ده‌رباره‌ی: “ڕێکخراوی کار”
(گفتوگۆ له‌گه‌ڵ زاهیر باهیر، ئیبراهیم ئیسماعیل و مه‌لا ڕه‌ئووف)
کانوونی دووهەمی 2012
“ڕێکخراوی کار” یه‌کێکه له‌و ڕێکخراوه کۆمۆنیستییانه‌ی که له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو هاته نێو مه‌یدانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستی له عێراقدا.
بۆ شاره‌زایی سه‌باره‌ت به‌م ڕێکخراوه و هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژووی چه‌پ و کۆمۆنیزم له‌و ده‌وره‌یه‌دا، گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ “زاهیر باهیر، ئیبراهیم ئیسماعیل و مه‌لا ڕه‌ئووف” وه‌ک دامه‌زرێنه‌ران و ڕابه‌رانی ئه‌و ڕێکخراوه ساز ئه‌که‌ین.
پرسیار: به‌ڕێزان زاهیر باهیر، ئیبراهیم ئیسماعیل، مه‌لا ڕه‌ئووف! ئه‌وه‌نده‌ی من بێته‌وه بیرم، له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستیدا “کار” وه‌کوو “ڕێکخراو”ێک و هه‌میشه له‌گه‌ڵ “کارگه‌ران” ناوی ده‌هات و ده‌وترا، ڕێکخراوی “کار و کارگه‌ران”. پێش هه‌ر شتێک پێم باشه ئه‌وه بپرسم، “کار” به‌لای خۆتانه‌وه وه‌کوو ڕێکخراوێک چاوی لێ ده‌کرا، وه یان وه‌کوو ئه‌ڵقه و مه‌حفه‌لێک؟ پاشان ناوی ته‌واوه‌تی “کار” وه یان “العمل” چی بوو؟ ناوی ڕێکخراوه‌که به‌نێوی “کاره”ه‌وه چ مانا و مه‌به‌ستێکی دیاریکراوی له پشته‌وه بوو؟ “کار” که‌ی دامه‌زرا و دامه‌زرێنه‌رانی کێ بوون؟ ئایا به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنییه‌وه هیچ ڕاگه‌یاندنێک بڵاو کرایه‌وه؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: کار گرووپێک بوو لە خەڵکانی جیاواز، کە کاری سیاسی‌یان لە گرووپ و ڕێکخراوی لێنینی_ ماوی لە سەرەتای هەفتاکان و خەڵکانێکی تر کە هەر لەو سه‌رده‌مانەدا لە گەڵ حیزبی شیوعیی عێراقی (قیادەی مەرکەزی) کاریان کردبوو، هه‌روه‌ها کەسانێکی تر کە هەر زوو لە کۆمەڵەی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان پچڕا بوون، وه یان کۆنە جەلالی و پارتی یان هەر هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیی سیاسی‌یان پێشتر لەگەڵ چ ڕێکخراو و گرووپێكدا نەبووە.
ئێمە وا دێتەوە یادمان، کە کار لە کۆتایی ساڵی 1978 لە نێوانی مانگی سێپتەمبەر و کۆتایی ئەو ساڵەدا یا خود سەرەتای ساڵی 1979دا درووست بوو. ئەمەش پاش ئەوەی کە زۆربەی ئه‌و برادەرانه‌ی پێشتر لە قیادەی مەرکەزی (وه‌حده‌تول قاعیده)دا بۆ ماوەیەکی کورت کاریان کرد و هەر زوو به‌و سەرئەنجامه گه‌ییشتن، بەهۆی بوونی کێشەی بنەڕەتیی فکریی و چونیه‌تی چالاکیکردن و هەنگاوی عەمەلی بە هیچ شێوەیەک ناتوانن، لەگەڵ ئەو هێڵە سیاسییەدا بڕۆن. هەموو ئەمانە وای کرد، کە زۆربەی هاوڕێیان واز لەو ڕێکخراوە بهێننن و شتێکی تر درووست بکەن.
دامەزرێنەرانی گرووپە تازەکە بریتی بوون له، ئیبراهیم ئیسماعیل، (ل. ک)، زاهیر باهیر، تەیب عارف و ئەشرەف نامیق. هه‌روه‌ها هه‌ر زۆر زووش مەلا ڕه‌ئووف و دوای ماوەیەکیش ئەکرەمی حەپسە (یادی بەخێر) په‌یوه‌ندییان پێوە کردین،
ناوی ڕێکخراوەکە “گرووپی مارکسییە لینینییەکانی عێراق” بە کوردی و بە عەرەبیش “فصیلة مارکسیة لینینیة عراقیة” بوو، بەڵام لەناو خەڵک و نێو گرووپەکانی تردا هەر بە ناوی “ڕێکخراوی کار”ەوە دەناسرا، کە زمانی حاڵیان ڕۆژنامەی “کار” بوو.
بڵاوکراوەکەمان ناونا “کار”. ناونانیشی بەنێوی “کار”ه‌وه بەهۆی ئەو پەیامەوە بوو، کە دەیویست بیگەیەنێت، کە کارکردن بۆ یەکگرتنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بوو. “ڕێکخراوی کار” کاری بۆ درووست‌کردنی پارتی کۆمۆنیستی عێراقی دەکرد.
پرسیار: ڕێکخراوی کار بێگومان ڕێکخراوێکی سه‌رتاسه‌ری بوو، ته‌نانه‌ت ئۆرگانێکیشی به زمانی عه‌ره‌بی به‌نێوی “العمل”ه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام له‌ڕووی هه‌ڵسووڕان و ڕێکخراوه‌یییه‌وه بازنه‌ی کاری کوێ بوو، وه یان بڵێین، له چ شار و ناوچه‌یه‌ک ئه‌ندام و لایه‌نگری هه‌بوو؟ ئه‌کرێ بزانرێ ژماره و قه‌باره‌ی ڕێکخراوه‌که چه‌ند و چۆن بوو؟ له چ جۆره که‌سانێک پێک هاتبوو، واته پێکهاته‌ی چینایه‌تیی ئه‌ندامانی چی بوون؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: ڕاسته ئێمه ئامانجمان هه‌موو عێراق بوو، به‌ڵام سەنگ و قورسایی ڕێکخراوەییمان له کوردستاندا بوو. ئێمە خەڵکمان لە بەسرە و بەغدادیش هەبوو، هاوڕێیانی بەسرەمان زۆربەیان شەهید بوون، ئەو هاوڕێیەیش کە بەرپرسیاری ڕێکخستنی بەغداد بوو، تێدا چوو. ئیتر بەهۆی ئەمەوە ئەو په‌یوه‌ندییه بچڕا و ئیدی بە حوکمی ئەو بار و دۆخە نالەبارەی ئەو سەردەمە هیچ لایەکمان ئەوی ترمانی نەدۆزییەوە.
لە هەقەتدا کارێکی هه‌ر وا ئاسان نییە، کە بزانین، لەو کاتەدا ژمارەمان چەند بوو، بەڵام ئێمە ڕێکخراوێکی گەورە نەبووین. هاوڕێیانێک کە لەگەڵماندا بوون، لە چین و توێژاڵی جیاجیاوە هاتبوون وه‌کوو: جووتیار، کرێکار، مامۆستا، کاسبکار، ئەندازیار، فەرمانبەر، قوتابییانی زانکو ئامادەیی لە کچان و کوڕان، خەڵکانی موختەفی سیاسی و سەربازی ڕاکردوو… هتد.
