Categories
Kurdish

ئەگەر مردن جۆری جوانی هەبێت ، تۆ مردنێکی جوان مردیت

ئەگەر مردن جۆری جوانی هەبێت ، تۆ مردنێکی جوان مردیت

02/12/2022

 

ڕۆژگارێکە…. کەوتوینەتە سەردەمێك مرۆڤەکان ئەوەندەی دۆعا و پاڕانەوە دەکەن کە لە کارەساتەکانی ژیان بپارێزرێن، بە سەلامەتی و سەربەرزی، بە بێ وەیی ، بژین … بە بێ کەسیی ، بە کەساسی و کڵۆڵی، بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆست و جەرگبڕاویی نەژین و تەمەندرێژ بن ، ئەوەندەش بۆ ئەوە دەپاڕێنەوە کە ‘خودا’ مردنێکی جوانیان پێببڕێت، کەفەتکاری سەرجێگایان نەکات ، ئەرک و ماندووبوونی دەوروبەریان زیاد نەکات، مەرگیان لەبەر چاوی ئازیزان و خۆشەویستانیان ، نەخات….

ناهەقیان نییە ، ڕۆژگارێکە جۆرەکانی مردن ئەوەندە زۆرن ، ئەوەندە جەرگبڕ و کارەسات هێنەرن ، ئەوەندە دڵتەزێن ناوسکبڕن … کە باس دەکرێن موچڕك بە گیانتا دێنێت ، کە قسەیان لەسەر دەکرێت بەهای ژیانت لا هەڵدەگیرێت ، کە دەیهێننە بەرچاوت خەوی دووتوێی چاوەکانت دەزڕێنێت.

ئەو مردنە جوانە ، گەر مردن جوانییەکی تێدا بێت ، شێوەیەکی جوانی بەخۆوە گرتبێت.. تۆ ئەی پوری ئازیزم ، هەم دایکی شیریم ، کە من لە زمانی دایکمەوە هەمیشە بە ‘باجی ‘ بانگم کردویت ، ئەو ‘ مردنە جوانە ‘ بەر تۆ کەوت . ئەو مردنە بوو کە خۆت خوازیاری بویت ، ئەو کۆچکردنە بوو کە خۆت ئاواتت بوو ، ئەو مەرگە بوو کە خۆت هەمیشە لەسەر بەرماڵی نوێژەکانت لە خوداکەت دەپاڕایتەوە کە بە نسیبتی کات ، کە ‘ خودا’ لێی بێ بەشت نەکات .

تۆ، باجی، ژیانێکی پڕ لەسوێت چێشت وەکو زۆرێکی دیکەی ژنانی کوردستان، بەڵێ نەك هەر وەك ئەوان ، بەڵکو وەکو گەلێك لە ژنانی وڵاتانی دەرودراوسێ. ئەگەر ‘ خودا’ کەت لە ژیانتا بە مەرامی خۆتی نەگەیاندبێتی، ژیانێکی خۆشی پێ ڕەوا نەبینیبێتی ، بەڵام لە مردنەکەتدا ‘ مردنێکی جوانی ‘ پێ ڕەوابینیت .

باجی گیان ، چەندێك کۆچی دوایت بێ تاقەتی کردم ، ئەوەندەش دڵخۆشی کردم کە کەفتەکاری سەر جێگا نەبویت ، چی تر ئازاری خۆت و دەوروبەرت نەدا….بە ئارامیی و بە ئاسوودەیی ئەو مردنەی کە خۆت دەتخواست بە باڵات بڕا.

یاد و یادەوەرییەکانت هەمیشە بەخێر ، دڵم لە لای پور و پورزا و پورزازاکانمە.

Leave a Reply