ئایا جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت بەسه بۆ ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سێكیولارت بداته‌ده‌ست؟
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
15/12/2013
جێگەی داخه ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ له نێو نووسەران و ڕۆشنبیرانی چه‌پ وکۆمۆنیستی کورد زماندا، ده‌بینین زیاتر قسە لەسەر دوو پرسه، که یه‌که‌میان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و په‌ڕله‌مانتاره‌کانی و گه‌نده‌ڵییه‌کانیان و خۆشه‌ویستیان بۆ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌که‌یان و بڕێکی دیكە له‌م به‌زم و بالۆرانه…تد. پرسی دووهه‌م ، کێشه‌ی ئیسلام به گشتی و ئیسلامی ڕامیاریی به تایبه‌تی و پرسی سێكیولاریزم [عەلمانی] و جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ته.
نووسەران و ڕۆشنبیرانی چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌یان له‌سه‌ر ئه‌م دوو کێشه‌یه وتوه و نووسیوه تامیان تیادا نه‌هێڵاوه‌ته‌وه. من دڵنیام گه‌لێکی دیکه‌ی وه‌کو من ئه‌مه‌نده له‌م باس و خواسانه وه‌ڕس و بێزارن، تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یانیان نه‌ماوه. دیاره هۆکاری بایەخدان به‌م دوو پرسه‌ش لای ئەوان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆیه‌ك، به‌ڵام هه‌ره گرنگه‌که‌یان له پرسی حکومه‌تی هه‌رێم و ئه‌توار و ڕه‌فتاره‌کانیدا، کێبڕکێی سۆزداری و خۆشه‌ویستی بۆ ” نه‌ته‌وه و نیشتمان” و هه‌ڵپه‌ی ده‌سه‌ڵات و موزایه‌ده‌ی ڕامیاریی و دروستکردنی سەرمایەی ڕامیارییه بۆ خۆیان و بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌شی که ئینتیمایان بۆیان هه‌یه. هه‌رچیش هه‌ڵوێست و نووسینیانه سه‌باره‌ت به پرسی دووه‌م، شتێک نیییه جگه له ئیسلامۆفیا، واته ترس و خۆفێکی زۆر له ئیسلام ، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که ئیسلام به گشتی و ئیسلامی ڕامیاریی به‌تایبه‌تی جێگەی ئه‌م سیسته‌مه‌ی هه‌نووکه‌ی، لای ئه‌م نووسەرانه گرتۆته‌وه ، به ئه‌ندازه‌یه‌ك که هه‌موو شه‌ڕی ئه‌وان و قسه‌و باسی ئه‌وان هه‌ر له‌و دوو بواره‌دایه.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وان سه‌ربه‌ستن له‌وه‌ی که هه‌ڵیانبژاردوه و کردوویانه به کار و ئامانجی سه‌ره‌کی خۆیان، ئه‌وه‌نده‌ی به‌لایانه‌وه ئاسایی بێت، به چه‌پی کوردایه‌تی و ئۆپۆزسیۆنی ئیسلام/ئیسلامی ڕامیاریی، ناویان بهێنین و بییانناسێنین. له هه‌مه‌مان کاتیش‌دا ئه‌م نووسینه‌ی منیش بۆ ئامۆژگارییکردنیان و داخوازی نییه لێیان، که چی بڵێن و چی بکه‌ن، به‌ڵکو من ده‌مه‌وێت ئه‌و ڕاستییه به‌رچاوبخه‌م، که جیابوونه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت، نه ده‌لاله‌ت له سێكیولاریزمی ده‌وڵه‌ت ده‌کات و نه سێكیولاریزمی کۆمه‌ڵگه‌ش، به وشه‌یه‌کی دیكە ده‌توانین ئه‌وه‌ش ئه‌نجامبده‌ین و هه‌ر به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی یا ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینیش بمێنینه‌وه، هه‌ر وه‌کو چۆن تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌مڕۆ له بریتانیا و ئه‌مه‌ریکادا، ده‌یبینین.
