Categories
Kurdish

بۆچی هەندێك لە چەپەکان لەم جەنگەدا تەنها دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەوەستنەوە

بۆچی هەندێك لە چەپەکان لەم جەنگەدا تەنها دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەوەستنەوە

29/03/2026

بەڕای من هۆکارەکە ئەوەیە کە ئەوان تا ئستاش پەیوەستن بە بڕوابوون بە تیوری سێ جیهانەکەوە.  من لە نیسانی ساڵی پارەکەدا، 2025 ، وتارێکم لە ژێر ناوی ” خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ چەند چەمکێك” نوسی . لەو وتارەدا تیوری سێ جیهانەکە یەکێکیان .  ئەوە لە خوارەوە دایدەنێمەوە گەر وەختت هەیە و ئارەزوو دەکەیت ئەوە دوو دەقە لە وەختی خۆتی بدەرێ

2  تیۆری سێ جیهانەکە

بەرای من ئەم تیورە بە تەواوی بەوەی سەرەوە پەیوەست دەبێتەوە، واتە بە پرسی ئیمپریالیزمەوە، گەر چی ساڵانێکی زۆر بەینیان بووە، چونکە بە بڕوای لینین نەك ئیمپریالیزم دوژمنی سەرەکی چینی کرێکارانە، بەڵکو دوژمنی سەرسەختی گەلانی کۆڵۆنایزکراویشە بەوەی کە داگیری کردون و ڕەنج و سامانی سروشتی و ناسروشتیانی بە تاڵان بردووە، ڕێگەی هەموو جۆرە سەربەخۆییەك و پێشکەوتنێکیان لێ دەگرێت.  وێڕای ئەوەی کە لینین چەمکی جیهانی سێی بەکارنەهێناوە بەڵام خودی تیۆرەکە هەر ئەو ناوچە و وڵاتەن دەگرێتەوە کە کاتی خۆی بەشی زۆریان لە لایەن وڵاتە ئیمپریالیزمەکانەوە داگرکراون و چەوساونەتەوە و لە جەوهەریشدا بناخەی تیۆری سێ جیهانەکەیە.

 لەم بارەشدا لینین باوەڕی ئاوا بووە کە دەبێت خەباتی ڕزگاری نەتەوەیی دەستبەکار بێت ئەو خەباتەش سەرومڕ  بێت و کرێکارانی خودی وڵاتیش دەبێت پایەی گەورەی ئەو خەباتە بن شانبەشانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی.  بۆ ئەمەش  لینین چەند تێکست و باسی گرنگی نوسیوە لەوانە”  مافی چارەنووسی گەلان (1914–)”  ئەو لێرەدا دەڵێت گەلانی ستەملێکراو مافی جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە جەختیش لەوە دەکاتەوە کە مارکسیستەکان پێویستە پشتگیری ئەم مافە بکەن لە هەمان کاتدا بانگەشە بۆ یەکێتی پرۆلیتاریا بکەن. ئەو جەختی لەسەر گرنگی پرسی نەتەوە چەوساوەکان کردووەتەوە، لەوانە گەلانی ئاسیا بووە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە زلهێزە ئیمپریالیستەکان.

لینین جارێکی تر لە نوسینی ”  شۆڕشی سۆسیالیستی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان (1916)”‘ –  لێرەدا زیاتر پەیوەندی نێوان شۆڕشی سۆسیالیستی و خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی ڕوون دەکاتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بژاردەی مافی چارەنووسیی مافێکی دیموکراسییە کە یارمەتی یەکخستنی کرێکاران دەدات لە سەرانسەری گەلاندا. ئەمەی لە مانگی دووی ئەو ساڵەدا نوسی . لینین لەو نوسینانەدابە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان لەسەر بزووتنەوە ڕزگارییە نەتەوەییەکان، دژە ئیمپریالیزم و ڕۆڵی گەلانی ستەملێکراو لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی جیهانیدا نووسیوە، لەو گەلانەش کە بەرهەمەکانی لینین باسی لە خەباتی ڕزگاری  خەباتی ڕزگاریخوازییانی کردووە گەلانی ئاسیا و ئەفریقا و گەلانی دیکەی کۆلۆنایز کراو بوون.

