ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ش له ئاسمانی سیسته‌می په‌روەر‌ده و پێگه‌یاندنی منداڵانمانا، به‌داخه‌وه که گوێی لێ نەگیراوە!
زاهیر باهیر – لەندەن
26/10/2016 *
«فوئاد قه‌ره‌داخی» مامۆستا و په‌روه‌ردکار، ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و سوشیالیست ، نه‌ك هه‌ر جێ په‌نجه‌ی به ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و سیاسه‌ت وساڵانێکی دوورودرێژی مامۆستایه‌تی و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵان و کارکردن له سێنته‌ری ڕاهێنان و خه‌مخۆری مامۆستایان و یه‌کێتی مامۆستایان و نقابه‌ی مامۆستایان و خستنه‌به‌رده‌می چه‌نده‌ها پێشنیار له ئامۆژگاری کردنی وه‌زیران و به‌ڕیوه‌به‌ره باڵاکانی بواری پێگه‌یاندن و ڕۆشبیريی و گه‌لێك له‌مانه زیاتر، دیارە. به‌ڵێ نه‌ك هه‌ر جێ په‌نجه‌ی له‌و بورانه‌دا دیاره به‌ڵکو کارێکی یه‌کجار جيددیشی له باره‌ی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی منداڵانه‌وه کردوه.
فوئاد قه‌ره‌داخی هه‌ر له ساڵی 1972 ـوه بیری له گۆڕینی سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده کردۆته‌وه، هه‌ر بۆیه له‌و کاته‌وه ئه‌وه‌نده بارودۆخی سیاسی و که‌سی و خێزانی خۆی ڕێگای پێدابێت ده‌ستی کردوه به نووسینی وتار له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانی ده‌وڵه‌ت و گۆڤاره په‌روه‌رده‌ییه‌کانی یه‌کێتی مامۆستایان‌دا. خولیای بردنه‌سه‌ر و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه پیرۆزه له گۆڕینی سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده و بایەخ و گرنگیدان به منداڵان و ده‌روونناسییان و پێداویستییه‌کانیان و په‌روه‌رده‌کردنیان له ڕێگایه‌کی ڕاسته‌وه، گه‌لێکی دیکه له‌مانه بووه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نه‌ك به ده‌یه‌ها وتاری گرنگ و به‌پێزی نوسیوه، به‌ڵکو چه‌ند کتێبێکیشی نووسیوه.
له سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌مدا بۆ کوردستان که کۆتایی مانگی نیسانی ئه‌مساڵ بوو، [نیسانی 2016 ] وه‌کو هه‌مو جارێكى ديکە، سەردانى هاوڕێی دێرین و که‌سی نزیکم، کاك فوائاد قه‌ره‌داخی ـم کرد. دوای ده‌مه‌ته‌قێ و قسه‌کردنێکی زۆر له کۆتاییدا دوو په‌رتوکی خۆی که لەژێر ناوی : بابەتەکانی پەروەردەی نوێ و بەرەو گوتارێکی پەروەردەیی نوێ، بوون سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی منداڵ و لێکۆڵینه‌وه له سیسته‌می خۆێندنی هه‌نووکه‌یی ،بوون، پێشکه‌ش کردم .
به‌ڵام تا مانگی پێشوو (مانگی ئه‌یلول) بواری خوێندوه‌یانم نه‌بوو. من پێشتر هه‌ندێك له وتاره‌کانی کاك فوئادم، که له فه‌یسبووکدا بڵاوی کردوونه‌ته‌وه، بینیبوو. به‌ڵام هه‌رگیز سه‌رنجی به قه‌ده‌ر ئه‌م وتارانه‌ی که له‌م دوو په‌رتووکه‌دا هه‌یه، ڕانه‌کێشاوم.