پرسیار: له‌و ده‌مه‌دا و له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستیدا ئه‌وانه‌ی که ڕه‌خنه‌یان له حیزبی شیوعی عێراقی، سۆڤێت و بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات هه‌بوو، زیاتر که‌وتبوونه ژێر کاریگه‌ریی بیری “ماوتسیتۆنگ”ه‌وه، وه له ڕاستیدا ئه‌و ده‌مه ئیتر بیری ماویش ئه‌و بره‌وه‌ی نه‌مابوو، باس له گه‌ڕانه‌وه بوو، بۆ سه‌ر سه‌رچاوه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی مارکسیزم (مارکس، ئه‌نگڵس، لێنین)، له‌م نێوه‌شدا شۆڕشی ئێران و “یه‌کێتیی تێکۆشه‌رانی کۆمۆنیست” و خودی مه‌نسوور حیکمه‌ت ڕۆڵێ گه‌وره و گرنگیان بینی. هه‌رچی ڕێکخراوی “کار” بوو، به‌پێچه‌وانه‌ی گشت ئه‌وانه‌وه، وه‌کوو ڕێکخراوێکی ترۆتسکی له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستی ده‌ناسرا. کاریگه‌ریی ئه‌و ڕێبازه له‌و ده‌مه‌دا به‌سه‌ر ئه‌و ڕێکخراوه، وه یان درووستر بڵێین، پێکهێنانی ڕێکخراوێک له‌و تێڕوانینه‌وه چۆن ڕاڤه ده‌کرێ؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: ئێمە یەکێک بووین لەو ڕێکخراوانەی هەر لە سەرەتای درووستبوونمانەوە زۆر بە باشی لە سیاسەتی ڕووسیا و چین گه‌ییشتبووین، هەر بۆیە زۆر بەتوندی ڕەخنەمان لێ دەگرتن. ئێمە هیچ وەختێک نە ماوی بووین و نە ترۆتسکی، تێڕوانینی خەڵکان و گرووپەکانی تر بۆ ئێمە کە گوایە ترۆتسکی بووین، ڕەنگە بە دوو هۆ بووبێت: یەکەمیان، ئێمە ڕەخنەمان لە کارەکانی لێنین و نووسینەکانیشی دەگرت. دووهەمیش، ئێمە شلە په‌یوه‌ندییه‌کمان لەگەڵ ڕێکخراوی وه‌حده‌تی کۆمۆنیستیی ئێران‌دا هەبوو، کە هەندێک هاوڕێمان لە سەردەمی ڕاپەڕینەکەی ئێران‌دا، لەوێ درووستیان کردبوو. وه‌حده‌تی کۆمۆنیست‌یش په‌یوه‌ندییان لەگەڵ سۆسیالیست وەرکەر پارتی به‌ریتانیدا پتەو بوو، کە ئەو پارتە لەڕووی فکریییەوە تێکەڵەیەک لە فکریی لێنینی و ترۆتسکی بوو. وه‌حده‌تی کۆمۆنیستی کتێبێکی ئەوانیان بۆ فارسی بە ناوی “چی بکەین؟” تەرجومە کردبوو و هاوڕێیەکی ئێمه‌ش هەر لەو سەردەمەدا بۆ کوردی وەریگێڕا. ڕەنگە ئەم دوو هۆیە بووبێت، کە خەڵکی ئێمەی بە ترۆتسکی ناو بردبێت. ئەمە جگە لەوەش ئەو نه‌ریته‌ش لە ئارادا هەبوو، گەر گرووپێک ئەوی تری بەدڵ نەبووایه، ئه‌وه ئاسایی بوو، کە ناوی بە ناوێک کە لەناو خەڵک و کۆمەڵگەدا خۆشەویست نەبوو، بزڕێنێت.
سەبارەت بە مه‌نسوور حیکمەت، هیچ کام لە ئێمە تاوه‌کوو لە عێراق بووین، ناوی ئەومان نەبیستبوو، لە هەقەتدا ئەوەی کە لەو سەردەمە لە هەموو کەسێکی تر زیاتر لەناو بزووتنەوەی ئێرانییەکاندا دیار بوو، عەبدوڵای موهتەدی بوو، وه ئەو کات هەر باس و خواسی کاسێتەکانی ئەو بوو بەدەست هاوڕێیانی کارگەرانەوە.
پرسیار: ئێوه ئه‌ڵێن، ڕه‌خنه‌مان له لێنین هه‌بووه، ئایا هه‌ر ڕه‌خنه‌تان لێی هه‌بووه، وه یان له‌لای ئێوه لێنین هه‌ر وه‌ک ماوتسیتۆنگ ڕه‌ت ئه‌کرایه‌وه؟ ئه‌گه‌ر بکرێ، بزانین، ڕه‌خنه‌کانتان چی بوون؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: ئێمە لێنین و لێنینییەتمان ڕەت نە کردبووەوه، به‌ڵکوو تەنها ڕەخنەمان لەسەری هەبوو. ئەو مەسەلانەش ئەوەندەی من و ئیبراهیم بێتەوە خەیاڵمان لەو سەردەمەدا 3 مەسەلە بوون: یەکەمیان، سەبارەت بە كێشەی نەتەوایەتی و حەلی لێنینییانه. دووهەم، مەسەلەی تەرکیبی حیزبی کە دەتوانین پێی بڵێین پارتی هیراشی، هایڕاکی، یان قوچکەیی، گەرچی ئێمە خۆشمان خۆمانمان بەتەواوی لێ ڕزگار نە کردبوو، ئەویش بەهۆی ئەو بار و دۆخە سڕییەی لە سایه‌ی ئەو ئیرهابە گەورەیەی کە هەم لەلایەن دەسەڵاتەوە و هەم لەلایەن بزووتنەوەی کوردی و ئیسلامییەوە بەسەرماندا سەپێنرا بوو. ئێمە لەو سەردەمەدا جگە لە خۆمان گرووپی ترمان نە دەبینی، کە لە هەمان کاتدا ئیرهابی هەر سێ لای لەسەر بێت. سێهەم، ئێمە هەستمان بەوە کردبوو، کە لێنین و پارتەکەی لە حوکمدان و مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم موعارەزەکانی تردا، هەر لە ئه‌نارکیستەکانەوە، تاکوو مه‌نشه‌ڤییه‌کان و مارتۆڤییەکان و هەموو لایەنە چەپەکانی تر، کە زۆر جار لێنین تەشهیری پێ دەکردن، زۆر نا عادیلانە بوو. بەپێچەوانەی ئەوانەوە ئێمە هەمیشە پەیوەندییەکی هاوڕێیانەمان لەگەڵ دەستە و گرووپەکانی تردا هەبوو، هەر لە خەڵکانی ناو کۆمەڵەوە، کارگەران، دەستەی پێشەوا، کۆمەڵێکی تر هەبوون کە ئێمە پێمان دەوتن فەوزەوییەکان، قیادەی مەرکەزی هەتا عەناسرە هەرە باشەکانی ناو لیژنەی مەرکەزیش. تەنانەت ئێمە خەڵکمان بۆ شاردوونەتەوە، خەڵکمان بە سەیارەی خۆمان بۆ گواستوونەتەوە و بە چەکیش یارمەتی یەک دوو گرووپێكیانمان داوە. بەداخەوەین، کە بڵێین، ئەم ڕۆحییەتەمان لە گرووپەکانی تردا یان هەر نەدەبینی، یا هەر زۆر کەم.
