Categories
Kurdish

بۆ وەستا خالید

بۆ وەستا خالید

09/06/2017

من ناتوانم قسە بکەم ، تەنها ویستم خواحافیزیت لێبکەم !!

بە دەنگێکی کزەوە ، بەڵام نەك بێ ئومێدییەوە ، بە هەناسە و گوڕێکی ئاساییەوە ،  نەك وەکو  کەفتەکاری تەواوی سەرجێگاو دەردەدارییەوە …..

بۆ یەکەم جار بوو، نە وەختی ئەوە مابوو ، نە توانای ئەوەشت تیادا بوو …. بۆ یەکەم جار و دواجار بوو کە تۆ باسی سیاسەتت لەگەڵ من نەکردبێت.. بۆ یەکەم جار بوو کە دەردی دڵی خۆت، سکاڵای خۆت ، لای من دەرنەبڕیبێت…. یەکەم جار بوو کە قسەکانی خۆت دووبارە نەکەیتەوە ، بە گوڕو بەو پەڕی یەقینییەوە پێ لەسەر حکومەتی دڕندە و گەندەڵکاران ،  دانەگریتەوە ….

هەموو قسەکانی تۆ بیست چرکەی زیاتر نەخایاند ” پێیان وتم کە چەند جارێك تەلەفونت کردووە ، منیش وتم با هەواڵێکت بپرسم و خواحافیزیشت لێبکەم “

 فریای ئەوە نەکەوتم کە وەڵامت بدەمەوە ، کە دڵت بدەمەوە ، بڵێم وەستاخالید بە ورە بە ، بە ئومێد بە ….. شێخ فازیل تەلەفونەکەی لێوەرگرتیت  ”  ناتوانێت لەوە زیاتر قسە بکات … توانای دانیشتن و قسەی نەماوە … هەناسەی سوار ئەبێ و هیچی تری بۆ ناوترێ… بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر خۆشی هەبوو .. زۆر مورتاح بوو چونکە بردمان بۆ باخچە و کەیفی بەوێ زۆر هات.. ”  ئەمە هەینی ، شەوەکەی ، 02/06/2017 بوو.

کە تەلەفونەکەم دانایەوە خۆمم بۆ ڕانەگیرا ….. ئاخر ناهەقم نەبوو …ئەو چرکانە ، چرکەی ئاسایی نەبوو کە بێت و بڕوات و کاراییت لەسەر دانەنێت … چەند چرکەیەك بوو هەتا ماویت لە بیرت ناچێت ، چەند قسەیەکی تیادا کرا دەبێتە یادەوەرییەك لە لات ، بەڵام چ یادەوەرییەك …. ئاخر لەوە ناخۆشتر هەیە کە کەسێکی خۆشەویستت ، ماڵئاوایت لێبکات؟ … ماڵئاوایی بۆ سەفەر و گەشت نا .. ماڵئاوایی بۆ لەماڵدەرچوون نا … چ ماڵئاوواییەك … ماڵئاوایی هەمیشەیی … ماڵئاوایی لە ژیان و دونیا دەرچوون .. ماڵئاوایی لەبیرکردنی  هەموو شتێك…. ماڵئاوایی لە هەموو گیانلەبەر و  بونەوەرێك… ماڵئاوایی  لە هەموو هیوا و ئومێد و حەسرەتێك ….

برام کەی تۆ وەختی ماڵئاوییت بوو؟!! ،  زۆر بە زوویی بەجێت هێشتن …ئاخر تۆ پرسیارەکانت بێ وەڵام مابوونەوە … هێشتا هیواکانت بێ ئاسۆ مابوونەوە … هێشتا مەرام و حەسرەتەکانت لە چاوەڕوانی داهاتوودا خۆیان لە چاوی ” گۆڕان”  مێشکی نەوشیروان موستەفادا ،  مەڵاس دابوو … تۆ هەموو هیوا و ئومێدی خۆتت بە ” گۆڕان ” بەوەوە گرێ دابوو … گەرچی من و تۆ لەو بۆچونانەدا هیچ وەخت ، یەکمان نەدەگرتەوە ، بەڵام هەمیشە بە ئارامی  و بێ بچڕاندنت گوێم بۆ ڕادەگرتی و جاروباریش سوکە ڕەتێکم دەدایتەوە … نەم دەویست  کە لێدوانی زۆر جددیت لەگەڵدا بکەم…  نەمدەویست کە دەریای خەون و خەیاڵت بهەژێنم….  چونکە دەمزانی بە هۆی دڵسۆزی و بێزاریت لە حکومەتی هەنوکە ، بویتەتە ئەو خنکاوەی  کە ‘ لە کانی خنکاندا پەنا بۆ چڵە پوشێك دەبات’  ئیدی دەستی من چەندێك درێژبوایە ، هەرگیز.. هەرگیز.. بە فریات نەدەهات…

 هاوڕێیەك لە مردنی هاوڕێیەکدا ، نوسیبوی ” کە هەر هاوڕێیەك دەمرێت، کە کەسێکی نزیکمان دەمرێت… ئەوە بەشێك لە ئێمە دەمرێت”  بەڕاستی ڕاستە .  بە مردنی تۆش بەشێك لە من دەمرێت … تا ڕادەیەك بیرەوریی  و یادەوەرییەکانیش دەمرێت… ڕەنگە هەلی ئەوەش نەڕەخسێت کە بە یادیان بکەینەوە … بیریان لێبکەینەوە .

