Categories
Kurdish

هێڕشەکانی داعش لە بەرژوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێمە

هێڕشەکانی داعش لە بەرژوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێمە

زاهیر باهیر

05/12/2021

بە داخەوە کە چڕبوونەوەی هێڕشەکانی داعش لەم ماوەیەدا بووە هۆی بە قوربانیدانی کۆمەڵێك چەکداری ڕەش و ڕوت، کە ئەوەی پاڵیان پێوەدەنێت کە خۆیان بدەنە کوشت و منداڵ و خێزانیان و ئازیزانیان لەدوای خۆیان بە ئازارەوە، سەرگەردان بکەن، بژێوی ژیانیانە دەنا کەسێکیان نییە کە باوەڕی بە کوردایەتی و پاراستنی خاك و نیشتمان و نیشتمانیبوون، بێت.

هاوکاتیش زۆرێك لە ڕۆشنبیران و نوسەران و ئەهلی فەیسبوك نەك هەر گلەیی لە حیزبەکانی دەسەڵاتدار و سەرانی کورد، دەکەن ، بەڵکو هێڕشیشیان دەکەنە سەر و بە خائینیان دادەنێن کە لە کاتێکدا ئامادەنین هیچ جۆرە ئاسانکارییەك بۆ چەکدارەکانیان لە بەرانبەرر هێڕشی داعش-دا بۆ بکەن.  لەوانەش ناردنی چەکی باش و سەیارەی هەمەر و ئامادەبوونی ئیسعاف لە کاتی زەرووریدا بۆ گواستنەوەی برینداران یا هەر هیچ نەبێت راهێننانی دووان لە چەکداران لە سەنگەرەکانیانا دەربارەی ئیسعافاتی ئەوەلی و  زیادە موچە یاخود هەر هیچ نەبێت پێزانین و سوپاسگوزاریەکیان .

لە ڕاستیدا ئەوانەی سەرەوە کارێکی ئاسانە و تێچونێکی زۆریشی تێناچێت لە بەرانبەر بەهیزکردنی هێڵی پێشینەی جەنگ و بەرەی شەڕ دژ بە داعش.

بەڵام بۆچی ناکرێن؟

دەسەڵاتدارانی کوردی باشوور زۆر زیرەکن و خۆیان دەزانن چی دەکەن .  ئەوان ئەو جۆرە ئەرکانە یاخود تاکتیکانە بەکارناهێنن لە پێناوی بەرگریی یاخود پارێزگاری لە ستراتیجیان، بەڵکو ئەوان ئەو تاکتیکانە دەکەنە قوربانیی لە پێناوی ستراتیجییەتیانا.

ستراتیجێتی دەسەڵاتداران مانەوەیانە لە حوکمڕانیدا، مانەوەشیان لە حوکمڕانیدا یانی هەر بە تەنها بوونی دەسەلاتی سیاسی نییە بەڵکو دەسەڵاتی ئابووری و فەرهەنگی و کولتوریی و پێگەی کۆمەڵایەتی و نێو خێزانی و پاراستنی ئەجەندەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا و ئەمەریکایە.  بۆ ئەمەش ئەوان پێویستیان بەوە هەیە کە خۆیان لە مەترسی خۆپیشاندان و پرۆتێستی گەورە کە ڕەنگە کۆتاییەکەی بە ڕاپەڕین بێت ، بپارێزن .

دەسەڵاتداران چۆن ئەمە دەکەن؟

 هەموو حکومەتەکانی سەر زەمین بە تایبەتی حکومەتەکانی وەکو وڵاتانی ڕۆژائاوا و ئەمریکا و کەنەدە و ڕوسیا، لە کاتێکدا کە ڕووبەڕوی مەترسییەك دەبنەوە بۆ لە خشتەبردنی هاووڵاتیانیان و بەلاڕێبردنیاندا و سەرنجنەخستنە سەر داخوازییە هەنووکەییەکانیان، دیمەنێکیان بۆ دەهێننە پێشەوە کە پلانیان لە کردنیا، پێشوەخت کردوە.

دیارە ئەم بەلاڕێبردن و لە خشتەبردنە لە کوردستانا جیاوازە تاکو با بڵێین وڵاتێکی وەکو بریتانیادا ، چونکە هەر یەکەیان بە جۆرێك لە جۆرەکان کە پێویست بکات ئەو تاکتیکە بەکاردەهێنن.  بۆ نموونە تۆنی کلیف-ی کۆنە پەڕلەمانتاری حیزبی کرێکارانی بریتانیا دەڵێت:  کەسایەتی مارگرێت تاچەر سەرەکوەزیرانی ئەو کاتەی بریتانیا ئەوەندە دابەزیبوو هاتە خوارەوە بۆ لە سەدا 17 ئیتر ئەوە نەنگی بوو بۆی .  بۆیە باشترین کارێك بۆ بەرزکردنەوەی کەسایەتی و پاراستنی حوکمەکەی هات کێشەی دوورگەی  فۆکلەندی لە تەك ئەرجەنتینا کردە بەهانەیەکی زۆر گەوەرە و لە 02/04/1982 دا شەڕی هەڵگیرسان. دوای بردنەوی ئەم شەڕەش کە ڕاپرسی کرایەوە لەسەر کەسایەتی تاچەر ، رادەی کەسایەتی ئەو بۆ لە سەدا 67 بەرزبووەوە .