پرسیار: تێڕوانینی “کار” بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌مانه چی بوو: حیزبی شیوعی عێراقی (لیژنه‌ی مه‌رکه‌زی)، حیزبی شیوعی عێراقی (قیاده‌ی مه‌رکه‌زی)، کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران و مارکسیزمی شۆڕشگێڕ؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: حیزبی شیوعی هه‌ر دوو باڵه‌که‌ی لای ئێمه ڕێکخراوی نا کۆمۆنیستی بوون، ئه‌میان ئه‌ڵقه له گوێی سۆڤێت و ئه‌وی تریان چین بوو. ئەمە جگە لەوەی کە لیژنەی مەرکەزی لەگەڵ ڕژێمی ئەو سەردەمەدا لە بەرەی نیشتمانیدا بوون، قیادەی مەرکەزیش بووبووە پاشکۆی بزووتنەوەی کوردی و پارتی دێمۆکراتی کوردستان. هەروەما هەمیشە ڕەخنەشمان لە جۆری ئیشکردنیان و مامەڵەیان له‌گەڵ ئەندام و چەکدارەکانی خۆیاندا دەگرت، کە مامەڵەیەکی وەحشییانە بوو، جاری وا هەبوو، دەگه‌ییشتە ڕادەی تێرۆرکردنی هاوڕێیانی خۆیان.
کۆمه‌ڵه‌ی ڕەنجده‌رانمان به ڕێکخراوێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانی، پێشبینی ئەوەشمان دەکرد، کە ببێته بنەی خەڵکانی شۆڤێنی و توندڕەو و دیکتاتۆر. ئێمە بەگومان بووین لەوەی، کە ئەم ڕێکخراوە هەرگیز ببێتە ڕێکخراوێکی مارکسی_لێنینی. چوونە دەرەوەیان و دەستدانە چەکیان لای ئێمە گەورەترین هەڵە بوو، وه بە کارێکی خۆکوژیمان دەزانی و ئەوەمان دەزانی، کە هەر ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی بیەوێت کار بکات، دەبێت سەنگ و قورسایی خۆی بخاتە سەر شارەکان. هەموو ئەمانە لەگەڵ هەبوونی هەندێک جیاوازی بنەڕەتیی تری فکرییمان، خلافی نێوانمان بوون، کە هەمیشە بە دوو هێڵی تەریبی دەڕۆیشتین و نە دەگه‌ییشتینە یەک. بەڵام نکۆڵی لەوە نەدەکرا، کە هەندێک خەڵکی زۆر باشیان لەگەڵدا بوو، بەڵام دەمانزانی له‌ژێر ڕکێفی جه‌لال تاڵه‌بانی و نەوشێروان مستەفادا مەحاڵ بوو، ئاڕاستەی کۆمەڵە بە لایەکی تردا بڕوا، جگە لەوەی کە گرتییە بەر. شایانی باسە، ئەوەش بڵێین، کە ئەم هەڵوێستانەی ئێمە مەترسی زیاتری لەسەر ژیانی هاوڕێیانمان درووست کرد بوو، هەتا گه‌ییشتە ڕاده‌ی هەڕەشەی کوشتن.
پرسیار: هه‌ر وه‌کوو باسم کرد، له‌و ده‌مه‌دا ناوی کار و کارگه‌ران پێکه‌وه ده‌هات، لێکدانه‌وه‌ی ئێوه بۆ ئه‌و ڕێکخراوه چۆن بوو؟ ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم، ئه‌گه‌رچی قسه‌کردن له‌سه‌ر “کار” یه‌کێک بوو له بابه‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی ڕه‌خنه‌یی “کارگه‌ران” به‌ڵام له گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ نادر عه‌بدولحه‌مید ئاماژه به په‌یوه‌ندییه‌ک له‌نێوان ئه‌و دوو ڕێکخراوه ده‌کات، ئێمه ده‌پرسین، ئه‌و په‌یوه‌ندییه چۆن بووه و له چ ئاستێک‌دا بووه؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: ئێمه دوو ڕێکخراوی چیاواز بووین، به‌ڵام له زۆر بواردا هاوکاری یه‌کترمان ده‌کرد، ڕه‌نگه بتوانین بڵێین، نزیکترین گرووپ بوون لێمانه‌وه. پەیوەندیی نێوانمان بۆ پاڕاستنی نهێنی و لەیەک ئاشکرانەبوونی هاوڕێیان، تەنها لەسەر ئاستی فەرد هەبوو، کە لە لایەن کارگەرانەوە بەختیار مسته‌فا و پێمان وایە، جەبار مسته‌فاش، لە تەرەفی کاریشەوە زاهیر، ئیبراهیم و مەلا رەئوف بوون، بەڵام نەک بە یەکەوە به‌ڵکوو بەجیاجیا.
پرسیار: ڕێکخراوی کار چ لێکدانه‌وه‌یه‌کی بۆ سیسته‌می ئابووریی عێراق هه‌بوو؟ هه‌روه‌ها چ تێڕوانینێکی بۆ حکوومه‌تی عێراق هه‌بوو؟ چۆن بیری له ڕووخاندنی ئه‌و حکوومه‌ته ده‌کرده‌وه، یان با ڕۆشنتر پرسیاره‌که‌م بکه‌م، ئایا بیری له خه‌باتی چه‌کدار ده‌کرده‌وه، یان نه‌خێر بۆ ئه‌و کاره، هه‌ر ڕێکخستنی کرێکاران، ڕابه‌رایه‌تیی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان و سه‌ره‌نجام ڕاپه‌ڕینیانی ده‌گرته به‌ر؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: ئێمه سیستەمی ئابووریی عێراقمان بە کۆمپرادۆری و تێکەڵەیەک لە ئابووریی سەرمایەداری و فێئۆداڵی دەزانی. جۆری شێوازی فەرمانڕەواییشیمان بە دیکتاتۆرییه‌ت و فاشییه‌ت دەزانی. ئێمە لە سەروبەندی دیراسەیەکی چڕوپڕی باشناسینی ئابووریی عێراقدا بووین، هاوڕێیەکمان بە هاوکاری ئەوانی ترمان ڕەنجێکی زۆری بۆ دا و سەرچاوەیەکی زۆریشی بۆ پەیدا کرد، بەڵام بەهۆی ده‌رچوونمانەوە لە عێراق، نووسینی ئەوە دواخرا و دواتریش کە گه‌ییشتینە ئه‌ورووپا، ئەو پرۆژه‌یە بەتەواوی لەبار چوو.
وه‌کوو پێشتریش ئاماژەمان پێی کرد، ئێمە هەرگیز باوەڕمان بە خەباتی چەکداری نەبوو، هەمیشە شارمان بە بنکەی خەبات و خۆپیشاندان و ڕاپەڕین دەزانی. کە ئەمەش خاڵێکی جیاوازیی نێوانی ئێمه و زۆربەی ڕێکخراو و گرووپەکانی ئەو سەردەمە بوو، لەپاڵ دەرککردن بە مەترسی ئیسلامییەکان، ڕزگارکردنی خۆمان لە دۆگما بە ڕەخنەگرتن لە لێنین و فکریی لێنین و گەلێکی تریش.
