ئه‌ی خوداکه‌ی کورد تو گه‌وره‌یی خۆت تێمبگه‌یه‌نه
09/01/2016
ئه‌رێ به‌ڕاست گه‌ر گه‌نده‌ڵی و ئاشوبی نێو حیزبه‌کان و هێڕشی داعش و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی بارزانییه‌کان و ئافره‌تکوشتن شته‌کانی دیکه نه‌مێنێت ، شتێکی دیکه ده‌مێنێته‌وه بۆ نوسه‌ر و ڕۆشنبیری کورد باسیبکه‌ن؟ وه‌کو هه‌مووتان ده‌زانن که به ده‌گمه‌ن نه‌بێت ره هه‌ره زۆری نوسه‌ر و ڕۆشنبیری کورد له کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان (هه‌نده‌ران) سه‌رقاڵی ئه‌وانه‌ن و سه‌رجه‌می نوسینه‌کانیاشیان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وانه‌یه و له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌سوڕێته‌وه . [دیاره یه‌که‌م مه‌به‌سستم ئه‌وه نییه که نابێت له‌سه‌ر بارودۆخی کوردستان نه‌نوسرێت، دووهه‌میش ڕویده‌مم له خاوه‌نماڵپه‌ڕه‌کان نییه که زیاتر هه‌واڵ بڵاوده‌که‌نه‌وه و ئه‌وانه‌شی که شته باشه‌کانی ئه‌وه‌روپا بۆ کوردستان ده‌گوێزنه‌وه ]. باشه ئه‌وه نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ناو خودی کوردستان سه‌ریان به‌وانه‌وه ده‌یه‌شێنن و شتێکی دیکه‌یان لانییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کێشه‌کان ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕووی ئه‌وان ده‌بنه‌وه ئه‌ی ئه‌مانه‌مان که له هه‌نده‌رانین بۆچی ناتوانین شتێکی دیکه بنوسین؟ باشه ئه‌م هه‌موو گرفت و کێشه‌و ڕووداوانه له‌م وڵاتانه‌دا هه‌یه که ئیمه تیایدا ده‌ژین و له کاتێکیشدا که ژیانی خۆمان و خێزانمان و منداڵمان به ئێره‌وه به‌نده ، هه‌موو گۆڕانکارییه‌کان به باش و خراپیانه‌وه یه‌خه‌ی ئێمه‌ش وه‌کو دانیشتوانه ئه‌سڵییه‌که‌ی خۆیان ،ده‌گرێته‌وه بۆچی گه‌ر به ده‌گمه‌ن نه‌بێت ئه‌ویش که‌مایه‌تییه‌کی زۆر که‌ممان نه‌بێت ، شتێکی له‌سه‌ر نانوسین؟ ئه‌رێ هۆکاری ئه‌مه چییه؟ ئایا بێ زانیاریمانه له ڕوداو و گۆڕانکارییه‌کان؟ ئایا تێکه‌ڵنه‌بوونمانه به کۆمه‌ڵی ئه‌م وڵاتا‌نه؟ ئایا خۆ به غه‌ریبزانی و نه‌زانینی ئه‌م وڵاتانه‌یه به وڵاتی خۆمان ؟ ئایا بێ ده‌ربه‌ستی و که‌مته‌رخه‌میمانه ؟ ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له هه‌زاردا 999 مان گه‌نده‌ڵین شتێکمان له کوردستان هه‌یه : موچه، پارچه زه‌وییه‌ك ، خانویه‌ك یا ئیمتیازێك ؟ ئه‌ی خودای کورد وه‌ره تێمبگه‌یه‌نه، گه‌لێکمان زیاتر له نیوه‌ی ژیانمان لێره به‌سه‌ربردووه ، ژنمان لێره هێناوه یا له‌گه‌ڵ که‌سێکی ئه‌م وڵاتانه‌دا ده‌ژین ، کار لێره ده‌که‌ین ، بیمه‌ی بێ‌کاری و خانه‌نشینی ئێره وه‌رده‌گرین منداڵمان لێره‌ده‌خوێنن و گه‌وه‌ره ده‌بن دواتریش کارده‌که‌ن ، باج لێره ده‌ده‌ین، کێشه‌ی سیاسی و ئابوری ڕۆشبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م وڵاتا‌نه له‌سه‌ری ئێمه‌دا زیاتر ده‌شکێته‌وه ، که‌چی هه‌ر مێشێکیش میوانمان نییه !!! ده‌وه‌ره ئه‌ی خودای کورد تێمبگه‌یه‌نه.