Categories
Kurdish

ماڵئاوا هاوڕێی بە ورە و جەسوور و نەفسبەرزم نیزام گیان

ماڵئاوا هاوڕێی بە ورە و جەسوور و نەفسبەرزم نیزام گیان

زاهیر باهیر

31/12/2021

 بۆچی نەتهێشت… ، بۆچی پەلەت کرد ..دەجارێ ڕاوەستایتایە تاکو کفنی  ئازیزانمان کە زۆر نییە لە دەستمانچوون، زەرد ببونایە ، دەی پەلەت نەکرادایە و چاوەڕوان بویتایە با ئەشکی  قەتیسماوی  چاوانمان  وشك ببوایە .. دە لێگەرایتایە … برا لێگەڕایتایە.. ئەم پەلە پەل و هەڵەداوانێت لە چی بوو… من دەزانم تۆ دەبوایە ئەم سەفەرەت هەر  بکردایە .. . سەفەرە و لەبەرە ..بەڵام نەك ئاوا زوو…نەك ئاوا بە پەلە  تۆ بۆ ئاوا پەرۆشی ڕۆیشتنت بوو ، بەجێهێشتنی ئێمە، هەموومانت بوو …

ئەزیزم تۆ  کە بە سەختی کۆرۆنات گرت و تێتپەڕان..  تۆ دوو تا سێ عەملیاتی گەورەت سەرکەوتوانە ، ورەدارانە ، بوێرانە… هەر لە ماوەی ساڵێکدا بە ئەنجام گەیاند…بۆچی نەدەکرا ئەم ئازارەشیان ، ئەم هێڕشە بەهێزەی دوێنی شەوی  سەر ژیانت ببەزاندایە؟؟ …ئاخر نەدەکرا هەر ماوەیەك ، ماوەی تەنها چەند ساڵێکی کەمت بە کاك ‘مەجیدی’ برا و دادە’ڕەعنای’ براژن و خاڵۆزا، و خوشک و خوشکەزا و برازا و نزیکانی دیکە  هەر هەموومان ، بدایە؟ … تۆ دەکرا زیاتر چاوەڕوانیت بکردایە … ئاخر خۆ ژیانی تۆ هەر لەسەرەتاوە تروسکاییەکی هەر زۆر کەمی تێدا بوو، یاخود هەر نەبوو .. هەژاریی وەکو هەرە زۆربەمان بەشی سەرەکی ژیانت بوو ، کارکردن بە چاوی نابیناوە بۆ سەردەمێکی دوور و درێژ ، پیشەت بوو ، نەخۆشیی،  ئازاری کۆستی هەرە ئازیزان و نزیکانت  هەر لە سەرەتاوە زۆر لە سەرەتاوە … هامڕاز و هامڕێت بوو…..لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تۆ گلەیت  لە ژیانی خۆت نەبوو ،….. نە دەکوڕوزایتەوە، جێگای بەزەیی نەبویت هەمیشە دەم بەخەندە و قسەی خۆش و لیدوان گفتوگۆ بویت .. تۆ ئەوەی کە خەمباری دەکردیت و ئەوەندەشی لە تواناشتا بووایە ، هەوڵت بۆ بنەبرکردنی دەدا:  خەمی دەور و بەرت بوو ، پەژارەی ئازاری لە بن نەهاتوی هەژاران و نەبووان بوو ، خەمی تیاچوون و قوربانیدانی کەس و کار و نزیکانت بوو … تۆ هەموو سروشتی مرۆڤانەت لە خۆتدا کۆکردبووەوە ..  ئەوەندە نەفسبەرز بوویت بە یارمەتی کەس ڕازی نەدەبویت …تموحی تۆ لە پارە و موڵکییەتا نەبوو .. بگرە لە فێربوون و زانینی زیاتری زانیاریدا بوو … لە ساخکردنەوەی پرس و گرفت و کێشەکاندا بوو … لە لیدوان وگفتوگۆدا بوو .. لە دۆزینەوەی ڕێگەی ڕاست بۆ ڕزگاربوونی کرێکاران و هەژاران لە چەوساندنەوە و زوڵم و زۆر، لە نەبوونی ئازادیی و یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایتییدا بوو ..  هەر ئەم هۆکارانەش بوو کە لەتەمەنێکی زۆر گەنجیتەوە هەر زۆر زوو لە کۆتایی حەفتاکانا  پەیوەندیت بە گروپی ” کارە ” وە ، کرد.