پرسیار: تێڕوانینی گرووپی کار بۆ پرسه دێمۆکراتییه‌کان چۆن بوو؟ به مانایه‌کی تر، ئایا پێتان وابوو، ئه‌و پرسه دێمۆکراتییانه‌ی که به چاره‌سه‌رنه‌کراوی مابوونه‌وه، ئه‌رکی بۆرژوازییه و ئه‌وه‌ی کرێکاران له‌سه‌ریانه، به‌رپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستییه؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: ئێمه باوه‌ڕمان به دابه‌شکردنی جیهان نه‌بووه به 3 به‌شه‌وه، واته جیهانی 3 و دوو یه‌ک که ئه‌مه‌ریکا و شوره‌وی جاران بوو. که ئه‌مه‌ش هێڵێکی جیاکه‌ره‌وه بوو، له‌نێوانی ئێمه و گرووپه‌کانی تردا. ئا له‌مه‌شه‌وه توانیبوومان، ڕه‌دێکی ته‌واو و به‌جێی چه‌مکی “گه‌شه‌سه‌ندنی نا سه‌رمایه‌داری” که لیژنه‌ی مه‌رکه‌زی باوه‌ڕی پێی هه‌بوو، بده‌ینه‌وه، که ئه‌مه‌ش بناغه‌ی هه‌موو شته‌کانی تره. واته، گه‌ر تۆ مه‌سه‌له‌کانی وه‌کوو زه‌ویوزار و نه‌ته‌وایه‌تی و به‌پیشه‌سازیکردنی وڵات و شته‌کانی تر بۆ شۆڕشی بۆرژوازی دابنێیت، ئه‌مه ده‌قاوده‌ق ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی مه‌رکه‌زی بوو، که ئه‌وان هه‌مان شتیان داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وان ئیزافه‌یه‌کیان هه‌بوو، که: گه‌رچی ئه‌و شتانه له‌و قۆناغه‌دا ده‌کرێت، به‌ڵام ده‌توانرێت، له سه‌رمایه‌داری خۆ بپارێزرێت. ئه‌مه‌ش یانی، ئه‌وه‌ی به کردنی ئه‌مانه له‌و قۆناغه‌دا ڕیگا خۆش ده‌کات بۆ سۆسیالیزم بێ ئه‌وه‌ی به قۆناغی سه‌رمایه‌داریدا بڕوات.
دیاره ئێستا من [ هاوڕێ سالار ‘ من ‘ هه‌ر بۆ من ده‌گه‌ڕیته‌وه ، واته هه‌ر من ڕام وابووه ئیتر نازانم خۆت چۆن ته‌گبیری ئه‌م چه‌ند دێڕه ده‌که‌یت ] ڕام له‌سه‌ر سه‌رجه‌می مه‌سه‌له‌کان زۆر جیاوازه، به‌ڵام گه‌ر به‌و تێڕوانینانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه ته‌ماشای بکه‌م، ده‌ڵێم، ئه‌مانه گه‌ر له سایه‌ی حیزبێکی بۆرژوازی وه‌کوو لیژنه‌ی مه‌رکه‌زی یا به‌عسدا بکرایه، ئه‌وه سه‌رئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ر سه‌رمایه‌داری ده‌بوو. هه‌رچی ئێمه بووین، ده‌مان وت، که بۆرژوازی و هه‌موو حیزبه‌کانی عاجزن له‌وه‌ی، ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی که له سه‌ره‌وه ناونووسم کردن، لابه‌لا بکه‌نه‌وه، چونکه پێکهاته‌ی چینایه‌تی و ڕێڕه‌وی تێکۆشان و به‌رنامه و ئامانجیان له کردنی ئه‌وانه‌دا ڕێگر ده‌بوو. بۆیه ئێمه ئه‌مانه‌مان به موهیمه یا ئه‌رکی سه‌رشانی پارتی کۆمۆنیست یان بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ده‌زانی. هه‌رچه‌نده ئێمه به‌رنامه‌ی لایه‌نی خواروو و لایه‌نی سه‌روومان هه‌بوو، به‌ڵام ئێمه هیچ کات مه‌به‌ستمان ئه‌وه نه‌بووه، به‌رنامه‌ی لایه‌نی خواروو یانی، قۆناغی دێمۆکراتی یا بۆرژوازی ده‌بێت ئه‌مه بکرێت دواتر یا له قۆناغی ئاینده‌تردا مه‌سه‌له سوشیالیستییه‌کان ئه‌نجام بدرێت. ئێمه له‌وێدا ته‌نها ئه‌وه‌مان بۆیه دانابوو، چونکه ده‌رکمان به‌وه کردبوو، که ئه‌و به‌رنامه‌ی لایه‌نی خوارووه، داخوازییه‌کانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکه‌که‌یه و دڵنیا بووین، خه‌ڵکیش له ده‌ره‌وه‌ی ئێمه هه‌ر خه‌بات بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن. جا له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌رکی سه‌ر شانمان بوو، هه‌م دایان بنێین و خه‌باتی بۆ بکه‌ین، هه‌م سه‌پۆرتی خه‌ڵکیش بکه‌ین، که له ده‌ره‌وه‌ی ئێمه خه‌باتی بۆ ده‌که‌ن. ئه‌و مه‌سه‌لانه لای ئێمه به‌شێک له ئه‌رکی کۆمۆنیسته‌کان له شۆڕشی سوشیالیستی له‌و وڵاتانه‌دا بوون. یان ڕاستتر، بوونه‌ته گۆشتی گه‌رده‌مل و که‌س نایه‌وێت، کاری تێدا بکات، وه بۆرژوازیش جارێکی تر ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و مه‌سه‌له‌کانی تر حه‌ل بکات، به بیانووی ئه‌وه‌ی که له‌بیری چووه، یان به‌جێی هێڵاوه بۆ ئه‌م کاته یان له ئێستادا به زه‌رووری ده‌زانێت بیکات. بێگومان هه‌ر له کوردستاندا نه‌بوو، که ئه‌و مه‌سه‌لانه لابه‌لا نه‌بووبوونه‌وه، به‌ڵکوو له زۆر شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌روا به ده‌ستلێنه‌دراوی مابوونه‌وه. [ هاوڕێ من و بله سه‌رنجی ئه‌م 3 دێڕه‌ی که تۆ هێڵت به‌ژێردا کێشاوه، دا ، مه‌به‌سته‌که‌ی لامان زۆر ڕونبو. مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌نده بلێم لێره‌دا: که مه‌به‌ستمان له‌وه‌یه که ئه‌و سه‌رده‌مه یا قۆناغه به‌سه‌رچوو که بورجوازییه‌ت به‌تایبه‌ت له‌و کاته‌ی عێراق دا ، ئه‌و مه‌هامانه جێ جه جێ بکات ، گه‌رچی بورجوازییه‌ت له گه‌شه‌کردن و پاوان‌کردنی ته‌واوی که‌رته پیشه‌سازیی و کشتیارییه‌کان و په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و چاره‌سه‌کردندا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه‌دا، بوو . ئێمه هه‌م له خلالی خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌کانی مارکس و که‌سانی تری ئابوریناسی وه‌کو سه‌میر ئه‌مین و هی تردا و هه‌میش ئه‌مه‌ریکامان به عه‌مه‌لی ده‌بینی که ده‌یویست سه‌راپای جیهان قۆرخ بکات له ڕێگای کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانییه‌وه یا کۆمپانیا فره ڕه‌گه‌زییه‌کانه‌وه، که ئه‌مه‌ش دیارده‌ی ئه‌وه‌ی نیشان ده‌دا که دونیا بچوکتر ده‌بێته‌وه ، یاخوود هه‌وڵده‌درێت سنوره‌کان ببه‌زێنرێت زیاتر له‌وه‌ی تۆخ بکرێته‌وه. جا لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم ئه‌وانه‌ی که له عێراق دا نه‌کرابوو ده‌بووایه بکرایه‌و ده‌شمانزانی ئه‌مانه شتی بورجوازین وه‌کو پێشتر له وڵاته گه‌وره‌کان و ڕۆژاوادا کرابوون، بۆیه لای ئێمه ئه‌وانه بووبوونه مه‌هامی بزوتنه‌وه‌ی پڕۆلیتاری و ته‌نها له سه‌ر ده‌ستی حوکمێکی سۆشیالیستیانه‌دا ، لابه‌لا ده‌بووه‌وه. به‌هیوام تیشکێکم خستبێته سه‌ر پرساره‌که‌ت ، گه‌ر هێشتا هه‌ر گرفته لاتان ، تکایه ئاگه‌دارم بکه‌ره‌وه به موحه‌ده‌دی په‌نجه بخه‌ره سه‌ر نادیاره‌که‌و منیش هه‌وڵێکی تری له‌گه‌ڵدا ده‌ده‌م]
پرسیار: به‌پێێ وه‌ڵامه‌که‌تان بێت، ئێوه ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئه‌رکانه به هی بۆرژوازی ئه‌زانن، به‌ڵام ئیتر بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌و ناتوانێ پێی هه‌ڵسێ، جا له‌به‌رئه‌وه کرێکاران ده‌بێ ئه‌و مه‌ساڵانه چاره‌سه‌ر بکه‌ن. دیاره باقی چه‌پیش هه‌ر وایان گووتووه و لێنینیش هه‌ر وای کرد. به‌ڵام من ئه‌ڵێم: به بروای من نه ئه‌بوو، ئه‌و وه‌ڵامه به باسی تێزی سێ جیهانی و گه‌شه‌ی نا سه‌رمایه‌داری ببه‌ستنه‌وه. ئێوه هاتوون، باسی ئه‌و دوو شته‌تان کردووه و پاشان له‌وێوه ئه‌نجامگیری ئه‌وه‌تان کردووه: (مادام ئێمه دژی ئه‌و دوو تێڕوانینه بووین، که‌واته، ئێمه بڕوامان به‌وه نه‌بووه، که ئه‌و ئه‌رکه دێمۆکراتییانه بۆ بۆرژوازی به‌جێ بهێڵین و به ئه‌رکی خۆمان و چینی کرێکاری نه‌زانین). چونکه ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌و دوو تێڕوانینه هه‌بووبێت، مانای ئه‌وه نییه، ئیتر ئه‌رکه دێمۆکراتییه‌کانیان به ئه‌رکی خۆیان نه‌زانیوه! به‌ڵکوو ڕێک به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وانه‌یان باشتر به ئه‌رکی خۆیان زانیوه. ماوییه‌کان که بڕوایان به‌و تێزه هه‌بوو، که‌چی شۆڕشی دێمۆکراتی گه‌لی نوێیان کرد! ئه‌شیان وت، جارێ وه‌ختی شۆڕشی سۆسیالیستی نییه!