من لێره‌دا نه له‌و ئاسته‌دام که سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده و ڕۆشنبیری له کوردستانا هه‌ڵسه‌نگێنم، نه له ئاستی هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسینه‌کانی کاك فوئادیش-دام. به‌ڵام نایشارمه‌وه، که ئه‌و دوو په‌رتووکه‌م ته‌واو کرد وه‌کو خه‌یاڵ و خه‌و بوبێت، لام ئاوابوو، پێشتر هه‌رگیز نه‌ده‌گه‌یشتمه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که باوه‌ڕ به‌وه بهێنم، که که‌سێك ئه‌وه‌نده کارامه و مێشك کراوه له کۆمه‌ڵێکی داخراوی وه‌کو کوردستاندا هه‌بێت، که ئه‌وه‌نده‌شی من بزانم کاك فوئاد نه‌چووه‌ته هیج وڵاتێکی دیکه و ئه‌وروپی بۆ وردبووه‌نه‌وه و لێکۆڵینه‌وه و لاساییکردنه‌وه‌ی سیسته‌مێکی ئاوا له کوردستاندا. به‌ڕاستی ده‌بێت مایه‌ی خۆشحاڵی و ده‌ستخۆشی و پێ‌زانین بێت که ئێمه که‌سێکی وه‌کو فوئاد قه‌ره‌داخی-مان هه‌یه و نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده شاره‌زایه له‌و بوراه‌دا، به‌ڵکو زۆر به جيددیش هه‌وڵی بۆ داوه ، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌گوێی بۆ ڕاگیراوه و نه قه‌دریشی زانراوه و نه ئه‌و هه‌موو زانیاری و پێشنیار و هه‌وڵه‌شی ڕێزی لێگیراوه و کاری پێکراوه.
مه‌خابن گه‌لۆ، ئێمه ده‌مانتوانی به لانی که‌م 3 ده‌یه سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده و ڕۆشنبیریمان، ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستان و فرمانڕه‌وایان ، گوێیان له‌و بگرتایه ببردایه‌ته پێشه‌وه. به‌ڵام دیسانه‌وه ده‌ڵێم به‌داخه‌وه، نه‌ك هه‌ر خۆی وه‌کو که‌سێکی ناسراو و خاوه‌ن ئه‌زموون فه‌رامۆشکراوه ، به‌ڵكو بایەخیش نه‌درا به ئامۆژگاری و لێکۆڵینه‌وه و هه‌وڵه‌کانیشی.
پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه، به‌م کاره کێ زه‌ره‌ر ده‌کات؟ بێ گومان نه‌خۆیی و نه منداڵه‌کانی، به‌ڵکو نه‌وه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، که ئێستاش هه‌ر ده‌بێت له سێبه‌ری په‌روه‌رده‌ی به‌عس-دا پێبگه‌ن ، که گه‌وه‌ره‌ش ده‌بن کۆپیییه‌کی کۆنه‌کان ده‌رده‌چنه‌وه.
هه‌ر که‌س به ته‌نها هه‌ر ئه‌و دوو کتێبه بخوێنێته‌وه بۆی ده‌رده‌که‌وێت ، گه‌ر ئه‌و کابرایه له ئه‌وروپادا بوایه ( هه‌ڵبه‌ته ئه‌و کاته ئه‌و بۆ منداڵی ئه‌وێی ده‌نووسی ، چونکه ده‌یزانی که ده‌بێت چی بنووسێت) به‌رهه‌مه‌کانی له باره‌ی په‌روه‌رده و فێرکاریدا بۆ چه‌نده‌ها زمان وه‌رده‌گێررا. به‌ڵام ئینگلیز وته‌نی ” پیاوێك به هه‌ڵه له شوێنێکی هه‌ڵه له وه‌خت و سه‌رده‌مێکی هه‌ڵه” . ئەوە فوئاد قەرەداخی-یە.
له بریتانیا زۆر له‌سه‌ر په‌روه‌رده و فێرکردن ده‌نووسرێت، به‌ڵام زیاتر بواری په‌روه‌رده‌یی منداڵه‌کان و ده‌روونناسیانه، بزنس و ئاماده‌کردنیانه بۆ بزنس، ڕێزگرتن له کولتوری سه‌قه‌تی ئێمه‌مانانه، یادکردنه‌وه‌ی پوچگه‌رایی و بۆنه‌ی توره‌هات و گوێگرتن له به‌هاو سه‌رکه‌وتنی جه‌نگ و کوشتارگه‌لێك که به ملیۆن خه‌ڵکی تیادا بووه به قوربانی، نه‌ك ئاماده‌کردنیان و تێگه‌یاندنیان بۆ داخوازییه زه‌روورییه‌کانی کۆمه‌ڵ و تاکه‌کانی.