 کاتێکیش کە کتێبی ‘ ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرمایەدارییە 1917’ نووسی، دووبارە باسی ڕۆڵی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی لە ئاسیادا کردەوە. ئەم بۆچوونەی لینین و بانگەشەکردنی بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و چارەنووسی نەتەوەیی لەگەڵ زۆرێك لە بزووتنەوە دژە کۆلۆنایزکردنی ئاسیادا هاتەوە.

دواتر لە ساڵی 1920 دا لینین جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر ئەم باسە و لە  “تێزەکان لەسەر پرسیارە نیشتمانی و کۆلۆنیالیزمەکان”  کە لە کۆنگرەی دووەمی نێونەتەوەیی کۆمۆنیستدا پێشکەش کران. لێرەدا دووبارە تێڕوانینی لینینیان خستەوەڕوو کە کۆمۆنیستەکان دەبێ پشتگیری لە بزووتنەوەکانی دژە کۆلۆنیالیزم و ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بکەن.

ئەوانەی سەرەوە کۆمەڵە نوسێنێک بوون کە لینین لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی نوسیوێتی، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو نوسینانەشدا لەو بارەوە، کەچی هێشتا ئایدیای تیۆری ‘ سێ جیهانەکە’  لە سەردەمی خۆیدا ئەو گەشەیەی نەکرد بۆ ئەوەی ببێتە تیۆرێکی تا ڕادەیەك جیهانیی، بەڵام بناغەی بەهێزی بۆ ئەو تیۆرە دانا، تیۆرەکەش بە قۆناخ و هەوڵی جیا جیادا تێپەڕی و گەشەی کرد بۆ تیۆری سێ جیهانەکە.

تیۆری سێ جیهانەکە دواتر وەکو چەمکێکی سیاسی و ئابووریی لە سەردەمی پێش و دوای جەنگی سارددا سەریهەڵدا، سەرەتا لە ساڵانی 1950 و 1960 سەری هەڵ دا. تیۆرەکە سەبارەت بەو وڵاتانە بوو کە نە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژئاوایی (ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرکردایەتی ناتۆ) هاوتەریب بوون و نە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژهەڵاتیی (یەکێتی سۆڤیەتی جاران و هاوپەیمانەکانی) نەبوون، بەڵکو ئەم گەلانە زۆرتر کۆلۆنییەکانی پێشوو بوون لە ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیان دەدا ڕێڕەوی سیاسی و ئابووری سەربەخۆی خۆیان دروست بکەن.

چەمك یا زاراوەی “جیهانی سێیەم” بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەلفرێد سەوڤی، دیمۆگرافیای فەرەنسی، لە ساڵی 1952دا هاتە ناوەوە.  ئەو  جیهانی سێیەمی بە ‘ئیستەیتی سێ’ ( Third Estate  ) بەراورد کردوو. ئەم زاروەش لە فەرەنسای چەرخی نۆزدە و پێش شۆڕش بە مانای خەڵکانی کۆمۆن، نۆرمەڵ ، ئاسایی یاخود ‘خەڵکی باو’ وتراوە، ئەم وڵاتانەی بە ئیستەیتی سێ بەراورد کرد کە  خراونەتە پەراویزەوە و چەوسێنراونەتەوە پێویستیان بە راپەڕین هەیە.