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: ئەوەی کە تۆ دەیڵێیت، بەرامبەر چین زۆر ڕاستە، ئەوەی کە جیاوازی بوو لە نێوانی ئێمە و ئەواندا ئه‌وه‌بوو، ئەوان وه‌کوو خۆتیش دەڵێیت، قۆناغی سۆسیالیستییان خسبووە دواترەوە و دایان بڕیبوو لەوەی کە بە دەستیان هێینابوو. واتە شۆڕشەکەی ئەوان دوو قۆناغی بوو، بەڵام لای ئێمه وا نەبوو. ئێمه وامان دەڕوانییە ئەو مەسەلەیە، که ڕاستە مەسەلەکه جیاواز بوو، بەڵام ئەمە لای ئێمه ئەوەی نە دەگەیاند، کە لە یەکیان دابڕیت و ماوەیەکی درێژ ڕاوەستیت، تاوه‌کوو دەستبدەیتە مەهامەکانی قۆناغی دووهەم یانی، سۆسیالیستی.
هەرچی سەبارەت بە لیژنه‌ی مەرکەزی و هاوچەشنەکانیان بوو، ڕاستە ده‌سته‌واژه‌یەکی دیکه‌یان بەکار ده‌هێنا، گەشەکردنی نا سەرمایەداری، بەڵام لە هەقەتدا وه‌کوو ناوەڕۆک لەگەڵ هێڵی دووهەمدا هەر یەک شت بوو. واتە، چین و ئەوانەی کە وه‌کوو چین بیریان دەکردەوە، جییاوازییەکەیان تەنها لە یەک شت‌دا هەبوو، ئەویش ئەوە بوو، هەچی چینییەکان بوون لەگەڵ ئەو هێڵەدا، وایان دادەنا کە مەهامەکای سۆسیالیستی لەسه‌ر دەستی خۆیان لابەلا دەبێتەوە، بەڵام مێژوو سەلماندی نەک هەر نەیانتوانی ئەوەی کە دەیان ویست بیکەن، به‌ڵکوو لەوانەشی کە کردیان پاشەکشەیان کرد و سەرئەنجامیان بەوە گه‌ییشت، کە دەبینرێت. لیژنه‌ی مەرکەزی و چەپەکانیش، دەیان ویست مەهامە دێمۆکراتییەکان بە هاوکاری لەگەڵ پارتە بۆرژوازییەکانی وه‌کوو بەعس و چەشنەکانی وه‌کوو به‌عس لە وڵاتانی تر یاخود بە فشارخستنە سەریان لە کاتێکدا کە خۆیان لە دەروەی دەسەڵاتن. جا هاوڕێیی ئازیزم، هیچیان خۆیان لە قەرەی سۆسیالیزم نەدەدا، یان ڕاستتر بۆ زەمەنێکی تر هەڵیان دەگرت، واتە، سۆسیالیزمیان بە مەسەلەیەکی ئانی نە دەزانی، بۆیە دەیان خستە بوخچەوە. جا من لەم مونتەڵەقەوە ئەو ئەنجامگیرییەم گرتووه، گەرچی ڕەنگە لێرەدا دیسانەوە خۆم باش شەرح نە کردبێت.
پرسیار: گه‌لێک له گرووپ و سازمانه‌کانی ده‌یه‌ی هه‌شتاکان بیریان له پێکهێنانی حیزبێکی کۆمۆنیستی ده‌کرده‌وه، ئایا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ ڕێخکراوی “کار”یش هه‌روا بوو؟ ئه‌گه‌ر وایه، پرۆسه‌ی ئه‌و کاره‌یان چۆن بیر لێ ده‌کرده‌وه؟ ئایا بیریان له یه‌کگرتنی ئه‌و مه‌حفه‌ل و سازمانانه ده‌کرده‌وه، یان نه‌خێر پێیان وا بوو، که له پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی “کار”دا ئه‌و حیزبه پێک ده‌هێنرێ؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: بێگومان ئامانج دامه‌زراندنی پارتی کۆمۆنیست بوو. ئێمە گرووپێکی بچووک بووین، هیچ وەختێک وا تێنەدەگه‌ییشتین، یان چاوەڕوانی ئەوەمان نە دەکرد، کە نەک هەر ئێمە دەتوانین ببینە پارتی کۆمۆنیست، به‌ڵکوو پێشبینی ئەوەشمان نە دەکرد، کە ببینە بەشێکی سەرەکی یان زۆرینەی پارتی کۆمۆنیستی ئایندە. هاوکاری و وتووێژی گرووپی کار و کارگه‌ران و گرووپی پێشەوا و خەڵکە هەرە باشینەکەی ئەو سەردەمەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان وه‌کوو ئازادی حەمەی مەلا (یادی بەخێر) و هەندێک کەسی تریان و هەندێک خەڵکی باشی تر کە دەستیان لەدەستی حیزبی شیوعیی عێراقی (لیژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزی) بووبووە، به‌و ئاڕاسته‌یەدا بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌مان ده‌زانی، که ئه‌وه کاری داهاتوویه‌کی دووره و پێویستی بە خەباتێکی درێژخایەنیش هەبوو.
