تیرۆر کولتوری حیزبە و نزیکەی حەفتا ساڵە پیادەدەکرێت
زاهیر باهیر – لەندەن
07/05/207
پێشەکی سوپاستان دەکەم بۆ بەسەرکردنەوەم تاکو بە لێدوانێکی کورت قسە لەسەر تیرۆر و تیرۆری سەردەشت عوسمان بکەم.
لە ڕاستیدا چەمکی تیرۆرکردن ئەوەندەی کاری تیرۆر و کاردانەوەکەی لەسەر کۆمەڵ لای من گرنگە، ئەوەندە کەسایەتییەکانی کە تیرۆر کراون و دەکرێن وێڕای جیاوازی بیروبۆچونیان و پێگەی کۆمەڵایەتییان و ئینتیمای چینایەتییان لای من، گرنگ نییە.
تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان نە یەکەم کاری تیرۆریستی بوو، نە ئەویش دواکەس بوو، وەکو بینیمان کەسانی زۆری دیکەشی بەدووادا هاتن و هی تریشی بەدووادا دێن.
بنەما و هۆکاریی تیرۆر لە کۆمەڵی کوردی-دا مێژووی دێرین و هۆکاری جیا جیای خۆی هەبووە و هەیە. بەڵام هەرگیز بەو شێوەیە نەبووە کە لە دوای پەنجاکانی چەرخی ڕابوردووەوە دەستیپێکراوە چ لە شار و لەلادێ و لە شاخیشدا.
حیزبە جیاوازەکانی کوردستان بە ئیسلامی و پاررتی کە دوواتر بوونە دوو باڵەوە و حیزبی شیوعی ، ئەویش بە هەردوو باڵەکەیەوە، هەروەها حیزبی بەعسیش برەوێکی زۆریان بە تیرۆر و ئەو کارە، دا ، نەك هەر ئەوەش، بەڵکو بووە یەکێك لە تاکتیکەکان و ئاڕاستەی خەباتیان لە پاکتاوکردنی نەیارەکانیانا.
تیرۆر و کاری تیرۆرانە نزیکەی ٧٠ ساڵە بووەتە سونەتی ئەو حیزبانە ، بە دزی و بە ئاشکرا سڵیان لە کردنیا نەکردووەا.
کوڵتوری تیرۆر و تیرۆرکردن لە سەرەتای شەستەکانی چەرخی ڕابوردوودا لەسەر دەستی پارتی دیمۆکراتی کوردستان-دا بووە چالاکییەکی ئاشکرا و باو کە لە قەسابخانەکەی کانی ماسییەوە دژ بە شیوعییەکان بە فیت و پلانی خودی پارتی لەسەردەستی کەسانی وەکو عوسەی ئامە و حسەی فارس و هەندێکی تریانا ، ڕوویدا کە لەو پاکۆکردنەدا زۆر دڕەندانە نەیارە شیوعییەکانی خۆیان نەك هەر لەبەرچاوی خێزان وکەسوکاریان، دەکوشتن ، تەنانەت گەیشتیشە ڕادەی سوتاندنی هەندێکیش .
لە کۆتایی شەستەکان کە جەلالییەکان لە بەکرەجۆ بوون دوو جۆر تیرۆر لە ئارادا بوو . یەکێکیان تیرۆری جەلالییەکان دژ بە حیزبی شێوعی – قیادەی مەرکەزیی- کە یەکێك لەو تیرۆرانە کوشتنی حەمەکوڵەباڵ بوو، کە بە ڕۆژی ڕوناك بەدەستی عەلی عەسکەریی لە شەقامی صابوونکەرانی شاری سلێمانی، کرا . بێ گومان هەر لەو ماوەیەدا خەڵکانی دیکەی شیوعی وەکو دوو برای عەلی میرزا کە نانەوابوون و هی دیکەش لە گەڕەکەکانی تری سلێمانی بوونە قوربانی دەستی چەپەڵی تیرۆر.
