Categories
Kurdish

بەرژەوەندی خەڵکی بێدەسەڵاتی سکۆتلەندە لەنێوان جیابوونەوە و مانەوەدا

بەرژەوەندی خەڵکی بێدەسەڵاتی سکۆتلەندە لەنێوان جیابوونەوە و مانەوەدا

زاهیر باهیر_ لەندەن

17/09/2014

بەیانی،ڕۆژی 18/09/2014 ڕۆژی ده‌نگدانی سه‌ربه‌خۆیی یاخود جیابوونه‌وه‌ی سکۆتله‌نده‌یه‌ کە  307 ساڵە بە بریتانیاوە لکێندراوە.  هه‌ر  له‌ سه‌ره‌تای پێشنیارکردنی  پرسی جیابوونه‌وه‌وه‌ دوو که‌مپ دروستبوون.  که‌مپی  یه‌که‌م که‌مپی “بەڵێ”  بۆ جیابوونه‌وه‌  کە لە لایەن ئەلێکس سەلمەن، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەند و وەزیری یەکەمی پەڕلەمانی ئەوێوە ، سەرپەرشتی دەکرێت و  بەڕیوەدەبرێت.  که‌مپی دوووهه‌م که‌مپی ‘نا’ بۆ جیابوونه‌وه‌ یاخود ” ژیان به‌یه‌که‌وه،‌ باشتره‌” کە میدیا و سیاسیەکان و هەر 3 پارتە سەرەکییەکەی بریتانیا، بەڕیوەیدەبەن .

  له‌سه‌ره‌تای که‌مپه‌ینه‌که‌دا ، که‌مپی ‘نا’ بۆ جیابونه‌وه‌ زۆر له‌سه‌ردا بوو ، به‌ڵام به‌ نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆژی ده‌نگدان، که‌لێنی نیوانی ده‌نگی ئه‌م دووو که‌مپه‌ له‌ که‌مبوونه‌وه‌دایە، به‌ ڕاده‌یه‌ك که‌ ئێستا هه‌ندێك له‌ ئامارگیرییەکانی خەمڵاندنی دەنگ  که‌ ئه‌و کاره‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن ، که‌مپی ‘به‌ڵێ’ بۆ جیا یابوونه‌وه‌ تەنها  به‌ 2 یا 3 دەنگ‌ لەدوای ده‌ نگده‌رانی که‌مپی ‘نا’ بۆ جیابوونه‌وه‌ندایه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ جێگای  سه‌رسوڕمان نییه‌ که‌ که‌مپی ‘بەڵێ ‘ بۆ جیابوونه‌وه‌، ده‌نگه‌کانیان پێش ده‌نگی که‌مپی ‘نا’ یە، هەتا ئەگەر ئەم کەمپە بیشیباته‌وه، هەر جێگای سەرسوڕمان نییە‌ ، چونکه‌ له‌ هه‌قه‌تدا ‌ هه‌موو هێزه‌  تاریکه‌کانی وه‌کو : میدیا و بانقه‌کان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و  کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان و ده‌سگه‌ سیخوڕییه‌کان و هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و هەر 3 پارتە سەرەکیەکەی بریتانیا و   هەندێك لە لە گۆرانیبێژو ئەکتەرە بەناوبانگەکانیش ، هەندێك لە وڵاتانیش،  دژی دەنگدان بۆ جیابوونەوەی سکۆتلەند، یەکیانگرتووە. لەسکۆتلەند 31 ڕۆژنامە هەیە  کە تاکە ڕۆژنامەیەکیان نەك هەر پشتگیری جایبوونەوەی سکۆتلەند ناکەن ، بەڵکو هەندێکیشیان ، ئەلێکس سەلمەن بە ڕۆبێرت مۆگابی سەرۆکی  زیمبابۆی ، دەچوێنن ، هەندێکی دیکەشیان خودی پرۆژەکە بە پرۆژەی هیتلەری ناودەبەن.    دیسانەوە قسەی شاژنی بریتانیش کە لەم ڕۆژانەدا  وتی ” سکۆتیییەکان دەبێت زۆر بە ئاگاییەوە بڕیارەکانیان بدەن” کە ئەمەش لەلایەن سیاسییەکانەوە بۆ پشتگیریکردن لە کەمپەکەیان لە قەڵەمدرا، سەنگی خۆی هەیە.  هەر هەموو ئەمانە  له‌گه‌ڵ که‌مپی ‘ نا’ بۆ جیابوونه‌وه‌ن و ته‌واوی توانای خۆیان له‌ مانه‌وه‌ی سکۆتله‌ند له‌ چوارچێوه‌ی بریتانیادا، بە چەشنێك لە چەشنەکان بەکار دەهێنن .  بۆ  نموونە بانقەکان و  هەندێك لە کۆمپانیاکان هەڕەشەی گواستنەوەی بنکە سەرەکییەکانیان بۆ لەندەن دەکەن .