 دەکرێت بڵێین کە ئاواتی تۆ یاخود تەماحی تۆ لە لەتە چاوێكدا بووبێت ئەویش تاکو بتوانیت هەم نەبیتە ئەرك بەسەر کەسەوە و هەم بشتوانی کتێبە ” موقەدەسەکان” ی پێ بخوێنیتەوە .  تۆ کەسێک بویت کە هەمیشە ورەت بە کەسانی دەوروبەت دەدا ، من هەر کاتێك قسەم لەگەڵدا دەکردی یاخود بینبێتمی لە میانەی گفتۆگۆکانمانا هەمیشە ورەت پێداوم ، هانت داوم ، بە قسە و بۆچوونەکانت هاوکاریت کردوم و یارمەتیت داوم … بەڵام داخ سەد جار داخ ئیتر تۆ لێرە نیت و ناتبینمەوە  ، لە ناومانا نیت  و نابیت ، ………ژورە بچوکەکەت چی تر ئاوەدان نابێت ، گوندی دێلێژە چی تر بۆن و بەرامەی تۆی لێنایەت، ….کۆڕی یاران، هی شەوان و ڕۆژان  بێ تۆ نوقسان دەبێت … ئیتر  تریقە و پێکەنیی تۆ لەنا کۆڕی گەنجان  و بە تەمەنانی دێلێژەدا  نابیسترێت …تۆش وەکو زۆرێکی دیکە بویتە مێژوو .. مێژوویەکی تایبەت لە خۆت  و بۆ خۆت، کە لە مێژووی زۆرینەیەك جیاواز دەبێت .

دواجار کە بینیمی ئەم هاوینی ڕابوردووە بوو ، کە خۆشحاڵ بووم بە بینینت. هەندێك دەمەتەقێمان کرد بەڵام شتێکمان نەوت لەسەر  ” تەریقەتی” تازەت ، کە گەڕانەوە بەرەو دین، بوو ، بێ گومان لای من ئاسایی بوو بۆ کەسێکی وەکو تۆ کە ژیان زۆر بێ ڕەحمانە و بێ بەزەییانە هەر لە سەرەتاوە کوتابوتی، گەر “تەریقەتێکی” دیکە بدۆزیتەوە و   نەختێك لەم سەردەمی ئاخۆر ماخۆرانە ، لەم سەردەمەدا کە نە دار ماوە بەسەر بەردەوە و نە سروشتیش  وەکو خۆی ماوە ،  تاکو  ئاسایش و ئارامیی-ت پێببەخشێت  ، لای من نەك هەر ئاسایی بوو ، بەڵکو  ئەوە ئاواتی من بۆ تۆ بوو .  هاوکاتیش پێموتییت ” مام نیزام تۆ هەتا بێ دین بووی  هیچ نەخۆشییەك زەفەری پێنەدەبردی ، بەڵام ئەوەتەی دینداری دەرد و بەڵایەکی زۆر سەری لێداوی”  تۆش تەنها زەردەخەنەیەکت کرد و وەڵامت نەدامەوە.

 دەی ئەزیزم ژیانێکی سەربەرزانەت بردە سەر کە مایەی شانازیت بۆ هەموومان و هاوکاتیش نموونەی لێوەفێربونیت لە دڵسۆزی و پاکی و متمانە بە خۆ و نەفسبەرزی و زۆری تر.  ئێمەش زوو یادرەنك هەمان چارەنوس چاوەڕوانمانە ، هەمان داهاتوو چاوەڕێمانە . یادو یادەوەرییەکانت هەمیشە بە خێر.

زاهیر باهیر

 

Leave a Reply