گه‌ر تۆزێک قوڵتر بڕوانینه ئه‌م پرسیه ده‌بینین، که ئایین له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا په‌یوه‌ندییه‌کی دێرینه و قوڵ و ڕیشه‌داری له نێو ته‌واوی سه‌رجه‌می شانه و ده‌زگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ده‌وڵه‌تدا هه‌یه. ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ئایین به‌ته‌واوی به‌نێو یه‌که‌کانی خێزان و خوێندن و ڕۆشنبیری و ته‌وای شوێنه‌کانی سه‌ر کار و کەڵچەری کوردی و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا شۆڕبووه‌ته‌وه ، هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ گه‌ر ئایینیش له ده‌وڵه‌ت جیابکه‌ینه‌وه واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێێت، که ئه‌و پایه گرنگانه‌ی که ئایینی له‌سه‌ر ڕاگیراو‌ن، تێشکێنراون و ته‌واو، واتای ئه‌وه نییه که ئایینمان له کۆمه‌ڵگه ڕیشه‌کێشکرده‌وه. چونکه ئایین وه‌کو پێداویستیییه‌کی گرنگ له‌نێو خێزان و یه‌که‌کانی دیكەی نێو کۆمه‌ڵگه‌دا، خۆی چه‌سپاندوه و گه‌ر له بره‌ویشدا نه‌بێت، ئه‌وا له بنه‌بڕبوونیشدا نییه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی گه‌ر ده‌وڵه‌تیش له‌ژێر فشاری مونازه‌ره و دیمانه و مه‌زبه‌ته و ناڕه‌زایی دیکه‌ی خه‌ڵکدا، بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ستووری ئایینیی ده‌وڵه‌ت، بدات، هێشتا ئه‌و بارودۆخه‌ی که ئایینی هێناوه‌ته ئاراوه، ئه‌و ده‌ستمایه‌یه‌ی که ئایینی له‌سه‌ر، یاخوود پێدروستبووه ، ئه‌و پاشخان و بارە مادی و بابەتییه‌ی که ئایینی کردووەته ئەڵتەرناتیڤ و پاش ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌ش هێشتا له‌لایه‌ن زۆرێکی خه‌ڵکه‌وه هه‌ر ئەڵتەرناتیڤە، هه‌ر ده‌مێنێت و له نێو نابرێت، بۆیه هه‌موو هه‌وڵێکی ئاوا که له سه‌ره‌وه بدرێت و بەبێ شۆڕبوونه‌وه بۆ خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه و بەبێ کارکردن له‌سه‌ر دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مرۆدۆست، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ سه‌روه‌ر له هه‌موو بوار و شێوه‌کانیدا، ئەستەمه به‌رئه‌نجامێکی ئاوای ھەبێت، که جێگه‌ی دڵخۆشی و ھیوابەخش بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی که به به‌ڵگه‌وه ئه‌وه‌ی که له سه‌ره‌وه وتوومه، بیسه‌لمێنم، حه‌زده‌که‌م په‌نا بۆ هه‌ندێك ئامار و نیشاندانی هه‌ندێك ڕاستی به‌رم ، که له ده‌وڵه‌تێکی سێكیولار و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سێكیولاری وه‌کو بریتانیادا ده‌یانبینین، که خوێنه‌ری کورد نه‌ك لێی به‌ئاگا نییه، به‌ڵکو ده‌توانم بڵێم هه‌ره زۆرینه‌که‌ی کوردیش، که ساڵه‌هایه‌کی دوور و درێژه له‌م وڵاته‌دا ده‌ژین، لێیان بێخه‌به‌رن.
له سه‌ره‌تادا ده‌بێت ئه‌وه بڵێم ، یه‌کێک له‌و پایه‌یانه‌ی که ده‌سه‌ڵات، ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی و سه‌روه‌ریی چیانیه‌تی وه‌کو نان و ئاو پێویستن بۆی، ئایین و خورافاتی ئایینیین، که ڕۆڵێکی زۆر گه‌روه بۆ پارێزگاریکردن و به‌رده‌وامبوونی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بینن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش لای من و گه‌لێکی وه‌کو من شیاوی شۆك نییه، که ده‌بینین له‌م وڵاته‌دا هێشتا پارێزگاری له ئایین و بنه‌ما و بنه‌ڕه‌ته‌کانی ده‌کرێت.
