هۆکاری سەرەکی جەنگ لە ئێستادا
09/02/2024
ڕودانی جەنگەکان بە تایبەت لە لایە زلهێزەکانەوە هۆکارەکانی وەکو چەرخی ڕابوردوو پێشتر نییە کە بە دوای دۆزینەوەی بازاڕ و سەرفکرنی شەپۆلدانەوەی کاڵاکاندا بگەڕێن . لە ئێستادا سەرمایەداری تا ڕادەیەکی زۆر توانیوێتی ئەو گرفتە حەل بکات وەکو حەلکردنی گەلێکی دیکەی گرفتەکانی.
باشترین هۆکارێك کە ئێستا زۆر وەخت جەنگ لە پێناوییدا ڕوودەدات بۆ داپۆشینی قەیرانەکانی خودی دەوڵەتەکانە ، هەناردەکردنی ئەزمەکانێتی ، سەرقاڵکردنی دانیشتوانێتی بە کێشەیەکی زۆر زۆر گەورەترەوە کە ژیانی خۆیان و سەراپای خانەوادەکانیان لە مەترسیدایە .
ئەوە جەنگە کە ئەو قەیرانانە حەل دەکات ، ئەوە جەنگە کە باشترین وەسیلەیە بۆ لەباربردنی بزوتەنەوەی کرێکاران و هەموو چەوساوەکان ، ئەوە جەنگە کە ئاهێك بە بەری سیستەمەکەدا دەهێنێتەوە و بەردەوامی پێدەدات، ئەوە جەنگە کە دوای تەواوبوونی بوژانەوەی جووڵەی ئاوەدانکردنەوە و ژیانەوەی ئابووری دەست پێدەکاتەوە، ئەوە جەنگە کە هەموو شتێکی دیکە تێكدەشکێنێت کە لە خزمەتی خودی سیستەمەکە و مانەوەیدا نەبێت … گەر جەنگ نەمێنێت ڕەنگە زۆر شت بگۆڕێت .
لەم بارەدا بە دەیەها نموونە هەن ، هەر دوور نەڕۆین لە جەنگی فۆکلەنددا کە بریتانیا لە ساڵی 1982 دەستی پێکرد لە سەردەمی مارگرێت تاچەری ئەو کاتەی کە سەرۆك وەزیران بوو . ئەو ، تاچەر و حوکمڕانییەکەی لە قەیراندا دەژیا ، تەنانەت چوار مانگ پێش دەستپێکردنی جەنگەکە ڕێژەی پەسەندی کەسایەتی خۆی هاتە خوار لە سەدا 15 بەڵام کە جەنگ دەستی پێکرد و دوای سەرکەوتنەکەی ئەو ڕێژەیە بەرزبووەوە بۆ لە سەدا 41 لە مانگی نیساندا، لە مانگی ئایاردا زیاتر بەرز بووەبوو بە لە سەدا 56 .
هەر ئاواش کاتێك ئاخوندەکان هاتنە سەر حوکم لە ئێراندا لە هەموو لایەکەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و مانگرتن و تەق و تۆق پەیدا بوو . ئەوانیش زیرەکانە خەلکیان بە هاوکاری سیستەم و سەروەرانی سیستەمەکەوە ئاڵان لە شەڕێکی 8 ساڵەوە و پرزەیان لە هەموو کەسێك نەك هەر لە ئێراندا ، بەڵکو لە عێراقیشدا بڕی.
هەر دوور مەڕۆ شەڕی داعش لە و شوێنانەی کە ڕویدا ، بە تایبەت لە هەردوو کوردستانی ڕؤژئاوا و باشوور . لە باشوور خێر و بەرەکەت بوو کە بەسەر دەسەڵاتدا باری ، توانرا بایاخی سەرەکی و ئەرکی سەرەکی هاووڵاتیان لە داخوازییە سەرەکییەکانەوە بگۆڕێت بۆ لەناوبردنی مەترسی داعش. ئەمەی کە ئێستا لە کوردسستاندا دەیبینین بەرەنجامی ئەوەیە وەک: نەبوونی مووچە ، لاوازی موعارەزە ، بەهێزبوونی دەسەڵات و بوونی پێشکەوتووترین ئامێر و چەك و تەکنەلۆجیا کە بە سەرێکی لە هاووڵاتیانی پێدەدەن .
بێ گومان زۆر زۆر نموونەی دیکەش هەیە بەلام بۆ ئەوەی درێژتری نەکەمەوە لێرەدا دەواستم.