لەگەڵ مردنی هەر یەکێك لە ئیوە ، لەگەڵ مردنی بیرەوەرییەکان و یادەوەرییەکانیشا ، بەشێکی پەیوەندی منیش لەگەڵ ئەو خاکەدا، لەگەڵ  ئەو وڵاتەدا ، دەمرێت… منێك کە خاوەنی هیچ نەبم لەو وڵاتە …نە لە موچە و نە خانەنشینی و نە خانو و نە زەوی.. دەبێ بێ لە پەیوەندیم لەگەڵ هاوڕێیان و هاوتەمەنەکانم   ئیدی چ شتێکی دیکە من پەیوەست بکاتەوە بەو وڵاتەوە، بەو خاکەوە  ‘کوردستان’

لە یەکێك لە نامەکانی عەتا قەرەداخی-دا بۆم، لە کۆتایی ساڵانی 80 کانا بۆی نوسیبوم ” …. ئەوەندە بێزارم لەم وڵاتە تەنانەت پێڵاوەکانیشمی پێوە نانوسێت ”  منیش لە کۆچی دوایی ئێوەدا … لە خەمباریی و بێزاریی مردنی ئێوەدا …ناچارم  هەمان قسەی ئەو بکەمەوە.

یادت هەمیشە بەخێر و ڕۆحت شاد وەستاخالید

زاهیر باهیر –  09/06/2017

  ساڵی 2011 پاش شەش ساڵ دوای سەفەری پێشترم کە گەڕامەوە کە قسەمان کرد ” کە یەکتر ببینین… ڕۆژێك دانێ هەرر لە بەیانیەوە هەتا ئێوارە بۆ من…. ” وتم زۆرم پێخۆشە وای لێدەکەین ”  دەچین بە لایەکدا… دەچین بۆ باخچە و قەراخ … یا بۆ ئاخجەلەر و ئەو ناوە … یاخود بۆ ماوەت و بێژوێ..” وتم ماوەت و بێژوێ  ، ژاژڵە و ئاوکورێ، گرگاشە و گوێزڵی ، شاناخسێ و مەروێ و دێرێ ….وەستا خالید من حەز دەکم من ئەو ناوە ببینمەوە .. چونکە من لە ساڵی 1973 دا لە شاناخسێ مامۆستا بووم … ئەو ناوچەیە یەکێکە لە بەهەشتەکانی ئەم سەرزەمینە .  ڕۆژەکە هات و دوو قۆڵی ڕۆیشتین … ماوەت و ئاوکورتێ و ژاژڵیمان بە جێهێشت بەرەو گوێزڵێ و گرگاشە و شاناخسێ…  ماتی دایگرتم ” ئەوە چییە مات بوسیت .. بێ دەنگ بوویت”  … وەستاخالید ئەم وڵاتە کاتی خۆی زۆر خۆش بوو ، یەکجار خۆش بوو خۆشی ئەم دێیانە کە ئەو کاتە من مامۆستا بووم لێرە بە مامۆستا ئەحمەدەوە بوو لە گوێزڵی کە کەسێکی یەکجار جەماوەری بوو .. بە مامۆستتا عومەری ئایشە گەورەوە بوو … کە یەکجار قسەخۆش و قۆشمە بوو … دایکی ژنێکی زۆر مەزن بوو … شاناخسێ بە کاك ڕەشیدد-ی سەقای مەفکتەبەکەمانەوە بە حاجی عەلی-یەوە ، حاجی سەعیدەوە بە ئەحمەد و موحەمەدی حاجی سەعید و مەجید-ی حاجی عەلی و بلە سوور و فەقێ ڕەشی مەروێ و قوتابییەکانمەوە خۆشبوو…  من ئاگەدارم کە چەند کەسێك لەوانە یادیان بەخێر نەماون … بەڵام نازانم بۆ ئەوانی دیکەیان … وەستاخالید .. ماتییەکە و بێدەننگییەکەی من ئا لەوەوەیە چونکە دەزانم هەندێکیان نەماون و هاوکاتیش نازانم ئەوانی دیکە چۆنن و چیان بەسەرهاتووە..  ” وەرە دەچینە ماڵێکیان و چایەك دەخۆین و تۆ ش پرسیارەکانی خۆت بکە و هەواڵەکایش دەزانیت””  بێ تیاڕامان ، نا وەستاخالید نامەوێت لەوە زیاتر عازاب بخۆم … هەنەێك کەس هێشتا لە خەیاڵ و لە زهنی مندا هەر ماون.. نەك هەواڵی مردنیان و کوژارانیان بزانم … با لەوە زیاتر دڵگرانتر و نیگەرانتر نەبم … تۆش  قسەت نەکرد و بەردەوام بوین لەسەر ڕۆیشتنمان … تا ئێوارە درەنگێك لە قەڵاچۆلانەوە خۆمان کردەوە بە شاردا.

ساڵی 2014 کە هاتمەوە و لە ڕۆژاوا لەگەڵ برادەرەکەمدا گەڕاینەوە تۆ خوانێکی باشت لە باخچە بۆ من و سەردار ( سەردار حەسەن ئەمین) فوئاد قەرەداخی ، ئەشرەف تاڵەبانی ، هۆشیار شێخ موحەمەد ، ئەمجەد و سڵێمان شاکەلی مامۆسیتا شێخ عەبدوڵای شێخ مارف  ، ڕێكخست وەختێکی زۆر خۆشمان بۆ خواردن و خواردنەوە قسە و باسی بە تایبەت لەسەر ڕۆژاوا کە زۆر نەبوو من و سەردار گەڕابوینەوە… ئەوەش جەدەلێکی گەرم و گوڕی لە نێوانمانا دروستکرد … تۆ لە هەموومان

Leave a Reply