گه‌رچی له بریتانیادا ئایین له ده‌وڵه‌ت جیاکراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ڕۆژانه ڕه‌فتاری ئایینی، قسه‌ی ئایینی، ڕاوێژکاری ئایینیانه، گوزارشی ئایینییانه، به‌رنامه‌ی ئایینیانه، هه‌وڵ و کۆششی ده‌وڵه‌ت به ڕاسته‌وخۆ و ناڕه‌سته‌وخۆ له چه‌سپاندنی ئایین وه‌کو پایه‌گایه‌کی پێویسستی کۆمه‌ڵگه‌ی بریتانی، یا ڕاستتر پێویستیپێبوونی ده‌سه‌ڵات، هه‌ر له شانه‌ی یه‌که‌می کۆمه‌ڵگه‌وه که خێزانه هه‌تا سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بەرایەتی کۆمه‌ڵگه که ده‌وڵه‌ته، به ئاشکرا ده‌بینرێت. هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش به ته‌نها کارئاسانی بۆ ئایینی مه‌سیحییه‌ت ناکرێت، به‌ڵکو ئایینی ئیسلام و جووله‌کەش، له‌م ڕامیاریی و هه‌وڵ و کۆمه‌که‌ی ده‌وڵه‌تدا، به‌شی شێریان به‌رده‌که‌وێت، هه‌ر هه‌مووشی له‌ژێر ناوی ناسین و بره‌وپێدانی ڕامیاریی ” فره که‌ڵچه‌ری ” و ئاشناکردنی یه‌کدی له ئایین و کەڵچەری یه‌کدی، له‌ژێر ناوی دیمۆکراسی و ڕێزلێگرتنی كەڵچەر و ئایینی ئیتنه‌کییه‌کانی دیکه، تا ڕا‌ده‌ی ڕێزلێگرتن له خه‌ته‌نه‌کردنی کچانیش، ده‌وڵه‌ت به ملیار پاوه‌ند به‌سه‌ریاندا ده‌ڕێژێت، هه‌تا به‌سه‌ر سێنته‌ری کۆمۆنێتییه‌کانیشیاندا، که له کاتێکدا مامۆستایان، کرێکارانی به‌شی ئاگر کوژێنه‌ره‌وه، ته‌واوی هاتووچۆ، کرێکارانی پاکردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌کان و زبڵفڕێده‌ره‌کان و فەرمانگە‌ی پۆست و …. هتد که چه‌نده‌ها ڕۆژ بۆ زیادکردنی موچه‌که‌یان به بڕی ته‌نها پاوه‌ندێك یا هه‌ر هێچ نه‌بێت وه‌کو ساڵانی پارو پێرار موچه‌کانیان بمێنێته‌وه و دانه‌به‌زێنرێت، له کار مانده‌گرن و خۆپیشاندانده‌که‌ن، که‌چی داخوازییه‌کانیان جێبه‌جێناکرێن و مافه‌کانیان پێشێلده‌کرێن.
هه‌ر به هۆی هه‌وڵه یه‌ك به‌دوایه‌که‌کانی ده‌وڵه‌ت چ پارتی کرێکاران جڵه‌وی بگرێته‌ده‌ست یاخود پارتی پارێزگاران و لیبراڵ، که له‌و باره‌وه ده‌درێت، لەلاتان سه‌یر نه‌بێت ئەگه‌ر بڵێم، به‌پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌ی گاردیانی ٧/١١/٢٠١٢ هێشتا له‌م وڵاته سێكیولاره‌دا ته‌نها له ١٥% خه‌ڵکی له ساڵی ٢٠٠١دا ئایینیان، نه‌بووه و ئه‌م ڕێژه‌یه له ساڵی ٢٠١١ دا پاش دە ١٠ ساڵ چووه‌ته له ٢٥% ، واته له ٧٥%ی خه‌ڵکی باوه‌ڕدارن. ته‌نها له ١١% خه‌ڵکه کاسۆلیکه‌که‌ی باوه‌ڕێیان به ده‌رهێنان و لەباربردنی منداڵ هه‌یه، ئه‌ویش له باری مه‌ترسی مردنی دایکه‌که‌دا. ٢٦ که‌س له قه‌شه ناوداره‌کانی کڵیساکانی ئینگله‌ندا له پارلەماندا House of Common ئه‌ندامن، واته ئه‌مان له به‌جێگه‌یاندن و به‌ڕێکردنی یاساکاندا یا بۆ سه‌پۆرتکردنی یا نه‌کردنی هه‌ر یاسایه‌ك که ده‌یخوازن به‌شداریده‌که‌ن. له بواری په‌ره‌وه‌رده و ڕؤشنبیریدا نزیکه‌ی سێیه‌کی قوتابخانه ده‌وڵه‌تییه‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره ئایینییه‌کانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن. با له‌وه‌ش بگه‌ڕێین، که ڕۆژانه چه‌ند خوله‌کێك له‌لایه‌ن (BBC) وه، بۆ ستایشی ئایینی و باس و خواسی ئایینی ، ته‌رخانده‌کرێت.