جۆری دووهەمی تیرۆر لە نێوانی مەلایی و جەلالی، خۆیاندا، کە لە هەرە دیاردەکەیان تیرۆرکردنی خالید کۆکۆیی، خالیدی حاجی فەرەج، دواتر تیرۆرکردنی ئازاد-ی عەلی کاتب کە قوتابی خانەی مامۆستایان بوو لەگەڵ ئێمەدا و هیچ پەیوەندییەکی بە کوشتنی خالیدەوە نەبوو ، تەنها برای جەزا شەل بوو. تیرۆر کرا، هەروەها تیرۆرکردنی فەقێ ئەحمەدی سڵێمان کە کاردری پێشکەوتوی جەلالی بوو لە لایەن عومەری حاجی ئەوڕەحمانی هێلکەوە لەبەر خانەقا. تیرۆر پەرەی سەند و جەماعەتی مەلایی بە فرمان و فیتی ئێران کەوتنە کوشتنی سەرکردە و کادرە پێشکەوتووەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەناو شاری سلێمانی و دەروەی شاریش.
لە ساڵانی ١٩٧٥ و ١٩٧٦ یشدا حیزبی بەعسیش درێغی لە تیرۆرکردنی ئەندامە چالاکەکانی حیزبی شیوعی نەکرد ، کاتێکیش کە لە یەك بەرەدا بوون.
دوای ئەوەشی کە بزوتنەوەی کوردی دروست بووەوە، لە سەرەتادا ئەوەندەی خەڵکیان لە شار و شاخ هەر لە نەیارانی خۆیان بە موختاری گوندەکانیشەوە ، تیرۆر کرد، ئەوەندەیان عەسکەرو کوردی خۆفرۆشی چەکهەڵگرتوو ، لەبەرەی جەنگدا نەکوشتووە. خەڵکانێکی یەکجار زۆر لە هەموو لایەنەکان بوونە قوربانی دەستی نەگریسی تیرۆر .
مێژوی هاتنەوەی حیزبەکان بۆ ناو شار و بەهێزبوونی حیزبە ئیسلامییەکانیش، نەك هەر ڕێڕەوی تیرۆریان بەرنەدا، بەڵکو تیرۆر لە لایەن هەرسێ لایانەوە ، یەکێتی و پارتی و ئیسلامی بەردەوام بوو. گەر چی لە ئێستادا تیرۆر بە ئاشکرا پارتی دەیکات، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم دوولایەنەی تر مەیلی تیرۆریان نییە و نابێت .
کاتێك کە تیرۆر دەبێتە کولتوری حیزب و حیزبیش لە پێناوی دەسەڵاتا ، ئیدی هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێت ئەو کاتە تیرۆر و تیرۆرکردنی نەیاران دەبێتە یە کێك لە چالاکییەکانی حیزب لە پێناوی گەیشتن بە ئامابجەکانیا.
پەیامێك کە بدرێت ، یاخود کار و چالاکییەك کە بتوانرێت بکرێت، بەر بە تیرۆر بگرێت ، بەرگریی خەڵکییە وێڕای هەموو جۆرە جیاوازی و ئیبنتیمایەکیان ، بەگژاچوونەوەیانە لە بەرانبەر تاوانباران و تیرۆرکاران. ئەو چالاکیانەش دەبێت لە شێوەی چالاکی ڕاستەوخۆدا بکرێت و لە شوێن و کاتی خۆیی و بەبەردەوامیش بێت. ئەم جۆرە چالاکییەیە، کە دەتوانێت بەر بە تیرۆر بگرێت، نەك واژۆ کۆکرنەوە و چونە بەردەم دیوەخانی پەڕلەمان و بینینی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس و عەریزەدان بەم سەرەكکۆمار و ئەو سەرەکوەزیر و کۆمەڵەی دەوڵەتە یەکگرتووەکان.