پاشان گەشەسەندنی سیاسی و ئایدیۆلۆژی تیۆری جیهانی سێیەم کەوتە قۆناخێکی دیکەوە کە  بە نزیکییەوە پەیوەستە بە سەرکردە و بیرمەندانی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان ‘  ‘Non-Aligned Movement(NAM) و خەباتەکانی دژە ئیمپریالیزم.  بەم مەبەستەش  سەرکردەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە ساڵی  1955 لە کۆنفرانسێك لە ئەندەنوسیا بۆ پێشکەوتن و هاوکاری و دژایەتیکردنی کۆلۆنیالیزم کۆبوونەوە.  لە ساڵی 1961دا بزووتنەوەی بێ لایەنەکان (NAM) بە فەرمی لە شاری بەلگراد لە یوگۆسلاڤیا دامەزرا. بەم شێوەیە جیهانی سێیەم بوو بە هێمای بەرخۆدان و دژە ئیمپریالیزم و خواستی نەزمێکی نوێی جیهانی.

ڕۆڵی دروستبوونی حیزبی شیوعی چینی و بزوتنەوەکەیان بە ڕابەرایەتی ماوتسی تۆنگ و سەرکەوتنیان لە ساڵی 1949 دا ناکرێت لێرەدا فەرامۆش بکرێت  چونکە ڕۆڵی خۆی هەبوو لەسەر پەیوەستبوونەوەی تیۆرەکانی ماوتسی تۆنگ بە بیرۆەکەی نەتەوایەتی دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم بە تێزەکانی لینینەوە.  لێرەدا ئەم تیۆرە هاندەری گەورەی بزووتنەوە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی دیکە و گەشەپیدانی تیۆری سێ جیهانییەکە و  کەوتنە قۆناخێکی نوێوە، بووش بە مانیفێستی ئەو بزوتنەوانەی کە لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردووەوە پەیڕەوی لێکرا .

کرۆکی تیۆری سێ جیهانەکە

 لەو کاتەوە  واتە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تیۆری سێ جیهانی لە فۆرم و ناوەرۆکدا مانایەکی گەورەی پیدرا و زۆرێك لە پارتە کۆمۆنینستەکان و ئەوانەشی کە لەژێر ناوی دیکەدا بوون بەڵام هەر کۆمۆنیست بوون بەم شێوەیە گوزارشتیان لە جیهان دەکردو هەر لەسەر ئەو ڕێڕەوە تاکتیك و ئامانجی خۆیان و بزوتنەوەکەیان دیاری دەکرد.  دیدی ئەمان بۆ جیهان مەبەستێکی دیکەی دیاریکرد و پێناسەیەکی نوێی بۆ جیهان کرد.  جیهانی یەکەم: زلهێزەکان (ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت)  کە تیۆرەکە بە دوو ئیمپریالیزمی جیهانی ناساندنی. جیهانی دووەم: وڵاتانی گەشەکردوی پیشەسازیی کە وڵاتانی ئەوروپا و گەلێك لە وڵاتانی دیکە دەگرێتەوە، واتە وڵاتانێك لە نێوانی ئەو زلهێز و وڵاتانی پیشەسازیی دواکەوتوو وەك وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی کە بە وڵاتانی جیهانی سێیەم درانە قەڵەم.

بە گوێرەی ئەم تیۆرە ناکۆکی سەرەکی لای ئەو حیزبانە بە چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە ناکۆکی نێوانی وڵاتەکەیانە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە ئیمپریالیزمەدا بەسەرەکی دەزانی.  ئا لەم بارەشدا پێیان وابوو کە جیهانی سێیەم هێزی سەرەتایی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەیە.