شالیاری په‌روه‌ده و ڕۆشنبیری بریتانی، مایکڵ گۆڤ، و ڕاوێژکاره‌کانی و هه‌ندێک له شالیارەکانی ناو پارته‌که‌ی (پارێزگاران) به به‌رده‌وامی و به ئاشکرا له هه‌وڵی بره‌ودان و چه‌سپاندنی ئاییندان له قوتابخانه‌کاندا. ئه‌م هه‌وڵه‌شیان له چه‌ند بوارێک‌دا خستۆته گه‌ڕ بۆ شۆردنه‌وه‌ی مێشکی منداڵان، که یه‌که‌م هه‌وڵیان له‌م یه‌ک دوو ساڵانه‌ی پێشوودا ویستی هه‌موو قوتابخانه‌یه‌ك کۆپییه بنەڕەتییەکه‌ی (ئینجیل)ی بۆ ڕه‌وانه‌بکرێت، به پاساوی ” تاکو هه‌وڵبدرێت هه‌موو قوتابییه‌ك به قوڵی له ھەژموونی ئینجیلە‌که‌ی پاشا (جه‌یمس تێبگات)” که خەرجی ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر باجده‌ری ئه‌م وڵاته ده‌گەییشتە (٣٧٠) هه‌زار پاوه‌ندی بریتانی. به‌ڵام له‌به‌ر زۆری خەرجە‌که‌ی و ناڕه‌زایی خه‌ڵکی و ڕێکخراوە سێكیولاره‌کان، پلانه‌که‌ی جێبه‌جێنه‌بوو. هه‌وڵی دووهه‌می ئه‌م شالیارە و حکومه‌ته‌که‌ی یا خود ئه‌و بواره‌ی که کاری تیاداده‌که‌ن، ده‌رهێنانی قوتابخانه‌کانه له چنگی (کۆنترۆڵی) دەسه‌ڵاتی شاره‌وانییه‌کان و کردنیان به فێرگە‌ی تایبه‌تیی و ئه‌کادێمی و فێرگە‌ی ئازاد Academic Schools, Free Schools،Private تاکو بکه‌ونه ده‌ستی دوڵه‌مه‌ند و بازرگان و کۆمپانییه‌کانه‌وه یا ئایینییه‌کان و به‌ناوی فێرگە‌ی ئایینی Faith Schools که ئه‌م ڕامیارییه به‌رده‌وامدانی ڕامیاریی حکومه‌تی پێشووی پارتی کرێکارانه، به‌ڵام له شێوه‌یه‌کی چڕ‌وپڕ و خێراتریش، که سه‌رجه‌می ئه‌م جۆره فێرگانه که” ئازاد” کراون گەییشتووە‌ته (٢٠) هه‌زار. له ئێستادا زیاتر له (٣٠٠) فێرگە به ته‌واوی له کۆنترۆڵی شاره‌وانییه‌کان ” ئازاد” کراون . ئه‌مه‌ش واتە هه‌ر یه‌ک له‌م فێرگانه سه‌ربه‌ستن له‌وه‌ی که کێ بۆ وانه وتنه‌وه ده‌هێنن، چ پڕۆگرامێکی خوێندنیان هه‌یه، خواردنی فێرگە چۆن ده‌بێت .. گه‌لێک له‌م شتانه . ئه‌مه‌ش له کاتێکدا ئاماره‌کان نیشانیانداوه که له ٤٧% فێرگە ” ئازاده‌کان” بڕوانامەی وانه‌وتنه‌وه‌یان نییه، هه‌روه‌ها ته‌نها له ٢٧%ی خه‌ڵکیش باوه‌ڕی وایه، که ئه‌مه ڕێگایه‌که بۆ پێشه‌وه‌چوونی فێریاران. دیسانه‌وه‌ش به پێی ٢ توێیژینه‌وه‌ش که له‌م دوایانه‌دا کراون، پێمانده‌ڵێن که فێریارانی فێرگە ده‌وڵه‌تییەکانی ئاستی ڕۆشبیریی و خوێندنیان له فێرگە تایبه‌تییه‌کان زۆر باشترە. له‌مه‌ش زیاتر،ئێستا ده‌رکه‌وتووه که تێکڕای فێرگه ئازاده‌کان پتر له 6.6 ملیۆن زیاتریان پێویسته له‌وه‌ی که له سه‌ره‌تادا پێشبینیده‌کرا، به‌م شێوه‌یه هه‌تا کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو، 2014، تێجوونی سه‌رجه‌می ئه‌م جۆره فێرگانه ده‌کاته 1 ملیار پاوه‌ند. به پێی تازه‌ترین ڕاپۆرتیش فێرگه ئازاده‌کانی که له مانگی سێبته‌مبه‌ری ئه‌مساڵه‌وه کراونه‌ته‌وه تا هه‌نوکه به رێژه‌ی له %60 فێریارییان هه‌یه ، واته له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه داخوازییان له‌سه‌ر نییه.
