Categories
Kurdish

بۆ وەستا خالید: ئەوە ساڵێك تێپەڕی و من هیچم لە تۆوە نەبیست

بۆ وەستا خالید: ئەوە ساڵێك تێپەڕی و من هیچم لە تۆوە نەبیست

زاهیر باهیر

08/06/2018

بەڵێ ساڵیکە ، ساڵە وەختێکە ، ساڵێکی درێژ ، بەڵام کورد دەڵێت ساڵ پێچی مێزەرەێکە … کەچی لای من ساڵ لە دابڕانی خۆشەویستانا عەیامێکە ، تەمەنێکە ….مێژوویەکە.

ساڵێکە من چاوەڕوانی زەنگی تۆم …. ساڵێکە من چاوەڕانی دەنگوباسی تۆم… ساڵێکە من بێ بەشم لە وتووێژی سیاسیانەی  تۆ …لە خۆشباوەڕیی و بەئومێدیی تۆ بە ” گۆڕان” بە گۆڕانکاریی نوێ لە وڵاتێکدا ئەوانەشی داخوازی ” گۆڕان” دەکەن لە دێوجامەدا خۆیان حەشار داوە .

ساڵێكە چاوەڕوانی زەنگێکم لە ئێرانەوە …. چاوەڕوانی پەیامێكم لە ئەردەنەوە … کورتە هەواڵێکم لە خەستەخانەی هیواوە …. بێ ئۆقرە چاوەڕوانی سەرنجامی  پشکنینەکانی دکتۆرەکانم…بەڵام دەنگ نییە …وەڵام نییە …پەیام نییە … هاوکاتیش صەبری منیش  کۆتایی نییە … ئومێدیشم بە ژیان و بە دواڕۆژ ، هەر کۆتایی نییە …

وای کە ناخۆشە،  تەنها ئەو کەسانە سەختیی  خەم و  سوێی ساڵێکی لەیەکدابڕان دەزانن، کە خۆیان بەسەریان هاتووە ،  چاوەڕوانیش لای هەندێکیان بێ هودەیە و لای ئەوانی دیکەشیان جۆرێك لە شێتییە …. لای منیش چاوەڕوانی ناخۆشترین کاتی بێ ئارامییە … بێ ئاسایشییە …. چاوەڕوانی لای من تەنها لەو حاڵەتانەدا خۆش و بە ئومێدە کە چاوەڕوانی پەتی قەنارەی … چاوەڕانی بەلەپیتکەی بەرچەکی گولەبارانیی … چاوڕوانی باشتربوونی حاڵی دەردەدارییە .

نازانم  تا ساڵیکی دیکە چی  دێت و چی دەگوزەرێت ، کێ دێتە دونیاوە و کێ دەمرێت… بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەوانەی کە من لێیانەوە نزیکم و ئەو وڵاتەم لەبەر خاتری ئەوان پێخۆش بوو … بەیادی خۆشی و یادەوەرییەکانی ئەوانەوە دڵم خۆش بوو…. لانی کەم لە نیو چەرخ زیاتر تەمەنیان هەڵکشاوە و لە نێوانی مردن و ژیانا هەندێکیان بە ئومێدەوە و ئەوانی دیکە بە بێ ئومێدیی،  دەواری سەوز و ڕەشی ژیانیان هەڵداوە … ئای ژیان چەند بێ بەزەییت .. کە بۆ زۆرێکمان تەنها کوتان و گرفت و خەم و خەفەت و وێرانکاریی و دەردەداریت …

Leave a Reply