جەنگ و جەدەلی نێوان خەڵکانی مارکسی، مارکسی لێنینی بەتاک و بەگرووپ و لە گرووپیش گەورەتر، زیاتر جەنگ و جەدەلی تیۆری بوو، رێککەوتن و تەباییبوون بوو لەسەر سەرجەمی شتە تیۆرییه‌کان کە لەو سەرده‌مەدا گەلێک مەسەلەی زیندوو (ئانی) وه دوای ئەو زەمەن و کاتەش ئەو مەسەلانەش هەر وا بەو گرنگییە مانەوە. بۆیە زۆر جاران پێشبینی ئەوە دەکرا، ڕیککەوتن لە سەریان بکەوێتە خانەی موستەحیلاتەوە. ئەوەی کە لامان وابوو، کە دەمانتوانی لەسەری ڕێک بکەوین: هەیکەلی پارتەکە، ڕێکخستنەکە بوو، کە پێمان وابوو، هەموومان قبووڵی هەیکەلی پارتێکی هایڕاکی (هیراشی) ستالینی_ لێنینی ده‌که‌ین، گەرچی ئەوەش لە کۆتایییەکەیدا بەشبوون و کەرتبوون ئەنجامەکەی دەبوو. [ لێره‌دا ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌وه بڵێین، گه‌رچی ئێمه ئه‌و ڕاستییانه‌ی سه‌ره‌وه‌شمان ده‌زانی که به ته‌نها پارت به ئێمه و له ئێمه دروستنابێت و پێویستی به‌یه‌کگرتن هه‌یه له‌گه‌ڵ لایه‌ناکانی تردا ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌نگ و جه‌ده‌لی سه‌ره‌کی له نێوانماندا شته تئیورییه‌کان بوو وه‌کو ئه‌وانه‌ی که تۆ له پرسیاره‌کاننتا ده‌ته‌وێت وه‌ڵامیان پێ بدرێته‌وه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش یا ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو ناکۆکی ونا جۆرێتییه کارێکی هه‌تا بڵیی سه‌خت و گران بوو بۆیه له‌سه‌ره‌وه وتومانه : یه‌کگرتن ده‌که‌وته خانه‌ی مه‌حاڵه‌وه. بۆ نموونه کێشه‌ی 3 جیهانه‌که کێشه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی بوو که نه‌ده‌توانرا به‌شێکی که‌می ئه‌و گروپانه‌شی له‌سه‌ر یه‌کبکه‌وێت، چجای هه‌ر هه‌موویان. که ئێستا بیری لێده‌که‌مه‌وه : باشه ئه‌وه چ په‌یوه‌ندییه‌کی هه‌بوو به خه‌باتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌وه؟ یا چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌بوو له‌سه‌ر تێکۆشانمان ، یاخوود چ کاراییه‌کی داده‌نا له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئاینده که ده‌مان ویست دروستی بکه‌ین که گوایه سۆشیالیستی بوو ، جا ئیدی ئه‌وه چ کارێکی به‌و تئیوره‌وه هه‌بوو که وڵاته‌کان تۆزێک سه‌رمایه‌دارین یا زۆر یا ئیمپریالین یا نین چونکه ده‌وڵه‌تی ئاینده‌ی ئێمه سۆشیالیستی بوو. ئای که هه‌ر هه‌موومان ، له‌گه‌ڵ ڕیزمدا، ئه‌حمه‌ق بووین..!!!!]
پرسیار: هه‌ر وه‌کوو پێشتریش ئاماژه‌م پێ کرد، ڕێکخراوی “کار” ئۆرگانێکیان هه‌بوو، به نێوی “العمل”ه‌وه، که به عه‌ره‌بی ده‌رئه‌چوو، ئایا به زمانی کوردیش بڵاوکراوه‌یه‌کتان هه‌بوو؟ ئه‌و بڵاوکراوه‌یه، ده‌وری بوو؟ چه‌نێک جارێک ده‌رئه‌چوو؟ ئایا سه‌رنووسه‌ر و ده‌سته‌یه‌کی نووسه‌رانی هه‌بوو؟ کێ بوون ئه‌و که‌سانه‌ی که بابه‌تیان ده‌نووسییه‌وه؟ ئه‌گه‌ر بێته‌وه یادتت، باسه‌کانی چی بوون؟ ئایا ناوی خۆیان ده‌نووسی له‌ژێر بابه‌ته‌کان؟ ئه‌گه‌ر وایه، ناوی تاک یان ناوی جووتی ده‌نووسرا؟ من ئه‌زانم، که ئه‌و ئۆرگانه به شێوه‌ی چاپ ده‌رئه‌چوو، ئایا به چ ده‌زگایه‌ک چاپتان ده‌کرد و ئه‌و ده‌زگایه‌تان چۆن په‌یدا کردبوو؟ چه‌ند دانه‌تان لێ بڵاو ده‌کرده‌وه؟ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌که به چ شێوه‌یه‌ک بوو؟ ئایا هیچ دانه‌یه‌ک له‌و ئۆرگانه ماوه‌ته‌وه؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: بڵاوکراوه‌ی “کار” و “العمل”، به کوردی و عه‌ره‌بی ده‌رده‌چوو. خۆی بڕیار بوو، هه‌موو مانگێک جارێک ده‌ربچێ، به‌ڵام به‌هۆی باری ئاسایش و سه‌رقاڵی هاوڕێیان، بۆمان نە دەلوا، بەو شێوەیەی کە بڕیار بوو، دەری بکەین. هیچ کامێکیان سەرنووسەری نەبوو و ده‌سته‌ی نووسه‌رانیش بریتی بوون له: برایم، له‌تیف و تەیب بۆ عه‌ره‌بی، مه‌لا ڕه‌وف و زاهیریش لە کوردییه‌کەیدا دەیان نووسی. زۆربەی جاریش وتارەکانی کار و العمل هەر یەک بوون، یان لە کوردییه‌کەوە دەکرا بە عەرەبی، یان لە عه‌ره‌بییه‌کەیەوە بۆ کوردی وەردەگێڕرا. ته‌نها ناوی ئه‌و وتارانه ده‌نووسرا، که له لایەن خه‌ڵکی ترەوە بنووسرایە.
بابەتەکانی، ئەوەندەی بێتەوە یادمان، سەبارەت بە جەنگی عێراق و ئێران، ئیسلام، ڕژێم و شێوەی فەرمانڕەوایییەکەی، ئابووریی عێراق، مەسەلەی نەتەوایەتیی بەگشتی و کورد بەتایبەتی، بەرنامەی لایەنی خواروو، داگیرکردنی لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە، مەسەلەی فەلەستینییەکان، بێ‌کاری و بار و دۆخی ژیانی ئەو کاتەی خەڵک لەگەڵ بابەتی تیۆریدا. ئەوەندەی بزانین 13 ژمارەی کار و 12 ژمارەی العمل دەرچووە. پێمان وایە، هەندێک ژمارەی هه‌ردووکیان لە کوردستان دەست بکەوێت. بەداخەوە کە نازانین بۆ هەر ژمارەیەک چەند کۆپێمان ڕادەکێشا. ژمارەکانی 1، 2، 3، 4، 5ی العمل کە هەمووی لە یەک بەنددایە و لە نێوانی 1981_1982دا ده‌رچووه لەلای زاهیر هەیە. کاری دیزاین هه‌مووی له‌سه‌ر برایم بوو، هه‌ر ئه‌ویش بە یارمەتیی نەژاد کە هاوڕێیەکی تر بوو، له سه‌ر کاغه‌زی ستێنسڵ چاپی ده‌کرد و دواتر به ڕۆنیۆیه‌کی ده‌ستکرد ڕامان ده‌کێشا و که ته‌واو ده‌بووین، ده‌مان سووتاند. ڕه‌نگه له کوردستان ژماره‌کان مابێ.
