سەرمایەداری و حەقیقەتی
01/04/2026
پیاوی وەکو دۆناڵد ترامپ.مان دەوێت ، ڕووی ڕاستی کاپیتالیزممان بۆ دەردەخات کە بێ بەزەییانە مرۆڤایەتی لەناو دەبات ، ژینگە وێران دەکات ، ئایندە بێ بەها دەکات ، کۆمەڵگە تەفلیش دەکات ، ئەوەی دەکرێت بیکات دەیکات .
سەرمایەداریی باش و خراپی نییە، باڵی راست و چەپی نییە ، میانڕەوی و ناوەڕاستی نییە ، سەرجەمی دەوڵەتەکانیش کە پایە و پایەگای سەرەکی ئەون هەر وایە .
ترامپ بێ هیچ گومانێك و دووڕییەتیەك و بێ بێنەوبەرەیەك و بێ شاردنەوە دەڵێت من نەوتم دەوێت ، دەڵێت ئەمریکا یەکە و یەکەمە ، مەبەستی سەرمایەدارانی ئەمریکایە، دەڵێت گەر دەتەوێت نەوتت و سەرمایە و داراییت هەبێت ، گەر دەتەوێت شکۆمەند بیت و ژیانی مەمرە و مەژی کۆمەڵگەکەت زامن بکەیت تا لێت رانەپڕن ، دەبێت لە شەڕەکەدا بەشداری بکەیت گەر نەیکەیت ئەوە دەبێت باجەکەی بدەیت ، بەرەی سێیەم نییە “یا لەگەڵمانیت یا دژومنمانیت” ئەو ڕاستگۆیە و زۆریش ڕاستەگۆیە بە لۆژکی بزنسمانی خۆی و لۆژکی سەرمایەداری .
ئەو دەڵێت ئەمەتان لێقەبوڵ ناکەم ، ئەم دڕکەتان لە بن پێ دەردەکەم ، پەیمانی ناتۆ-تان حەل دەکەم و هەڵی دەوەشێنمەوە ، ئیتر خۆتان بەرگریی لە خۆیان بکەن کە ناتوانن، چی دی نایەین بە هاناتانەوە. ئەو درزی گەورە دەخاتە نێوانی ئەمریکا و ئەوروپاوە ، جا لەوە باشتر چی هەیە؟
ئێمە دەوڵەتمەدارە چەپەکانمان ناوێت کە وەکو کەری ناو جۆگەر [ ڕێزم بۆ کەر ] لە هەردوو بەر دەلەوەڕێن ، بە درۆ هاوکاری گەلانی بندەست و ئازادی و ئازادی مرۆڤ دەکەن، لەگەڵ ئاشتی و ئاسایش و هاودەنگی و هاوسەنگەری میللەتدان، بەڵام لە واقیعدا پێچەوانەکەی دەکەن ، ئێمەی پێ هەڵدەخەڵەتێنن.
ناکرێت تۆ ڕقت لە ترامپ بێت بەڵام سەرمایەداریت خۆش بوێت ، ڕقت لە سەرمایەداری بێت بەڵام ترامپت خۆش بوێت …. ئەوە دووڕوویەتی و دووفاقەیی و موخەنەکییە . خۆت ساخکەرەوە یا دژ بە سیستەمی کاپیاڵیزمیت لە سەرانسەری جیهاندا و دژ بە هەموو جۆرەکانی دەوڵەتەکەیەیت ، یاخود لەگەڵیدایت … ڕاستگۆیانە دەڵێم ڕێگای سێیەم ، سەفی سێیەم نییە لێرەدا. ئەم دووڕییە بڕ ناکات ، لە کاتێکدا دژ بە ڕژێمی سێ دارەیت و لە لایەکیش تەپڵ و دەفی مانەوەی لیدەدەیت ، دووڕووییە براکەم … موخەنەکییە خوشکەکەم .