هەڕەشەکان لەسەر کەمەپەینی ‘بەڵێ’ :

  • 5  بانقی سەرەکی کە لە سکۆتلەندن و لە نێوانیاندا  74 بۆ 76 هەزار  کرێکار و کارمەند کاریان بۆ دەکەن، لەتەك هەندێك بەشی دارایی دیکە لەوێ، کە ئەمانیش نزیکەی 10 هەزار کەسی دیکە کاریان بۆ دەکەن،  هەر لە ئستاوە بڕیاری گواستنەوەی بار و بنکەیان لە سکۆتلەند داوە  گەر  دانیشتوانەکەی  دەنگ بە جیابوونەوەیان لە بریتانیا،  بدەن .  بە گوێرەی  ڕاپۆرتی بەشی بەگەڕخستنی دارایی سکۆتلەند داهاتی ئەم کەرتانەی ساڵانە بە 7 بۆ 9 ملیار پاوەند خەمڵاندووە. هاوکاتیش هەندێك لە کۆمپانیا گەورەکان، ئەوانیش کە نزیکەی 20 هەزار  کەس کاریان بۆ دەکەن، قسە لەسەر بەجێههێڵانی سکۆتلەند، دەکەن.
  • دەستکراوە بە کردنی توێژینەوە لە بوارە جیا جیاکاندا بەتایبەت خانووبەرە و کاروباری ئابووری کە زیاتر ئەنجامێك دەدەنەدەست کە لە بەرژەوەندی کەمپی ‘نا’ بێت . بۆ نموونە لە سەر خانووبەرە توێژینەوەیەك لەم ڕۆژانەدا ئەوە نیشاندەدا کە نرخی فرۆشتنی خانو و شوێنی نیشتەنی بە ڕێژەی لە %17.5 ، دێتە خوارەوە .
  • توێژینەوەی دیکە کە لەسەر داهاتی نەوتی دەریای باکور کە پێشتر لە لایەن کەمپی ‘بەڵێ’ وە کراوە ، ئەوەیان سەلماند کە ژمارەی بەرمیلی نەوتی یەدەکی دەریای باکور 24 ملیار بەرمیلەو  بە پارەش دەکاتە 1.5 تریلۆن پاوەند، ئەمەش بۆ ماوەی 40 ساڵ بەردەوامدەبێت. بەڵام توێژینەوەیەکی ئەم ڕۆژانە کە لە لایەن کەمپی ‘نا’ وە پشتڕاستکراوەتەوە ئەوە نیشاندەدات کە ژمارەی بەرمیلی نەوتی یەدەکی تەنها  15 بۆ 16 ملیار بەرمیلە و کە ئەم داهاتی نەوتەش لە دەریای باکور لە نێوانی  ساڵانی 2025 بۆ  2030 کۆتایی دێت.  لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە سەبارەت بە کارایی وزە لەسەر دانیشتوانی سکۆتلەند کراوە ، ئەوە دەخاتە بەردەست کە لە حاڵەتی  جیابوونەوەو سەربەخۆیی سکۆتلەنددا هەر ماڵێك لەوێ ساڵانە بە بڕی 189 پاوەند زیاتر لەوەی کە لە ئێستادا دەیدەن، لەسەریان دەکەوێت.
  • داهاتی ساڵانەی سکۆتلەند بە تەنها ، 12 جار کەمترە لە داهاتی بانقەکانی . ئەمەش یانی گەر مانەوە و بەردەوامی  بانقەکان بکەوێتە  مەترسییەوە ، حکومەتی ئایندەی سکۆتلەند بە فریای  ڕزگاربوونیان لە قەیرانەکانیان ، ناکەوێت و  مایەپووچدەبن.
  • وەزیری دارای بریتانیا ” چانسڵەر” لەم ڕۆژانەدا هەڕەشەی ئەوەی دەکرد گەر بانقەکانی سکۆتلەند بکەونە بەردەم مەترسی قەیرانی ئابوورییەوە ، ئەمان بەدەمیانەوە ناچن .
  • هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێت کە حکومەتی ئاییندە ناتوانێت دراوی پاوەندی ئیستەرلینی بەکار بهێنێت.  بە گوێرەی قسەی سەرۆکی بانقی ئینگلەند، مارك کارنی ، کە لە ڕۆژی 10/09/14 دا وتی ” بۆ ئەوەی کە حکومەتی ئایندەی سکۆتلەند بتوانێت دراوی پاوەند بەکار بهێنێت دەبێت لانی کەم لە %25 ی پارەی داهاتی ساڵانەی لە بانقی مەرکەزی  ئینگلەنددا دابنێت، ڕەنگە زیاتریشی بوێت”.
  • بە جیابونەوەیان لە بریتانیا، پێیانڕادەگەیەنن لە ئاژاوەیەکی ئابوری گەورەدا دەژین، هەتا بڕێکیش لە ئابووریناسە لیبراڵەکان دەڵێن لانی کەم سکۆتلەند 6 بۆ 7 ساڵی دەوێت ، تاکو سەقامگیر ببێت.
  • لە حاڵەتی جیابوونەوەیاندا، هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێت کە دەبێت نیوەی نوقسانی بوجەی بریتانیا بدەن.
  • لە هەندێك توێژینەوەی دیکەدا دەیانەوێت ئەوە بسەلمێنن کە داهاتی سکۆتلەند زۆر کەمترە لە بڕی سەرفیاتی ، کە ئەمەش موچەی  باش بۆ  خانەنشیینان  دابین ناکات یا بڕی پارەی خانەنشینییەکەیان ، زۆر کەمتر دەبێت لە هاوەڵەکانیان لە بریتانیادا. دیسانەوە دەڵێن ژمارەی ” پیرەکانیان” زۆرە و زیاترە لە پیرانی بەشەکانی دیکەی بریتانیا گەر بە  ڕێژەی ژمارەی دانیشتوان، ئەم پێوانەیە بکرێت.  ئەمەش یانی سەرفکردنی پارەی زیاتر لە خەستەخانەکان و چارەسەری نەخۆشییان و دابینکردنی ژیانی تەمەنی پیرییان.
  • کۆمیشنی ئەورپا لەم ماوەی پێشوودا، قسەی لەسەر ئەوە دەکرد کە سکۆتلەند ئۆتۆماتیکی مافی چوونەناو یەکێتی ئەوروپای نییە.