فراوانبوونی تیۆرکە و زیانی ئەو تیۆرە گەیشتە ئەو رادەیەی کە بووە پێوەرێك بۆ پێناسەکردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە، کە هەر لایەك دژ بە ئیمپریالیزم خەباتی بکردایە ئەوە شۆڕشگێڕ بوو لەمەش خراپتر لەم تیۆرە خەفەکردن و لێگەڕان لە بوژوازی و دەسەڵاتی بەناو نیشتمانی بوو، گرنگی نەدان بەو ململانێیەی کە هەبووە یاخود هەیە لە نێوانی بورژوازی و سەرمایەدارانی ناوخۆی وڵاتدا، کە گوایە ئەوانە سەرمایەداری خۆماڵین پشتگیریکردنیان یانی گەشەکردنی ئابوری نیشتمان لە ڕوی پیشەسازییەوە ئەمەش بە واتەی گرنگبوون و زۆربوونی ژمارەی کرێکاران و وڵاتبردنە بەرەو سەرمایەداریی کە قۆناخێك بە گوێرەی ئەو تیۆرە نزیکترمان دەکاتەوە لە شۆڕشی سۆشیالیستیی.

دوو لایەنی هەر زۆر خراپی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە لە هەندێك وڵاتدا حیزبە کۆمۆنیستە پرۆ ڕوسییەکان پشتگیری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی خۆیان دەکرد بە هۆی نزیکییانەوە لە ڕوسیا و لەو لاشەوە کە ئەمان وڵات بەرە و سەرمایەداری دەبەن یا لە هەندێك وڵاتی وەکو عێراق دا وایان لە جەماوەرەکەیان و خەڵکی دەگەیاند کە وڵات دەتوانێت لە ڕێگای دەوڵەتی دیمۆکراسی یا گەلیی یاخود دیمۆکراتی گەلیی، لە ڕێگەی گەشەکردنی ناسەرمایەدارییەوە بگاتە سۆشیالیزم .

لایەنێكی دیکەی خراپی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە تا ئێستاش لەناو چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبەکانی دیکەی وەکو ‘سۆشیالیست وەرکەر پارتی’  کاتێك کە شەڕی نیوانی دوو دەوڵەتی وەکو عێراق و ئێرانی هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو هەبوو، ئەمان لایەنگری ئێران بوون بە پاساوی ئەوەی گوایە ئەمەریکا ئیمپریالییزمە و ئێران بەرگریی لە خۆیی و  نیشتمانی  دەکات، ئەمان پشتگیری ئێرانیان دەکرد .  ئەم هەڵوێستە بە ئاشکرا لە ‘ سۆشیالیست وەرکەر پارتی’ ئەو کاتەی بریتانیادا دەبینرا.

 لەم شەڕانەی ئیستاشدا وەکو شەڕی  نێوانی ڕوسیا و ئۆکرانیا ، ئەم چەپانە پشتگیریی دەوڵەتی ئۆکرانیا دەکەن لەبەر  ئەوەی کە ڕوسیا ناکۆکی سەرەکییە و ئیمپریالیزمە . هەروەها لە شەڕی حیزبوڵا و حەماس و گروپەکانی دیکە دژ بە ئیسرائیل، چەپەکان هەمان هەڵوێستیان هەیە و  لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەدان و دژ بە ئیسرائیلن، لەبەر ئەوەی پایە و بنکەیەکی گەورەی سەربازیی ئەمریکایە.  هاوکاتیش هەر بە گوێرە ئەو تیۆرە ‘ تیۆری سێ جیهانییەکە’ ئەمان پشتگیری وڵاتانی وەکو ڤێزیلا و کوبا و هەندێكی دیکە لەوڵاتانی ئەمەریکای لایتن دەکەن کە لەژێر دەسەڵاتی حیزبە چەپەکاندان کە ئەمەریکا دژایەتییان دەکات .

بەم شێوەیە تیۆری سێ جیهانەکە بووەتە پێوەرێك لای ئەم چەپانە لە بوونی جەنگی نیوان دەسەڵاتەکاندا هەڵوێستیان ئاوایە کە کامیان لەگەڵ ئەمەریکادایە ، یاخود نزیکە لە ئەمەریکاوە.