په‌رتوکێک، که من بزانم له سه‌ر په‌روه‌رده نوسرابێت و بۆ چه‌ند زمانی ئه‌وروپی و غه‌یری ئه‌وروپی وه‌رگێڕرابێت، کتێبه‌که‌ی پاولۆ فرێرییه که له‌م دوایه‌شدا کاک جیهاد حه‌مه‌که‌ریم کردی به کوردی وکاك فوئادیش پێشه‌کییه‌کی تێر و ته‌سه‌لی بۆ نووسیوه. من وه‌رگێڕانه‌که‌ی هاوڕێ جیهاد و ئینگلیزییه‌که‌شیم خوێندوه، بڕوا بکه‌ن ئه‌و کتێبه به ده‌یه‌کێکی وتار و نوسینه‌کانی کاك فوئاد سوودبه‌خش و گرنگ نییه. من لێره‌دا نامه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و کتێبه بدوێم چونکه من به نامه‌یه‌کم بۆ هاوڕێی دێرینم، جیهاد ، که کۆپییه‌کیم بۆ کاك فوئادیش نارد، ڕای خۆمم له‌سه‌ر کتێبه‌که، ده‌ربڕیوه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم خۆزگه کاك جیهاد و ئه‌وانه‌ی دیکه‌مان که به ته‌نگ په‌روه‌رده و فێرکردنه‌وه دێین کارمان له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌ی کاك فوئاد بکردایه، تاکو له پرۆژه‌یه‌کی سه‌رکاخه‌زی فه‌رامۆشکراوه‌وه بکرایه‌ته پرۆژه‌یه‌کی کارا و زیندوو . جێگای داخه نه‌ك هه‌ر باڵاده‌ستانی په‌روه‌رده و فێرکردن ئه‌و پرۆژه‌یان پشتگوێ خست، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانی ئه‌و کتێبانه‌ی کاک فوئاد له کتێبخا‌نه‌ی په‌روه‌رده وقوتابخانه‌کانی سه‌ره‌تایی و بنچینه‌یی دانێن و هه‌ر هیچ نه‌بێت داوا له مامۆستاکان به جددی بکرێت که بیخوێننه‌وه. ئه‌مه‌ش که نه‌کراوه جێگای که‌سه‌رێکی گه‌وره‌یه و ده‌بێت باجه‌که‌ی بده‌ین. به‌ڵام ئێستاش هه‌ر زووه و نه‌چووه و بچێ، چونکه هیچ گۆڕانکارییه‌ك بۆ گۆڕینی په‌روه‌رده و سیسته‌می خوێندن نه‌کراوه، بۆیه ده‌توانرێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی کاك فوئاد کاری جيددی له‌سه‌ر بکرێت تاکو بخرێته‌گه‌ڕ پێش ئه‌وه‌ی که دوو نه‌وه‌ی دیکه‌ش به سه‌قه‌تی په‌روه‌رده بکرێت.
*خوێنەری بەڕێز من ئەم وتارەم لە 26/10/2016 دا نوسیوە. بە تەواوبوونی ناردم بۆ کاك فوئاد تاکو ڕای وەرگرم. ئەو لە وەڵامدا ئەم پەیامەی بۆ ناردم کە دەیبینیت. لەبەر ئەوە وەستام لە بڵاوکردنەوەی بەڵام ئیتر بیانویەك نابینیم لە دواخستنی زیاتری، بۆیە بڕیارم دا کە بڵاوی بکەمەوە.
برای بەڕێزم کاک زاهیر بەهیوای خۆشیتانم .. ببورە لەدواکەوتنی وەڵامەکەم بەهۆی کێشەی کۆمپیوتەرەوە . دەستەکانت خۆش بۆ نووسینەکەت ، سوپاسی هەستت دەکەم . لەڕاستیدا هیچ شتێکی وەهام نەکردووە ، زوربەی کاتەکان زرووف رێگرم بووە ، بارودۆخەکە ئەولەویاتی نوێی هێناوەتە پێشەوە کەژیانی خەڵک گرنگترینیانە .پڕۆسەی خوێندن لە داڕماندایە ، هەتا ئەم دەسەڵاتەش هەبێت ئومێد بە چاکبوونی نییە ، بۆیە گۆڕانکاریی پەروەردەیی لەهەموو کاتێکی‌تر زیاتر پەیوەستە بە گۆڕانکاریی سەرلەبەری ئەم کۆمەڵگایەوە ، لەبەر ئەوە هەر ریفۆرمێک سەرەنجامەکەی سەرنەکەوتن دەبێت . بەڕای من بڵاوکردنەوەی نووسینەکەت دوابخەیت بۆ هەلومەرجێکی لەبارتر ، ئەگەر هەر ویستیشت وەک دەنگێک کەهەست بەکەمووکووڕییەکان دەکات بڵاوی بکەیتەوە ، ئەوا دوو گۆڕانکاریی تێدابکەیت باشە : ١) هەرچی مەدحێکی منی تێدایە لایبەریت ، هەوڵەکانم وەک کەسێکی ئاسایی پەروەردەیی باس بکەیت ، ٢) ئەو بڕگەیەی لێ لاببەیت کە پەیوەندی بە پاولۆ فرێرییەوە هەیە چونکە هەرگیز من لە ئاستی ئەودا نیم ، ئەو کەسێکی گەورەی پەروەردەییەو ، من تەنها دەتوانم لە بواری پەروەردەدا قوتابییەکی ئەو بم . لەگەڵ ئەوپەڕی رێز‌و خۆشەویستیم .