ڕاستییەکان:

  • له‌ لایه‌ن په‌ڕله‌مانی بریتانییه‌وه‌ ( وێستمنسته‌ر) وه‌ چه‌ند به‌ڵێنێك بە هاووڵاتیانی سکۆتلەند دراوه‌ و چه‌ند ته‌ماحێكیان  خراوه‌ته‌ به‌رده‌م، گەر لەوێ دەنگ بە کەمپی ‘نا’ بدەن یا دەنگی تەواو بۆ جیابوونەوە بەدەستنەهێنن ئەمان دەسەڵاتی زیاتریان پێدەبەخشن.
  • لە هەقەتدا سامان و داهاتی خودی سکۆتلەند خۆی کافییە بەوەی کە خۆیان پێی بژین. بە گوێرەی هەندێک لە تۆێژینەوەکان لە ئێستادا بەشێك لە داهاتی ئەمان بۆ بوجەی بریتانیا، دەڕوات.  هەر بە تەنها لە بواری خواردن و خواردنەوەدا 330 هەزار کەس کاردەکەن و  2 ملیار پاوەندیش پەیدادەکەن  کە لەمە 3.2 ملیار پاوەندی داهاتی ماسی و خواردنی دیکەی دەریاییە،  ئەمە جگە لەوەی کە بڕیارە لە 5 ساڵی ئایندەدا ڕێژەی کارگەران لەم بوارەدا بە بڕی 10 هەزار کەسی دیکە، زیادببێت .
  • بە بەراورد بە دانیشتوانی ئینگلەند بە بڕی ڕێژەی سەدی ،بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بیمەکان لە سکۆتلەند بەکاردەهێنرێت زیاترە لە بری ئەو پارەیەی کە کە بۆ هەمان مەبەست  لە ئینگلەند ،سەرفدەکرێت.
  • لە سکۆتلەند، دانیشتوانەکەی لە ڕوی ژیانەوە لە 4 بواردا ژیانیان باشترە لە دانیشتوانی ئینگلەند. یەکەم ، خوێندنی باڵاو دانشگا لە سکۆتلەند بۆ قوتابییانی خۆڕاییە.  دووهەم، پارەی دەرمان بۆ کەسانی کارداریش هەر بە خۆڕاییە.  سێهەم ، مەڵبەند و سێنتەرەکانی چاوەێریکردنی پیرەکان و مانەوەیان، بە خۆڕاییە.  ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم سێ شتەی سەرەوە لە ئینگلەنددا بە پارەیە. چوارەم، کرێی هاتووچۆ لە سکۆتلەند گەلێک هەرزانترە تاکو بەشەکانی دیکەی بریتانیا.
  • ئەلێکس سەلمەن سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەند و  وەزیری یەکەمی باڵای  پەڕلەمانی سکۆتلەند ، پێداگری لەسەرە ئەوە دەکات کە : یەکەم باجی سەر کۆمپانیاکان بە 3 پلە کەمتر دەکاتەوە لەوەی کە ئێستا لە بریتانیادا هەیە ، دووەهەم دەیەوێت سکۆتلەندی داهاتو ببێتە  ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا.  