به‌پێی وتارێکی گاردیانی ڕۆژی ٢٦/٩/٢٠١٣ له ٣٥% فێرگە “ئازاده‌کان” فێرگە‌ی ئایینیی Faith School ن . ئه‌م فێرگە ئایینینیانه‌ش گه‌ر کۆمپیته‌ر و وتنه‌وه‌ی هه‌ندێك وانه‌ی زانستیانه و جل و به‌رگی خوێندکاران و مامۆستاکانی لێده‌رکه‌یت، حوجره‌کانی جارانن، هه‌ر بۆیه‌ش ناو به‌ناو ڕووی ڕاستیان ده‌رده‌که‌وێت. بۆ نموونه له مانگی ئۆكتۆبەری ئه‌م ساڵدا، ڕۆژنامه‌ی گاردیان ته‌واوی ڕاپۆرتی سه‌رپه‌رشتیار و چاود‌ێری فه‌رمی په‌روه‌رده‌ی خسته ڕوو، که یه‌کێك له فێرگە‌کانیان به ناوی “فێرگە‌ی مه‌دیینه” که له شاری داربی ئه‌م وڵاته‌یه و ٤١٢ فێریاری له ته‌مه‌ن ٤ ساڵه‌وه تاکو ١٦ ساڵ، هه‌یه . ڕاپۆرته‌که ده‌ڵێت که کوڕان و کچان به جیا‌و له شوێنی جیادا خوانی نیوه‌ڕۆیان ده‌خۆن، کوڕ له‌تەك کوڕ داده‌نیشێت و کچ له‌گه‌ڵ کچ، مامۆستای بێئه‌زموون وانه ده‌ڵێته‌وه، هه‌موو فێریارانی پۆل هه‌ر هه‌مان ئه‌رکیان ده‌درێتێ، گه‌رچی ئاستی توانا و لێهاتوویی هه‌ر یه‌که‌یان جیایه، مامۆستا ئافره‌ته‌کان ده‌بێت سه‌ریان داپۆشن، فێریارە تەمەن گه‌وره‌كان له هه‌ر دوو ڕەگەزەكە له دوو ڕیزی جیاجیادا دانیشتوون، مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌مووان دروستبووه، که له ده‌ره‌وه‌ی کۆنترۆڵن، ئازادن، ستافه‌کان ئه‌زموونیان نییه و خاوه‌نی بڕوانامە نین، ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری فێرگە‌که‌ش ، ته‌نها ئه‌زمونی فێرگە‌ی ئاماده‌یی هه‌یه . ئه‌مه به‌شێکی ڕاپۆرته‌که بوو .
ئه‌مه له کاتێکدا که ئه‌م فێرگە‌یه بۆ هه‌ر منداڵێک بڕی (٣٥٠٠) پاوه‌ندی پێدراوه، سه‌رباری ئه‌مه‌ش (٧٠٠) پاوه‌ندی دیكەیش بۆ هه‌ر فێریارێک، که له خێزانێكی ھەژارەوە هاتبێت و بارێکی ناهه‌مواری هه‌بێت، که‌چی ئه‌وه‌ش خوێندنه‌که‌یه له‌و فێرگە‌یه‌دا.
