Categories
Kurdish

بۆچی بوونی گروپە لۆکاڵییە جیاوازەکان و هاوپشتیان زەروورن؟

بۆچی بوونی گروپە لۆکاڵییە جیاوازەکان و هاوپشتیان زەروورن؟

09/05/2026

ئەمڕۆ لە بریتانیا گروپگەلێکی ئێکجار زۆر هەن کە ژمارەیان لە هەزار تێدەپەڕێت ، لە نێو شار  و شارۆچکە و گوندەکاندا بۆ ئامانجێك دروست بوون.  بێ گومان مرۆڤەکان هەمیشە ئەسبەقییەت بەو شتە ، بەو کارە دەدەن کە خواستی سەرەکی خۆیانە و بە زەرووری دەزانن کە لە پلەی یەکەمدا بیهێننە دی.

گروپەکان، وەکو وتم زۆر زۆرن هەر بۆ نموونە ئەوانەی کار  لەسەر ژینگە دەکەن، لە سەر خانووبەرە ، کەمکردنەوەی کرێ، بەدیهێنانی ئامانجی خاوەن پێداویستی تایبەتی ، ئیکۆلۆجی ، پاراستنی پاكو خاوێنی پارکەکان و کارکردن بۆ بنەبڕکردنی نوقسانییەکانیان، پاكکردنەوەی کەناڵە ئاوییەکان، بەرگری لە ژیانی زیندەوەر و گیانلەبەر ، بەرگری لە مافی ژنان ، بەرگری لە مووچە و کرێی یەکسان و بەرگری لە پەنابەر کۆچبەر ، شەقامەکان هی ئێمەن، کاری هەرەوەزی، دژە جەنگ، ئاوی پاك ، خۆڕاییکردنی هاتووچۆ، مافی هاوڕەگەزخوازیی و ترانس،  نەکردنی خەستخانە و قوتابخانەکان کەرتەکانی شارەوانی بە کەرتی تایبەتی  … سەدانی دیکە .

بێگومان بەشێك لە چەپەکان لەگەڵ ئەم گروپانەدا نین و باوەڕیان وایە کە ئەمانە گروپگەلی ڕیفۆرمخوازن . ئەوان باوەڕیان بە شۆڕشی سیاسی هەیە ، شۆڕشی سیاسیش یانی دەسەڵاتگرتنە دەست، ئەویش لە ڕێگای حیزبەوە ، کە لە سەرەوەی کۆمەڵەوەن ، گوایە گوڕانکارییەکان ئەوانەی کە ئەو گروپانە مەبەستیانە دەسەڵات دەتوانێت بییانکات و هەر لە ڕێگەی دەسەڵاتیشەوە دەکرێن.

پێچەوانەی ئەوانەیە کە باوەڕیان  بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەیە و متمانەکردنە سەر گراسڕووت ( Grassroot ) کە ڕیشەی گۆڕانکارییەکان لە بنەوەی کۆمەڵ دەستپێدەکات . ئاشکرایە هەمو کەسێک لە ژیانیدا ئەسبەقییەت دەدات بەوەی کە نییەتی ، کە لێی بێ بەشە، بۆیە ئەو کارەی ئەوان، ئەو چالاکییانە  کارێکی سروشتییە چونکە لە پێدایستییەکانی خۆیانەو هەڵقوڵاون. هەر هەموو ئەم گروپانە تەواوکەری یەکدین لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکدا کە ئەو ناتەواوییانەن تێدایە، و دەوڵەتیش ئامادەنییە بە خۆشی خۆی بیکات .

لەگەڵ ئەوەشی کە لەسەرەوە وتم ئەم گروپانەش عەیبی خۆیان هەیە .  بۆ نموونە سیان لەو عەیبە سەرەکیانە:

یەك:  هەندێك لەم گروپانە وەختین کە ئامانجەکانیان بەدیهێنا ئیتر دەچنە ماڵەوە و پاڵی لێدەدەنەوە بێ ئەوەی هاوکاری گروپەکانی دیکە بکەن .

دوو:  زۆر جار ئەم گروپانە کاری یەكلایەنە دەکەن و هەندێکیشیان ئاسۆیی نین دوای ئەوەش لە تۆڕێکی فراوانتری کۆمەڵایەتیدا خۆیان بە گروپەکانی دیکەوە گرێ نادەنەوە.

سێ : زۆرێك لەم  گروپانە کێشەکەیان ناکەنە کێشەیەکی سیاسیانە .  لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە حیزب و ڕێکخراوی پلەبەندیی دەسەڵاتخوازی بۆ دروست بکەن ، بەڵکو  مەبەست بەستەنەوەی کێشەکە بە خودی دەسەڵات و سیستەمەکەوەیە.

لەگەڵ ناسینی ئەو کەموکوڕیانەش هێشتا ئەوانەی کە بەشداری دەکەن لەم گروپانەدا هۆشیارترن و هێزی باوەڕ بەخۆبوونیان تێدایە کە دەتوانن بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بە ڕێکخستنی خۆیان گەلێك لە ئامانجەکانیان بهێننە دی ، لەمانەش زیاتر جۆرێك لە پەیوەندی بەهێز لە نێوانی تاکەکانی کۆمۆنێتییەکە دروست دەکات ، کە دەوڵەت و سیستەمەکە کار لەسەر دابڕینی کردنی تاکەکانی کۆمەڵ لە یەکدی و بچڕینی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکان دەکەن .

Leave a Reply