سێهەم دەیەوێت  کە لە حاڵەتی دەولەتی سەربەخۆشدا  ئەمان هەر پاوەند دراوییان بێت، ئەمەش  تاڕادەیەك یانی مانەوەی سکۆتلەند و پاشکۆبوونی بە ئابووری بریتانیاوە لە دانانی ڕێژەی سوو و  ڕێژەی باج و  بەستنەوەی بەو قەیرانە ئابوورییەی کە بریتانیای تێیدەکەوێت. چوارەم، هەر  وکو ئێستا وەلاو ئیتاعەیان بۆ شاژن و شای  بریتانی دەمێنێتەوە.   پێنجەم ، دەیەوێت ببێتە ئەندامی پەیمانی ناتۆ.   شەشەم، پارتی نەتەوەیی سکۆتلەند تا ئێستاش دژی بەرزکردنەوەی باجە بۆ ڕێژەی لە %50 لەسەر دەوڵەمەندانی خاوەن داهاتی  150 هەزار پاوند و سەرووتر لە ساڵێکدا.
  • هاتنەخوارەوەی بەهای پاوەند کە دراوی بریتانییە. لە ڕاستیدا لە ئێستادا نرخی پاوەند وەکو جاران نییە بە تایبەت ئەمە لە کاتێکدا کە کەلێنی نێوانی دەنگەکان لە نێوانی هەردوو کەمپەکەدا،  کەمتر دەبێتەوە.
  • گەر سکۆتلەند جیابوونەوە بەدەست بهێنێت ئەوە ژمارەی پەڕلەمانتارەکانی پارتی کرێکارانی بریتانی (لەیبەر بە بڕی 41 پەڕلەمانتار لە پەڕلەمانی بریتانی ، وێستمنستەر، دادەبەزێت ، کە ئەمەش کارایی خۆی  لەسەر ئەو سیاسەتانەی کە پارتی کرێکاران لە پەڕلەمانی بریتانیدا پشتگیرییان لێدەکات یا ڕەتیاندەکاتەوە، دادەنێت.  پارتی تۆری، موحافیزین، لە دەنگدانەکەی ساڵی 2010 دا  کەمتر لە %17 ی دەنگیان هێنابوو ، ئەمەش یانی ئەوەی کە پارتی تۆری لە ژیانیدا ناتوانێت ببێتە فەرماڕەوا لە حکومەتی ئایندەی سکۆتلەنددا.  هاوکاتیش پارتی کرێکاران کە لە هەمان دەنگداندا لە %42 ی دەنگیان هێنابوو ، ئەمان لە دەنگدانی گشتی ساڵی ئایندەدا زۆربەی دەنگەکانیان لە دەستدەدەن، دەبنە کەمینە،  هەر ئەمەشە کەئەمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەدا شینی مانەوەی سکۆتلەند لە چوارچێوەی بریتانیادا، دەکەن..
  • لە حاڵەتی جیابوونەوەی سکۆتلەند یا مانەوەیدا لە چوارچێوەی بریتانیادا هێشتا کرێکاران و کارگەران و زۆربەی دانیشتوانەکەی خاڵی کۆمۆن، هاوبەشیان لەگەڵ هاوکار و هاوپیشە و هاوبژێوییەکانی دیکەی بەشەکانی تری بریتانیادا، زیاتر هەیە تاکو دەوڵەمەندەکان و بزنسمانەکان و ئۆرۆستۆکراتەکانی ناو خودی شوێنەکانی خۆیان.