بەڕێکردنی ئەم تیۆرە لە هەر بوارێکدا لەوانەی سەرەوە کە باسم کردن تییۆرێکە لە خزمەتی سسیتەمی سەرمایەداریدایە،  دابەشکردنی کرێکاران و  کردن بە دوژمنی یەکدییە و لەتکردنی تێکۆشان و خەباتیانە.  سەرەڕای ئەمەش هەر بەکارهێنانی چەمکی ئیمپریالیزم لە ئێستادا هەڵەیە و زەربەیەکی گەورە دەدات بە بزوتنەوەی کرێکاران و جەماوەر .

لە ئێستادا هەموو جیهان سەرمایەدارییە گەرچی دابەشبوون بەسەر وڵاتانی پیشەسازی گەشەکردوو وڵاتانی ناگەشەکردوی پیشەسازیی ، شەڕی نیوانی دەوڵەتەکانیشیان شەڕی پاوانەکردن و لێدانە لە بزوتنەوەی کرێکاران،  بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لێدانە لە بزوتنەوەی سۆشیالیستی ئیتر گرنگ نییە ئەو دەوڵەتانە لە ژێر هەر ناوێکدا بن و هەر حیزبێك حوکمیان بکات و ئیدیعای چی دەکەن. پاساوی پۆلینەکردنی سەمایەدارییە بە ئیمپریالیزم و سەرمایەداریی ، کە دەکرێت لێرەدا ئەو شرۆڤەیەی بۆ بکەین کە بەشەکەی سەرمایەداری کە ناوی ئیمپیریالیزمە بەشە خراپەکەیەتی و ئەوانی دیکەیان بەشە باشەکەیەتی.

لە ڕاستیدا خەباتی هەمووان دەبێت لێدان بێت لە سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ، خەباتە دژ بە قەڵا پۆڵاینەکەی سیستەمەکە کە ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ هەرەسهێنانی خودی سیستەمەکە، نەك پشتگیریکردنی دەوڵەت لە شەڕەکانیدا بەڵکو یاخیببونە بە هەر شێوەیەك کە خەڵکی لەسەر ئاستی تاك و کۆمەڵ دەتوانێت بیکات.  پرسی تەواوی خەباتیش یەکاڵاکردنەوەی کێشەی نیوانی دەوڵەتی سەرمایەداری و کرێکاران و چەوساوەکانی دیکەیە، لابەلاکردنەوەی کێشەی کاری کرێگرتەیە و تێشکانی پایە هەرە گەورەکەی سەرمایەدارییە کە دەوڵەتە .

بەداخەوە کە ماکی تیۆری سێ جیهانی تا ئەمڕۆش هەر ماوە و ڕۆڵی گەورەی خۆی دەبینێت لە دابەشکردن و هەڵخەڵەتاندنمان بە متمانەبوون بە ڕژێمی نیشتمانی و شەڕی رەوا و دژ بە ئیمپریالیزم و قەڵاگەورەکەی سەرمایەداریی .

بەڕای من چەمکی ئیمپریالیزم کە هەندێك لە ئەنارکستەکانیش بەکاری دەهێنن هەڵەیە.  ئەوە دابەشکردنی سەرمایەداری و دەوڵەتانی سەرمایەدارییە وەکو وتم بەسەر باش و خراپدا، کەرتکردنی چینی کرێکار و جەماوەر و بزوتنەوەکانیانە، شێواندنی دروستی ئەو بیرۆکەیە کە ناسینی کاپیتاڵیزمە وەکو سیستەمێکی جیهانیی و بزونتەوە دژەکەشی هەر جیهانییە.  گەڕانەوەیە بۆ تیۆری سێ جیهانەکە و بەکارهێنانیشی بەرگریکردنە لە جەنگی نێوانی دەوڵەتانی سەرمایەداریی بە ڕەوایەتیدانە بە یەکێکیان و بە شەیتانکردنی ئەوی تریان.  کردنی ئەمەش گەر بە هۆشیارییەوە بێت یا ناهۆشیاریی زەرەرێکی زۆر  دەگەیەنێت بە بزوتنەوەکەمان هەر وەکو گەیاندویەتی .

Leave a Reply