هەرەسهێنانی چەندەها کۆمپانیای زەبەلاح و داڕمانی لایەکئ ئابووریی هەرەسهێنانی سیستەمی سەرمایەداری نییە .
زاهیر باهیر
17/03/2020
سیستەمی سەرمایەداریی تەنها بریتی نییە لە سیستەمی ئابووریی ڕووت، بەڵکو سیستەمێکی پێکەوەگرێدراوی یەکگرتووە لە سیستەمی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی ، کولتوریی ، فەرهەنگیی ، پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی کە هەر هەموو ئەماناش لەسەر بنچینەی قوچکەیی/هەرەمیی دروستکراوە.
بەرای من لایەنە کولتوریی و پەروەردەیی و ڕۆشبیریی و فەرهەنگییەکەی لەگەڵ پێکهاتکەیدا کە قوچکەییە زۆر بەهێز ترن لە لایەنە ئابوورییەکەی، ئەوە ئەمانن کە لایەنە ئابورییەکە و تەواوی سیستەمەکەیان ڕاگرتووە بە ماڵی کردنی هەست و ئاوەز و نەریتی شەخسی و خێزانی و کۆمەڵایەتیمان بە بوونیان بە بوونی خودی ئەو نەریت و خوو و پەیوەندی کۆمەڵایەتییەمان لە هەمەموو کایەکانی ژیانمانا .
ئەمڕۆ ئەگەر لایەنە ئابوورییەکەی ئەم سیستەمە بە هەرەسهێنانی تەواوی کۆمپانیاکانی، کۆتایی بێت لە ماوەیەکی کەمدا دووبارە دروستدەەبێتەوە ، چونکە لە باشترین حاڵەتد کە ئێمە کاری تیادا دەکەین بەڕێوەی دەبەین و دەستەیەکی بەڕێوبەری نوێی بۆ دروستدەکەین و مۆدێلی پشك پشکێنەی لەبری قازانج بەسەردا دەسەپێنین و لە بری بۆردە بورجوازی و بەڕیوەبەرەکانی ئێستای ، لیژنەیەکی دیکەی لە ژێر ناوێکی نوێدا بۆ قوت دەکەینەوە.
خەباتکردن دژی ئەم سیستەمە هەر وەکو سیستەمێکی ئابوریی چەوسێنەرەوە بێ خەباتی سەرەکیی دژی ئەو لایەنانەی دیکەی کە ناویانم لەسەرەوە هێناون ، هەرگیز توانای تێشکاندنی تەواوی ئەم سیستەمان نابێت. بۆیە خەباتمان دەبێت هەر خەباتی سیاسی دژ بەم سیستەمە نەبێت ، دەبێت هەمە لایەنانە بێت، بۆ ئەمەش نە لە ڕێگای سیستەمی پەڕلەمانتاری و نە لە ڕێگای کودەتای سەربازی و حیزبییەوە لەناو ناچێت چونکە هەموو ئەوانە دەیانەوێت گۆڕانکارییەکان لە سەرەوەی کۆمەڵەوە دەستپێبکەن کە ئەویش تەنها دەسکاریکردنی ڕووکەشی هەیکەلی سیستەمەکەیە و و هێڵانەوەی تەواوی ناوەرۆک و لایەنەکانی دیکەی سیستمەکەیە کە بەمەش هیچ جۆرە گۆڕنکارییەکی ڕیشەیی لە کۆمەڵدا ڕوونادات.
ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم خەبات هەر بە تەنها خەباتی چینایەتیش نییە بەڵکو خەباتە دژ بە هەیکەلی / پێکهاتەی قوچکەییشە، کە لە سەراپای موئەسەسەکانی دەوڵەت و ناو خودی کۆمەڵدا وجودیان هەیە و هەزاران ساڵە بەردەوامن. دەکرێت تۆ کۆمەڵێكی ناچینایەتی بێنیتە کایەوە بەڵام سروشتی قوچکەیانەی کۆمەڵ بۆ ماوەیەك هەر دەمێنێت ، هەر بۆ نموونە پەیوەندی خێزانیانە، پەیوەندی نێوانی بەساڵاچووان و منداڵان و گەنجان … بۆ رزگاربوون لەو مێنتەڵەتییە هەر وەکو خەباتی دەوێت هەر ئاواش وەختیشی دەوێت.