هەر دوور نەڕۆین جەنگی ئێران و عێراق بووە هۆی درێژبوونەوەی رژێمی ئاخوندەکانی ئێران کە لە سای ئەو جەنگەدا نەك هەر خەڵكێکی زۆری ئێرانیان گەمژاند بەڵکو هەموو موعارەزەی ناو ئێرانیشیان تێشکان و ئیدۆلۆجی دەسەڵاتخوازی ئیسلامیان برەو پێدا و چەندەها حیزب و هێزیان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بۆ دروستکرد.   ئەمە جگەلەوەی کە ئەمەریکایان بە مەترسی گەورە لەسەر نەتەوەکانی ئێران، زەقکردەوە تاکو تێکۆشان دژ بە ئەمریکا سەراپای نەهامەتیەکانی کە دانیشتوانی ئێران رووبەڕووی  بووبوونەوە، خەفەبکرێت.

لە ئەمەریکا لە هێڕشی ڕاستڕەوەکان بۆ سەر کۆشکی سپی لە دیسەمەبەری ساڵی پێشوودا و زەقکردنەوەی ئەم کێشەیە کە تا ئیستاش بە بەردەوامی لە ناو میدیاو سەنەتای ئەمەریکیدا باس دەکرێت و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دانراوە کە بە دەیەها ملیۆن دۆلاری تێدەچیت، ئەمانە هەمووی بۆ خەفەکردنی کێشە سەرەکەییەکانی خەڵکی ئەمریکی بوو بۆ داپۆشینی ئەو کێشانە و لابردنی سەرنجی هاووڵاتیان بوو بە سەرنجڕاکێشانیان کە گوایە پرسی ” دیمۆکراسی” لە مەترسیدایە و  ئەمە کێشەی سەرەکی هاووڵاتیانی ئەمەریکەییە .

من دەتوانم دەیەها نموونەی جۆرا و جۆر لە زۆر وڵاتدا بۆ هەمان مەبەست بهێنمەوە، بەڵام لێردا دەوەستم و دەگەڕێمەوە سەر کوردستان .

ئەی لە کوردستاندا ئەمە چۆن دەکرێت؟

لە کوردستاندا بۆ لابردنی مەترسی و لە ڕێلادانی خەڵکی ، ” خودا” داعشی داوە . پێشتر بەعس بوو کە هەر خەڵکی گلەیی لێبەرز دەبووەوە ، بەوە دەمکوتدەکران کە حکومەتەکەیان ساوایە، دەبێت خەڵك ئەوە لەبیرنەکەن.  بەڵام ئێستا کە داعش هەیە ئەمان بە هەموو شێوەیەک مەترسی لە کاتی کردنی ئەم هێڕشانەدا بە خەڵکی دەفرۆشنەوە کە گەورەترین مەترسی لەسەر کوردستان و قەوارەکەی هەیە، بۆیە هەر بەرپرسێك لە لایەکەوە سەبارەت بەو مەترسییە لاوەکییە کە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی و بە تێچونێکی کەم چارەسەر بکرێت ، ڕاگەیاندن دەدات. ببینن:

“مەسرور بارزانی: داعش بۆتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان.”

” قوباد تاڵەبانی: زۆربونی ھێرشەکان سە‌لمێنە‌ری ئە‌وە‌ن كە‌ مە‌ترسی ئەو داعش هێشتا زیندوە”

نابێت باوەڕ بەمانە هیچی بکرێت شلکردنی جڵەوی داعش و توندکردنەوەی بە دەستی خۆیانە [ تکایە واتێمەگە کە بڵێم ئەمان بەشێکن لە داعش و پەیوەندی گەرموگوڕ و راستەوخۆیان هەیە]  بەڵام هەر بیهێننەوە بەرچاوی خۆتان ، باشە بۆچی کە لە ئێستادا کە خۆپیشاندانی گەورەکراون و هەن، هێڕشی داعش لە زۆر لاوە بەردەوامە؟!!

گەر ئەمە بۆ تۆ خاڵێك نەبێت، لای من فەرامۆش ناکرێت، جێگای بیرکردنەوە و تێڕامانە.

Leave a Reply