ڕۆڵی درۆن لە بەندیخانەکانی بریتانیادا
06/05/2026
بە گوێرەی ڕاپۆرتی نوێ ژمارەی بەندییەکانی بریتانیا هەر بەتەنها لە ئینگلتەرە و وێڵس 87،300 کەس بەندن ، ئەمە تا مانگی ئازاری ئەمساڵ، ئەگەر سکۆتلەندە و ئیرلەندەی باکوری بخەینە سەر ژمارەکە 95 بۆ 97 هەزار کەسن .
سەیرەکە ئەوەیە کە حکومەتی بریتانی یا خەڵکی ئاسایی دەڵێن بەندی سیاسی لە بریتانیادا نییە . پێناسەی بەندی سیاسیی بۆ ئەمان ، ئەندامبوونە لە حیزبێکی سیاسیدا و لەسەر جیاوازی بیروباوەر گیرابێت . بەڵام لە ڕاستیدا زۆرینەی ئەمانەی کە بەندیین ، بەندی سیاسین، یاخود سیاسەتی دەوڵەت و حکومەت هۆکاری بەندییبونیانە گەر ئێمە شیکاری وردی بۆ بکەین .
بۆ نمونە کەسانێك کە نەخۆشی دەرونییان هەیە و خەڵک دەکوژن سیستەم و حکومەتە بەرپرسیارن کە بە هۆی سیاسەتی ئەوانەوە زۆربەی ئەوانە تاوان دەکەن و چارەسەری تەواسیان بۆ ناکرێت. کەسێك پاکەتێك جگەرە ، بتڵێك شیر یا جوتێك پێڵاو دەدزێت ، کردار و سیاسەتی سیاسییەکان لە پشتیوەن کە ئەو هەژاری و نەبوونییەیان خولقاندووە تاکو خەڵك دزی بکات [ دیارە ئەمە لە هەندێك بوارد و کەیس دا پاساوی دزی و تاوانکردن نییە] . تەنانەت کەسانێك کە ڕایسستن و گیراون پرسێکی سیاسییانەیە ، سەرەڕای ئەوەی کە ئەوانە سەر بە ڕێكخراوێکی یا باڵێکی ڕاستڕەون بەڵام دووبارە سیستەمەکە بەرپرسە کە کەسەکانی کردوەو بە ڕایسست ، بە پیاو کوژ. ئەوەی مادە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنیت ، سیستەم و دەوڵەت تاوانبارە کە فەزایەکی ئاوای خولقاندووە تاکو خەڵك پەنا بۆ مادەی هۆشبەر بەڕێت . هەر ئاواش ئەو منداڵ و گەورانەی کە بە هۆکاری دابەشکردنی مادەهۆشبەرەکان یا لەسەر ئەوە دەکوژرێن ، خەتای حکومەتە کە ئەو بازاڕە ڕەشەی دروست کردووە لەگەڵ کارتێکی گەور ە و کەسانی ملیاردەردا، کە ڕێگا نادات یاسایی بکرێت. ئەمەش لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆر توێژینەوە لەلایەن خودی پۆلیس و پسپۆڕانی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و نەخۆشییە درونییەکان و توێژینەوە سەبارەت بە کوژرانی منداڵانی گەنج و کەسانی دیکە بە سەر باندەکانی مادە هۆشبەرەکانن، کە داوا دەکەن مادەی هۆشبەر یاسایی بکرێت . کوژرانی ژنان بە هەر چەشنێك بێت دووبارە سیستەم و دەوڵەت بەرپرسیارن .
بەکورتی زۆر کەیسی دەگەمەن هەیە کە سیستەم و دەوڵەت بەرپرسیار نەبن لێی.
ئێستاش لێرەدا ڕۆڵی درۆن لە بەندیخانەکاندا ڕوون دەکەمەوە . درۆن مادەی هۆشبەر و چەك و چەقۆ و کەرەسە بکوژەکانی دیکە دەگەیەنێتە ناو هۆڵی بەندییەکانەوە . ئەمەش لە ڕێگای پەنجەرەکانەوە ، کە چەند ساڵێکە گرفتی سەرەکی بەڕێوەبەران و پاسەوانانی بەندیخانەکانن .
لە ئێستادا ئەم کێشەیە ئەوەندە گەورە بوە و زۆر بوون کە بوونەتە هۆی زیادبوونی ڕووداو. ژمارەی ڕووداوەکانی زیندانەکان کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تێیدا بەشدارن لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە 1000% زیادی کردووە، ئەندامانی باندەکان توانیویانە پاکێجەکان بفڕێنن کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەگوازرێنەوە ڕاستەوخۆ بۆ پەنجەرەی هۆڵەکان . پاشان پاکێجەکان ن لەلایەن زیندانییەکانەوە لە ڕێگەی قولاپەوە وەرئەگیرێنەوە.
ژمارەی ئەو هێرشانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن بەڕیوەبەران و پاسەوانانی بەندیخانەکانەوە تۆمارکراون، لە 138 هێرشەوە لە ئازاری ساڵی 2021 بۆ ئازاری 2025 بۆ 1712 جار سەرکەوتووە . ئەم ژمارەیەش ئەو درۆنانە دەرناخات کە پاسەوانەکان دەرکی پێناکەن . ئەو درۆنانەی کە بەکاردهێنرێن دەتوانن هەڵگری 15 کیلۆگرام بن.
زۆرێك لە بەندیخانەکانی بریتانیا لە خشتێك لە ساڵانی 1842 دروست کراون کە خشتەکان نەرم بوونەتەوە و چی تر ناتوانرێت دیوارەکان بەرزتر بکرێنەوە . لە بەر ئەوە ئێستا بڕیارە شەبەکەیەك دابنێن بۆ پەنجەرەی هۆڵەکانی بەندییەکان کە درۆن نەتوانێت خۆی پیدا بکات یاخود لە نزیکییەوە کەرەسە هێنراوەکان دابنێت.