پرسیار: سه‌ره‌نجام ئه‌م ڕێکخراوه نه‌ما، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بپرسین: هه‌تا ساڵی چه‌ند له‌کارکردن به‌رده‌وام بوو؟ ئایا ئه‌م ڕێکخراوه به‌فه‌رمی خۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه؟ هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌که‌ی چی بوو؟
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: هه‌تا ساڵی 1985 به‌رده‌وام بوو. کارکردنی ڕێکخراوەیی و سیاسی بۆ ئێمە بەو شێوەیەی کە بەردەوام بووین، ئاسان نەبوو. ئێمە چەندێک مەترسیمان لە ڕژێم هەبوو، بە هەمان ئەندازەش لە یەکێتیی نیشتمانی بە تایبەتی و بەرەی کوردستانی بەگشتی هەبوو. هەم بەهۆی هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای خۆمان لەسەر بزووتنەوەی کوردی، مەسەلەی نەتەوایەتی و ئەو هێڵە سیاسییەی کە گرتبوومانە بەر، هەم کەشفبوونی سیان لە برادەرە سه‌ره‌کییه‌کانمان وه‌کوو لەتیف کە لە هەردوو لا قاچاخ بوو (ڕژێم و یەکێتی)، هەروەها هەڕەشەی کوشتن لە مەلا ڕه‌ئووف و برایم، دواتریش هەڕەشەی کوشتن لە لایەن ئیسلامییەکانەوە لە هاوڕێ تەیب و هاوڕێ ئەشرەفیشی هاتە سەر.
پاش وتووێژ و تێفکریینێکی زۆر لەنێو خۆمان و لەگەڵ گەلێک لە هاوڕێیانی تردا، کە چەند مانگێکی خایاند، لە ساڵی 1985 لەتیف، مەلا ڕه‌ئووف و زاهیر بۆ هەندەران هاتن، بەهیوای ئەوەی کە تەنها بۆ ماوەی چەند ساڵێک بێت، هەروەها ساڵی دواتریش برایمیش بەرەو هەندەران بەڕێکەوت.
ئێمە لە هاتنمان بۆ هەندەران ڕێکخراوی کارمان هەڵنەوەشاندەوە و وه‌کوو که‌مایه‌تییه‌کی زۆر کەم ئەو دەسەڵاتەمان بە خۆمان نەدا، کە بڕیارێکی وا گەورە بدەین. بەڵام ئێمە بە هاوڕێیانمان کە لەوێ مابوونەوە، وت، هەر بە بەجێهێشتنی ئەوێ، ئیتر ئێمە دەستەی سەرەکیی ئەو گرووپە نین. ئێمە ئەم بڕیارەمان بە درووست زانی، چونکە بۆ ئێمه که بۆ ماوەیەک لەوان دابڕێین و بە حوکمی هەبوونی ئەو بار و دۆخەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرانتر دەبوو، بێ ئاگا بین لە یەکتری، شتێکی ناڕاست و ناڕەوا دەبوو، هەر بە دەستەی سەرەکی لە ڕێکخراوەکەدا بماینایەتەوە. بۆیە پێمان وتن، ئێمە هەر هاوڕێی ئه‌وانین و دەنگیان لێ دانابڕین، یارمەتییان ده‌ده‌ین، کۆمەکی پارەیان پێ دەکەین، لە بار و دۆخی کرێکاران و سەرمایەداری لە ئه‌ورووپا ئاگاداریان دەکەینەوە. ئەو هاوڕێیانەی کە لەگەڵیاندا وتووێژ کرا، بەمە ڕازی بوون.
ئەوەندەی ئێمە بزانین، هەتا ماوەیەک دوای هاتنی ئێمەش بۆ ئه‌ورووپا هەر ئەوان بە ناوی هەمان ڕێکخراوەوە کاریان دەکرد، بەڵام دواتر لەگەڵ گرووپێکی تردا یەکیان گرت و بەناوی “خەباتی پرۆلیتاریا”وە بەردەوامییان بەکاری خۆیان دا و بڵاوکراوەکەشیان هەر بەو ناوەوە بوو.
پرسیار: له ئێستا چۆن ده‌ڕوانیته کاری ئه‌و ڕێکخراوه؟ هه‌روه‌ها چۆن ده‌ڕوانیته کێشه‌کانی ئه‌مڕۆی دنیا؟ ئایا پێت وایه، کۆمۆنیزم وه‌ڵامی کێشه‌کانی ئه‌مڕۆی پێ بێ؟.
زاهیر، ئیبراهیم، مه‌لا ڕه‌ئووف: له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ر یه‌کێ له‌و هاوڕێیانه ڕایان گۆڕاوه، بۆێە هەر یەکەمان دەتوانێت ڕای خۆی لەم بارەیەوە بخاتە ڕوو.
وه‌ڵامی زاهیر: ڕێکخراو شتێک نییە، جگە لە زادەی بیر و فکریهەڵگرتووانی خودی ڕێکخراوەکە خۆی، کە ئەمەش سەرئەنجامی ئەو بار و دۆخەی سەردەمە کە دەیخوڵقێنێت و دەبێتە هۆی فەرزکردنی زۆر شت بەسەر ڕێکخراوەکە و کەسانی ناو ڕێکخراوەکەدا، هەوەها سنووری توانای تیۆری و فکریی و مەعلوماتت لەگەڵ کێشانی سەنگی کار و ئه‌زموونت بۆ دیاری دەکات. ڕەنگە پێویست نەکات، کە زۆر لەسەر ئەمە بڕۆین، چونکە هەر ئەوەندە کافییە، کە بڵێین، ئەو بار و دۆخەی کە لە عێراقدا بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بەهۆی زیاتر ئیرهابی ڕژێم و یەکێتیی نیشتمانیش لە پاڵیدا، هەر هەموومانی بە ڕادەیەک بێبەش و مەحرووم دەکرد، لەوانەی کە پێشتر باسم کرد. هەر لەمەوە دەتوانم بڵێم، کە هەڵسەنگاندنی ئێستام بۆ 30 ساڵ پێشتری ڕێکخراوێک یان شتێک کەمتر لە 30 ساڵ، سەبارەت بە ڕێکخراوێک یان هاوڕێیانمان لەو سەردەمەدا، بە ئه‌زموون، خوێندنەوە، چاو و مێشکی کراوەی ئێستامەوە، کارێکی ناڕەوا و نادرووست دەبێت.
ئێمە مرۆڤی ئەو سەردەمە و ئەو شوێنە بووین، ئەمە جگە لە سەردەمی لاوێتی و گەنجێتیشمان کە ئەو کاتە تێیدا دەژیاین، بۆیە نەدەکرا بە بیر و بۆچوونی دەیەیەک لە دواتر و شوێنێکی جیاواز لە عێراق بیرمان بکردایەتەوە و کارمان بکردایە. بۆیە لێرەدا تەنها ئەوەندە دەڵێم، هەر وه‌کوو هەموو جارێک دەیڵیم: “خۆزگە ئێستا گەنج بوومایە، بەڵام بەم عەقڵ و بیرەی ئێستامەوە”.
لە لای من کێشەکانی دنیای ئەمڕۆ هەر هەمان کيشەکانی سەدەی پێشووە، واتە، کێشەی زیندووی چینایەتی، کێشەی هەبوونی زوڵم و زۆر، کێشەی نەبوونی دادپەروەریی کۆمه‌ڵایه‌تی، کێشەی جەنگە گەورەکان، وردەجەنگەکان و گەلێکی تریشه. بەڵام ئەوەیە لەم سەردەمەی ئێستادا کێشەکان چڕتر، تیژتر و خوێناویتر بوونەتەوە و جێگا و شوێنەواریان زۆر کاریگەرترە.