ئێستاش له زۆربه‌ی فێرگە‌کاندا به‌یانیان بۆ چه‌ند خولەكێك له ڕیزدا ڕێنوێنی و ستایشی ئایینی هه‌یه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که وانه‌ی ئایین له زۆربه‌ی فێرگە‌کاندا وانه‌یه‌کی سه‌ره‌کییه. هه‌روه‌ها له هه‌ندێك له شاره‌وانییه‌کاندا له کۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی شاره‌وانیییه‌کاندا، پێش کۆبوونه‌وه‌که نوێژده‌کرێت و ستایشێکی ئایینی ده‌وترێت، به‌ڵام هه‌رچی جووله‌که و موسڵمانه‌کان هه‌یه، ده‌توانن ئه‌و چه‌ند خولەكه بچنه ده‌ره‌وه و هه‌تا ئه‌مه ته‌واوده‌بێت و ده‌ست به کۆبونه‌وه‌که ده‌کرێت.
وه‌کو پێشتر وتم، هه‌موو ئه‌مانه له ژێر ناوی فره‌که‌ڵچه‌ری و ئیتنکه‌تیدا ده‌کرێن، گوایه ده‌ڵێن هه‌موو منداڵان یه‌کسانن، ئه‌ی ئه‌گه‌ر یه‌کسانن بۆ به ئایین جیایانده‌که‌ینه‌وه؟!! له کاتێکدا ئه‌و ڕاستییانه ده‌زانین، که یه‌که‌م، منداڵ ئایینی نییه و نابێت بیبێت، دووهه‌میش په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌و و به‌هێز له نێوانی سه‌رجه‌می ئایینه‌کان و توندووتیژیدا، هه‌یه.
نمونه‌یه‌کی دیكەی فێرگە‌ی ” ئازاد” ئه‌ویش که هه‌ر له مانگی ئۆكتۆبەری ئه‌م ساڵدا ده‌رکه‌وت The Kings Science Academy که فێرگە‌یه‌کی تایبه‌تییه و لێره‌دا چۆن گه‌نده‌ڵی کراوه و به‌بڕی ٧٩٩٣٣ پاوه‌ند بۆ مه‌به‌ستی جیاجیا، که په‌یوه‌ندی به‌و پرۆژانه‌وە نییه، که پاره‌که‌یان بۆ دانراوه، خەرجکراوه. ئه‌م فێرگە‌یه فێرگە‌یه‌کی ئاماده‌ییه له ساڵی ٢٠١١ وه کراوه‌ته‌وه و ژماره‌ی فێریارانی (٨٠٠) فێریار و ته‌مه‌نیان له نێوانی ١١ و ١٦ ساڵیدایە.
حه‌زده‌که‌م سه‌رنجی خوێنه‌ری کورد بۆ ئه‌وه ڕاکێشم که له “پرنسپه‌کانی کۆمیسۆنی مافی مرۆڤ و یه‌کسانێتی” که بووه‌ته ده‌لیلێکیش (سه‌رخه‌ت) بۆ زانکۆکانی بریتانی، واهاتووه ” یاسای یه‌کسانێتی ڕێگای جیاکردنه‌وه‌ی جێنده‌کان له شوێن و بیناکاندا ده‌دات ئیدی دائیمی بێت یا بۆ کاتی (مۆقه‌ت) که به‌کار دهێنرێت بۆ مه‌به‌ستی ڕێکخستن و کۆبوونه‌وه‌ی دینییانه ، له هه‌رکاتێکدا که دۆکته‌رینی ئه‌و ئایینانه بیخوازێت” ئه‌مه‌ش مه‌زهه‌بی و دیینیییه‌کان به تایبه‌ت ئیسلامه‌کان به لایه‌نی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ده‌یشکێننه‌وه که گوایه له کاتی وانه وتنه‌وه‌ی زانکۆکانا یا له بۆنه تایبه‌تییه‌کاندا که له هۆڵه‌کانی زانکۆ‌دا ده‌گیڕرێت، وانه‌بێژ ده‌توانێت داوای جیابوونه‌وه‌ی کچان و کوڕان، ژنان و پیاوان ، بکات . ئه‌م دیارده‌یه ماوه‌یه‌که له خوێندنی باڵا و زانکۆکانی بریتانییدا به‌رده‌وامه، له هه‌نووکه‌شدا ئه‌مه لێدوان و گفتووگۆیه‌کی گه‌رمی له میدیادا به هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه، دروستکردوه ، که زۆر نزیکه ده‌سه‌ڵات و سیاسییه‌کان