەنها ڕۆژێکیش دڵەڕاوکێی هەبوبێت ، بۆ تەنها ڕۆژێكیش فکری خۆی فەرامۆش کردبیت ،  بۆ تاکە خولەکێکیش لە تاووتوێی فرۆشتنی پرنسپڵەکانیدا بوبێت … وێنەی تۆ و هەندێکی دیکە لە هاوڕێیان، هەر زۆر دەگمەنن کە ئاوابووبێتن.  تۆ لە هەقەتدا کەسێکی شیوعی بویت ، لەبەرئەوەی کەسێکی کۆمەڵایەتی بویت ، تۆ فکرت ، شیوعییەتت بە کردار و بە ڕەوشتی بەرزی خۆت کۆمەڵایەتی دەکردەوە ، تۆ بە کردەوەی خۆت ژمارەی شیوعییەکانت زیاد دەکرد و بەهای بیرۆکەی شیوعییەتیشت بەرز دەنرخان .

بێ تۆیی لە ناومانا دیارە، نەبوونی چالاکی و بێ بەشداریت لە ڕیزەکانمانا بۆ هەمیشە، لەبیر ناکرێت و مایەی دڵگرانی و ئازارە،….هاوکاتیش چرای خەباتی کرێکاران و هەژاران و ستەمدیدەی دونیا کز نابێت، گزنگی هەتاوی  مژدەهێنەری کۆمەڵی سۆشیالیزم، لە کەلەوە هەرگیز ئاوا نابێت.

دەی هاوڕێ گیان ئاسوودە بە و بێ خەم بە، ئەوەی کە تۆ و نەوەی پێش تۆ دەستیان پێکردووە، ئەوەتا بە هەزاران لە نەوەی دوای تۆ ڕیزیان بۆ گرتووە، ئیدی زوو بێت یا درەنگ تێکۆشان و ئاواتەکەی تۆ نە بەسەر دەچێت و نە کۆن دەبێت ، هەر دێتە دی.

زاهیر باهیر

Leave a Reply