07/05/2017
پرسیارێك: ئەرێ بەڕاست مارکس خوێندنەوەکەی بۆ چینی کرێکاران هەڵە بوو یاخود کرێکاران گۆڕان ؟
واز لە کتێبەکان بێنەو چاوێك بە واقیعدا بگێڕەرەوە . من بەش بەحاڵی خۆم ئەوە دەبینم کە ڕۆژ بە ڕۆژ بزوتنەوەی کرێکاران لاوازتر دەبێت. سەردەمی مارکس تا ڕادەیەك بەهێز بوو. هەروەها دواتر لە ئەڵمانیا و ڕوسیادا لەنێوانی ساڵانی 1905 بۆ 1917 و 1919 گوڕێکی تری دا بەخۆی ، بەڵام دوای ئەوە بەرەو لاوازی ڕۆیشت و هەر خۆی نەگرتۆتەوە .
مارکس هێز و هیوای خۆی خستبووە سەر چینی کرێکاران کە شۆڕشگێڕن و تەنها ئەوانن کە دەتوانن کۆمەڵ لە ڕێگای حوکمی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریاوە، بەرەو کۆمەڵی سۆشیالیستی بگوێزنەوە. ئەو هەمیشە هیوای خۆی بە گەشەکردن و پێشکەوتنی سەرمایەدارییەوە دەبەستەوە کە گوایە بە حوکمی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، کۆمەڵ دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە و کۆتایی بە بنەماکانی قۆناخی دەرەبەگایەتی دەهێنێت و کرێکاران لە زۆربەی وڵاتانا نەك هەر زۆربە دەبن، بەڵکو چینێکی یەکگرتوی شؤڕشگێڕیش دەبن ، ئا لەم سۆنگەشەوە لای مارکس وا بوو کە دەتوانن دەستەبەری شۆڕشی سۆشیالیستی بکەن .
بەڵام وەك وتم کرێکاران لەبری پێشکەوتنیان، بەرەو دواوە گەڕاونەتەوە نەك هەر تەنانەت نەبوونە هێزێكی شۆڕشگێڕیی دروستکەری کۆمەڵی سۆشیالیستی، بەڵکو نەشیانتوانی ببنە چەپێكیش . ئەوەتا ئەمڕۆ لەم وڵاتانەدا کە ئاواتەکەی مارکس دەمێکە هاتۆتە دی [ سەرمایەداریی بەهێز بووە ، چینی کرێکاران گەورەتر و قەبەتر بوون و تەکنەلۆجیا گەیشتۆتە ئەو پەڕی ] کەچی هەر کرێکارانە کە ترامپ لە ئەمەریکا و مەعکەرۆنی لە فەرەنسا و ترێزە مەی لە بریتانیا دەهێننە سەر حوکم و دەنگێکی زۆریش نەك هەر بەڕاستڕەوەکانی دیکە دەدەن بەڵکو هێزێکی بنچینەیشن بۆ فاشییەکان و حیزبە ڕایسستەکانیش.
بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی سەرەوە تەنها بڕگەیەك لەو دوانەی پرسیارەکەی سەرەوە ڕاستە. کەواتە یا مارکس شیکردنەوەکەی بۆ چینی کرێکاران هەڵە بوو، یاخود چینی کرێکاران گۆڕاون ، کە لەم بارەشدا هەر ئەوە دەگەیەنێت کە ڕەنگە شیکردنەوەکەی مارکس هەڵە بووبێت.
دۆستان و هاوەڵانی فەیسبووك هیوادرم ئەوەی کە بە کۆمێنت بەشداری دەکات خۆی دوور بگرێت لە تانە و تەشەر و سوکایەتیکردن بەوی تر ، چونکە ڕاستیی ڕەنگە لەلای کەسمان نەبێت و دەبێت عەوداڵی بین . ئەمە یەك . دووەم : تکایە لە کۆمێنتەکانتانا خۆتان دوور بگرن لە هێنانەوەی بڕگەی ئەم و ئەو و بە بەڵگەی واقیعیانەوە قسە بکەن. بە واتایەکی دیکە بە مێشك و ڕاو بۆچونی خۆتان قسە بکەن نەك یەکێكی وەکو مارکس باکۆنین .