ئەوەی کە من ئێستا به به‌روارد له‌گه‌ڵ سەرەتای سەدەی پێشوو جیا دەیبینم، ئەوەیە، یەکەم: کێشەکە هەر لە نێوانی کرێکار و بۆرژوازی، یان پرۆلیتاریا و سەرمایەداری نییە، به‌ڵکوو کێشەی هەرە زۆرینەی خەڵکه لەگەڵ سیستەمەکەدا. نەك هەر بە تەنها کرێکار، قوتابی، مامۆستا، کاسبکاری بچووک، خانەنشینکراو و چینی ناوەڕاست و… هتد.، دەناڵێنن، به‌ڵکوو ژینگەش گورزی هەرە گەورەی بەدەست ئەم سیستەمە بێ بەزەیییەوە، بە هەموو پەلەوەر و گیانلەبەرەکانیشی کە تێیدا دەژین، خواردووە و دەخوات، باجیان داوە و ده‌یدەن.
من پێم وایە، کۆمۆنیزم، سۆسیالیزم، کۆمەڵگای بێ چین، بێ سەرکردە و بێ بنکردە (هەرچی ناوێکی لێ ده‌نێیت، گرنگ نییە) بۆ ڕزگاری بەشەریەت تاکە ڕیگایە، دوا قۆناغیشێتی و حەتمییەتی مێژوویییه، چونکە ئەم سیستەمە چیتر بڕ ناکات، چیتر ناتوانێت، کۆمەڵگا بەڕێوە بەرێت، چیتر دەوری نەماوە. ئا لێرەشەوە دەچمە سەر خاڵی دووهەمم: ئەوەی کە جیا دەیبینم لە جاران لە بەدەستهێنانی کۆمۆنیزم یان سۆسیالیزمدا ئەوەیە، کە ئەو ئامانجە لە ڕێگای پارت و ڕێکخراوی سیاسییەوە، هەر جۆریك بێت، لە ڕیگای ڕابەران و نوخبە (ئێلیت)وە، لە ڕێگای پارتێکی هیراشییەوە، لە ڕێگای دیکتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریاوە، یا هەر جۆرە دەوڵەتێکی کرێکارییه‌وه بە ئەنجام ناگەیەنرێت. لای من دەوڵەت بە هەموو چەشنەکانییەوە، پارێزەری موڵکییەتی تایبەتی و پەیوەندیی بەرهەمهێنانی تایبەتی، پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی سەردەمە. لەبەر ئەوە هەموو دەوڵەتەکانی ڕابوردوو، سەردەم و ئایندەش، دیکتاتۆر و فاشییە. دیکتاتۆرییه‌ت لای من تەبیعەت یا خەسڵەتی دەوڵەتە. شیوازی دێمۆکراتی یان فاشییه‌ت مەیلەکەیەتی (مەیلی دەوڵەتە)، شێوازی فەرمانڕەوایییە، کەی پێویستی کرد، بە جیا هەردووکیان بەکار دەهێنێت، یان هەردووکیان لە یەک کاتدا بەیەکەوە بەکار دەهێنێت.
من باوەڕم وایە، کە بزووتنەوە، بزووتنەوەی خەڵکە، هی جەماوەرە، بۆئەوەی ئەو ئامانجەی سەرەوە بهێنێتە دی، دەبێت گۆڕانکارییەکان لەخوارەوە نەک لەسەرەوە دەستپێ بکات، ئەویش لە ڕێگای درووستبوونی گرووپی لۆکاڵییه‌وە و به بوونی هاوئاهه‌نگی لە نێوانیاندا بۆ کارکردنی هاوبەش، کار و خەباتی هەرەوه‌زی. ئەو گرووپانەش نە سەرکردەیان هەیە و نە بنکردە. ئامانجیان گێڕانەوەی هەموو بڕیارەکان بۆ ناو خودی کۆمۆنێتییەکەیه. هەموو بڕیارێک گرنگ و نا گرنگ لەدەست خۆیاندا بێت و بەهەرەوه‌زی بڕیاری لەسەر بدەن و بەهەرەوەزیش بە دوور لە هەموو دەسەڵات و باوەڕێک بەرهەمەکەی بچننەوە.
لای من شۆڕش ڕووداوێک نییە، کە لەسەر ده‌ستی یان بە ڕابەرایەتیی پارتێک یان کۆمەڵێک لە کاتێکی دیاریکراودا (سەعاتی سفر) بەرپا بێت، به‌ڵکوو پرۆسێسێکی دوور و درێژە و هەرە زۆرینەی خەڵک بەشداری تێدا دەکات، کاری بۆ دەکات و هەر کەسه‌ش بەپێی توانای خۆی و لە ڕوانگەی پێداویستیی خۆیەوە لێی دەچێتە پێشەوە و لە قۆناغێک یان لە سەردەمێکدا یان ڕۆژگارێکدا یان بەبه‌ردەوامی لەم پرۆسەیەدا بەشداری دەکات. لای من کودەتا و شێوە شۆڕشەکانی جارانی بۆڵشه‌ڤی لەگەڵ پرۆسێسی هەڵبژاردن و په‌رله‌مانتاری کارێکی دژ بە شۆڕشە. ئەزموونەکانی سەدەی پێشوو هه‌تا ئێستاش، شتێکی دی جگه لە چەسپاندنی ئەو ڕاستییەی سەرەوە نەبێت، نییە.
وه‌ڵامی برایم: من ئێستا بڕوام به‌و جۆره ڕێکخراوانه نه‌ماوه، که به ناوی کۆمۆنیستییه‌وه کار ده‌که‌ن. من بزووتنه‌وه و خه‌بات له تێکۆشانی ڕۆژانه‌دا ده‌بینم. هه‌ر بۆیه‌ش له ساڵی 1998وه له‌گه‌ڵ پارتی چه‌پی سوێدیدا کار ده‌که‌م. مرۆڤ ئه‌وه‌ی له توانایدایه، ده‌یکات، نه دوای خه‌یاڵ ده‌که‌و‌ێت، نه درووشمبازی ده‌کات. زۆربه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی به‌ناو کۆمۆنیستی هه‌وادارانی له دوو ده‌سته پێک دێت، هه‌ندێکی ته‌ڵه‌که‌بازه، زۆربه‌شی به درووشمی خه‌یاڵپڵاو هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوه (به لای منه‌وه).
من بڕوام به سۆسیالیزم هه‌یه و ده‌کرێ مرۆڤ پێی بگات، به‌ڵام نه‌ک له ڕێی شۆڕشه‌وه، به‌ڵکوو له ڕێی خه‌باتی ڕۆژانه، ڕۆژێ بۆ زۆرکردنی کرێ، به‌یانی بۆ چاککردنی، خوێندنگه‌یه‌ک، ڕێگه‌یه‌ک، بیمه‌ی بێ‌کاری، خه‌سته‌خانه‌ی خۆڕایی… هتد.
ئه‌مانه پێویستی به خۆڕێکخستنه، به‌ڵام خۆبه‌خش، تا چه‌ندیش بڕ ده‌که‌م، ده‌که‌یت، ده‌که‌ن. من له چه‌په‌کانی سوێده‌وه فێر بووم، هه‌رگیز ڕقم له مرۆڤ نه‌بێته‌وه. من ناکۆکیم له‌گه‌ڵ بیر و بۆچوونه‌کاندا هه‌یه، دژی ئه‌وانه ده‌جه‌نگم.
تا سه‌رئێسک دژی لێنینیزمم. به ڕای من ئه‌گه‌ر لێنینیزم و کوده‌تای ئۆکتۆبه‌ری 1917 نه‌بووایه، ئێستا بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی له قۆناغێکی زۆر له پێشتردا ده‌بوو.
یانوه‌ر 2012