لە وەڵامیدا منیش ئەم پەیامەم بۆ ناردەوە:
یەکەم : من حه‌ز ده‌که‌م واز له ته‌وازوعی بێنین پێویستمان به‌وه هه‌یه به پێچه‌وانه‌ی که‌ڵچه‌ره‌وه کاربکه‌ین که له‌مانه‌ش پێزانینی ئه‌رکو دڵسۆزی خه‌ڵکییه که له ژیاندان نه‌ك که مردن ، ئه‌و کاته ستایشیان بکه‌ین و کتێبیان له‌سه‌ر ڕه‌شبکه‌ینه‌وه ، من زۆر ڕقم له‌م نه‌رێته‌یه چونکه ئه‌مه نه‌ك هه‌ر بێ ماناشه به‌ڵکو زه‌ره‌رمه‌ندیشه . له‌مه‌نانش گرنگتر به‌ڵکو ئه‌م نوسینه ببێته ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له تۆ له لایه‌ن که‌سانێکه‌وه که ئێستا ده‌یانه‌وێت شتێك سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندان بکه‌ن و تاکو خۆت له ژیانتا ماویت ، بتوانن بگه‌ڕینه‌وه بۆ خۆت ده‌رباره‌ی ئامۆژگاریی و شیکردنه‌وه‌ی قوڵتری مه‌به‌ستی نوسینه‌کانت. سه‌باره به داواکارییه‌که‌ت ، بمبه‌خشه که من ناتوانم به قسه‌ت بکه‌م . دووهه‌م : من که ئه‌مه‌م نوسیوه په‌یوه‌ندی به خزمایه‌تی و که‌سایه‌تی و هاوڕێیه‌تییه وە نییه‌و تۆ شایسته‌ی زۆر زۆریت نه‌ك چه‌ند دێڕێك که له‌لایه‌ن منه‌وه ده‌نوسرێت که خوا ده‌زانێت چه‌ند که‌س ده‌یخوێنێتەوە . سێیەم : تۆ له باولۆ باشترت نوسیوه باولۆ کادیری حیزبه زیاتر له په‌روه‌رده‌کار، موحازه‌ره‌ی حیزبی وتوته‌وه له‌بری کارکردن له‌سه‌ر ته‌واوی په‌روه‌رده‌ی منداڵان ، گه‌ر شتێكیشی له‌و بواره‌دا کردبێت ، هه‌ر بۆ ته‌رویزی فکری حیزبییانه بووه نه شتێكی دیکه . به‌ڵام ئه‌وه‌ی که باولۆی کرد به ناسراو ئه‌و کتێبه‌ی نه‌بوو به‌ڵکو ئه‌و پڕوپاگه‌نده گه‌وه‌ره‌ی که له لایه‌ن ماشێنی حیزبییه‌و بۆی ده‌کرا که زیاتر له سه‌ده‌ها حیزب له جیهاندا پشتگیری ده‌کرد . به‌ڵام تۆیه‌کی که‌م ده‌رفه‌ت له وڵاتێکی خاپورکراو و کۆمه‌ڵێکی داڕزاوو و کۆمه‌ڵێ حیزبی به خوێنی سه‌ریی یه‌ك تینوو بوو ، نه‌ك هه‌ر خۆت بویته قوربانی به‌ڵکو مێتودی په‌روه‌ده‌کارییه‌که‌شت بوه قوربانی ، ده‌نا تۆ ئه‌گه‌ر له باولۆ به‌تواناتر نه‌بیت دڵنیابه به پێی ئه‌وه‌ی که‌من له‌سه‌ر هه‌ردووکتانم خۆێندۆته‌وه ، که‌متر نیت . که بڵاوم کرده‌وه – دوای وه‌ڵامه‌که‌ی تۆ سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی به ده‌ره‌فه‌ت– ، ده‌توانم تێبینییه‌که‌ی تۆ له دامێنی نوسینه‌که‌وه وه‌کو خۆی دانێمه‌وه ، که ئه‌مه‌ش وه‌کو ڕێکه‌وتنی نێوانی کابرای کورده‌ی ده‌ستومۆچی سوار و پیاده‌که‌ی ، لێده‌که‌ین . هیوام خۆشی و ته‌ندروستی باشه بۆت .
Top of Form
Bottom of Form