Categories
Kurdish

مەرجەعییەت

مەرجەعییەت

17/02/2026

مەرجەعیەت بە گوێرەی تێگەیشتنی من ئەو وشەیەیە کە دەبێتە سەرچاوەیەك  کاتێك کێشەکان دەگەنە بنبەست ئیتر پەنا بۆ ئەو سەرچاوەیە دەبرێت. سەرچاوەکەش بە گوێرەی تێگەیشتنی خۆی لەو کێشەیە بریارێك دەدات ، بەڵام مەرج نییە کە بڕیارەکە دروست بێت ، بەڵام مەرجە پەیڕەو بکرێت و لایەنەکان پابەند بن پێوەی.

مەرجەعییەت، فتوادان ، ئەو دەنگەیە کە هیچ تێگەیشتنێك و هیچ ڕێزێک بۆ ڕای گشتی ناهێڵێتەوە ، ئەو سەرچاوەیە کە حساب بۆ مێشکەکان و دەنگەکان و لێکدانەوە دروستەکان ، هەڵوێستە سیاسییەکان ، لەبەرچاو نەگرتنی تەواوی بارودۆخەکە، ناکات .  هەر هەمووی وەکو گیزەی مێشولە بە لای گوێچکەیدا تێدەپەڕێت و فەرامۆش دەکرێت، ئەو بە کەیفی خۆی و بە لێکدانەوەی خۆی بڕیارێك دەدات .

مەرجەع ، گەڕانەوە بۆ تاکە کەسێك کە زیاتر مەزهەبییە ودینییەکان هەیانە  لەبری پەڕلەمان ، ئەنجومەنی گەلان ، بڕیارگەلی کۆمۆنێتییەکان.  ئەمەش یانی گەڕانەوە بۆ دواوە، یانی بوونی کورد بە خێڵێك، عەشیرەتێك و کاکی مەرجەعیش سەرۆك خێڵ ، سەرۆك عەشرەت .

لەئێستادا لەبری قسەکردن و نوسین و ڕاوێژکردن و چوونەوە بە مێژوودا لەسەر هۆکاری تێشکانە یەک بەدوایەکەکانمان هەر لە چەرخ و نیوێکەوە تاکو ئەمڕۆ ، باسکردنە لە دروستبووی مەرجەعییەت ، گوایە گەر مەرجەعییەت هەبێت ئیتر حەلی کێشەکانی ئایندە هەمووی دەکرێت.  لای ئەمانەی کە مقۆ مقۆی مەرجەعییەتیانە بە دەرمانی دردی شکستەکانمانی دەزانن، گوایە ئەوە بێ مەرجەعییەتە کە ئێمە شکست دوای شکست بەڕێ دەکەین .

باشە با هەموان هاوڕا بن لەسەر ئەوەی کە کورد مەرجەعییەتی هەبێت . بەڵام ئەوەی کە ڕا بۆ دیاریکردنی مەرجەعەکە دەدات حیزب و لایەنە سییاسییەکانن لە هەموو کوردستانەکاندا ، ئایا هەمویان ڕێدەکەون لەسەر ئەو کەسە؟ ئەو ئایەتوڵایە؟ کە لە کاتێکدا دوو حیزبەکەی باشور لەسەر دانانی مدیر ناحیێیەك ڕێناکەون . ئەوانەی ڕۆژهەڵات شیر و تیر لەیەکدی دەسوون ، ڕۆژئاوا  ئەوە دەزانین کەلێنی نێوانیان چەند پانە، کوردستانی تورکیا بە هەمان شێوە .

لە ناو هەموو ئەو سەرکردانەش دا کە بکرێت ببنە مەرجەع مەسعود بارزانییە و ئۆجەلان. ئۆجەلان شانسی بوونی بە مەرجەعی زۆر کەمە کاتێك کە ئەو دیلە نە دەنگی دەگاتە کەس و نە کەسیش دەنگی بەو دەگات .  کەواتە ئەوەی کە تەنها دەمێنێتەوە و لایەقی مەرجەعبوون بێت بارزانییە.  بەڵام ئایا هەموان ڕازی دەبن بە بڕیار و هەڵوێستەکانی بارزانی کە لە کاتێکدا بەدەگمەن ڕێکەوتووە کە بڕیارێك یا هەنگاوێکی دروستی هەر لە ئابی 1996 وە تاکو ئێستای دابێت.

بەڕای من ئەمەش پرسێکە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵکی و بەلاڕێبردنیان لە سەراپای گرفتەکانی کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە کە لێرەشدا نوسەران و ڕۆشنبیرانی کورد بەشێکی بەرپرسیاری بەلاڕێبردنی خەڵکانی کوردستان دەبێت هەڵگرن .

Leave a Reply