چۆک بۆ ئیسلامه‌کان دابده‌ن به‌هۆی پێویستی بوون به ده‌نگیان و پاره‌ی خوێندکارانی وڵاتانی دیکه‌وه‌و هه‌روه‌ها به هۆی گوایه هه‌بوونی دیمۆکراسێت و سه‌ربه‌ستی قسه‌کردن و یه‌کسانێتی و ڕێزگرتن له به‌های دین و که‌ڵچه‌ره‌کانی دیکه‌و ئه‌م توڕه‌هاتانه. پرسیاری لۆجکیان لێره‌دا ئه‌مه‌یه: له کاتێکدا هه‌ڵاواردن و جووداخوازی له نێوانی ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌زی جیا‌و دینی جیا‌و ئیتنیکه‌تی جیا‌و ڕێگه گرتن یا سوکایه‌تیکردن به‌وانه‌ی که مه‌یلی هاوڕه‌گه‌زه‌کانی خۆیانیان هه‌یه نایاسیی و قه‌ده‌غه‌یه؟ ئه‌ی بۆچی جووداخوازی نێوان جێنده‌کان ( کچان و کوڕان/ ژنان و پیاوان) له زانکۆکان‌دا نایاسایی نه‌بێت؟!!!!
بواری سێهه‌م، که شالیاری په‌روه‌رده و ڕۆشبیری لەتەك شالیاری به‌رگرییدا، کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن، ٤ پرۆژه‌ن، که ڕاهێنه‌ری هێزی سەربازیی بۆ فێرگە‌کان ده‌هێنن، تاکو سه‌باره‌ت به گرنگێتی سه‌ربازی و به‌رگریکردن له نیشتمان و ئه‌م جۆره شته بێ واتایانه، قسه بۆ فێریاران بکه‌ن. بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش ١،٩ ملۆێن پاوه‌ندیان ته‌رخانکردوه، هه‌ر که‌سێك له کۆنه قه‌ڵتاخشڕه‌کانی هێزی سه‌ربازی (٩٠٠٠) پاوه‌ندی پێده‌درێت، ئەگه‌ر بییه‌وێت له فێرگە‌کاندا ئه‌م کاره بکات . هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ی که ئه‌م پرۆژه‌یه له ئارادایه ساڵانه هێزی سەربازی په‌یوه‌ندی به (١٠٠٠) فێرگە‌وه ده‌کات، له‌مه‌شدا (٩٠٠) هه‌زار منداڵی ته‌مه‌ن نێوان ٨ بۆ ١٨ ساڵ ده‌بینن و قسه‌یان له‌تەكدا ده‌که‌ن، به‌م شێوه‌یه سەربازییکردنی فێرگە‌کان لێره به‌رده‌وامه.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه به‌شێکی زۆر که‌می ئه‌و بوار و پرۆژانه‌یه، که کاریان له‌سه‌ر ده‌کرێن هه‌م له بواری ئایینی و بزنس و هه‌م له بواری میلیته‌ریدا، که هه‌رسێکیان به‌ڕۆڵی خۆیان بۆ کۆمه‌ڵگه مه‌ترسیدارن . ئه‌مه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، که جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت له سه‌ره‌وه، هه‌تا به فه‌رمیش، شتێك ناگۆڕێت. که‌واته گه‌ر گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تیمان ده‌وێت، هه‌ر وه‌کو له بواری ڕامیاریی و ئابوورییدا، ده‌بێت له بنه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین، بۆ هه‌ڵته‌کاندنی ئایین و فه‌رمییبوونیشی به هه‌مان شێوه ده‌بێت له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیی و كەڵچەری و فه‌رهه‌نگی و به‌شه‌کانی دیكەی کۆمه‌ڵگه‌وه بکرێت، به‌ڵام له بنی کۆمه‌ڵگه‌وه له تاکی نێو کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌ستی پێبکرێت.