ئەگەر و سەرەنجامەکان لەنێوان ‘ هەڕەشە’ و ‘ ڕاستییەکان ‘

ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ ‌ هه‌موو پرۆسه‌یه‌ك لایه‌نی باش و خراپی خۆی هه‌یه‌ .  جیابوونه‌وی سکۆتله‌ندیش بۆ خۆی لایه‌نی باش و خراپی خۆی هه‌یه‌ ، واته‌ له‌ هه‌ندێك ڕووه‌وه‌ جیابوونه‌وه‌ی باشتره‌ و له‌ هه‌ندێك ڕوی دیکه‌وه‌ ، مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بریتانیادا باشتره‌. بەڵام بەڕای من جیابوونەوەی سکۆتلەند لە بریتانیا به گوێرەی ئەم فاکتەرانەی خواەوە باشترە:

  • بۆ لاوازکردنی پارتە سیاسییەکان و ناوەندگەرایی دەوڵەت ” مەرکەزیەت”. لە هەموو حاڵەتێکدا هەبوونی ئیختیار بۆ خەڵکی کارێکی باشە و ئۆتۆنۆمی باشترە لە نێوەندگەرایی. لە کێشەکانی دانیشتوانی سکۆتلەنددا، خەڵکانی ئەوێ دەبێت خۆیان خاوەنی بڕیارەکانی خۆیان بن تاکو کەسان و لایەنی دەرەوەی خۆیان، گەرچی هێشتا کێشەی دەوڵەت و کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان بەرەوامدەبن..
  • مانەوەی سکۆتلەند لە چوارچوەی بریتانیادا دەبێتە هۆی لە دەستدانی ئەو 4 خاڵە گرنگەی کە لە سەرەوە هێمام پێکردن سەبارەت بە ژیان لە سکۆتلەند بە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی بریتانیا. هەر ماوەیەک لەمەوپێش بوو کە لە وێستمنستەر گەلێک لە پەڕلەمانتارەکان و هەروەها بزنسمانەکانیش، شالاو و فشاریان بۆ سەر پەڕلەمانی سکۆتلەند  سەبارەت بەو 4 خاڵەی کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن،دەبرد.
  • هەر لە ئێستاوە حکومەتی ناوەندی بریتانی بڕیاری گێڕانەوی 25 ملیار پاوەند پارەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت، لە ساڵی دارایی نوێدا، داوە، کە ئەمەش تەنها دەبێت بە بڕین و کەمکردنەوەی زیاتری بیمەکان و دەرکردنی کرێکاران و داخستنی بەشەکانی دیکەی خزمەتگوزارییەکان یا کەمکردنەوەیان، کە بێ گومان سکۆتلەندەش پشکی خۆی بەردەکەوێت.
  • بریتانیا و حکومەتی بریتانی شتێکی پێنەماوە و پێنییە کە بیدات بە هاووڵاتیانی خۆی. بیمە و خزمەتگوزارییەکان و پارە بۆ خەڵکی خەریکە چۆڕایی دێت. بەڵگەشمان دابەزینی ئاستی ژیانی خەڵکیییە لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵانی پێشدەستپێکردنی قەیرانەکەی  2008 .
  • پارەیەکی بێ شوومار لە گەندەڵی و دەزگە سیخوڕییەکان و پۆلیس و جەنگی ئەملاو ئەو لاو دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا دەڕوات.
  • پاشکۆیی تەواوی سیاسی بریتانیا بۆ سیاسەتی ئەمەریکا ، کە ئەمەش نەك هەر ئابوریییەن لە سەر هاووڵاتیانی دەکەوێت بەڵکو مەترسی ژیانیشی لەسەر دانیشتوانەکەی دروستکردووە دەکات.
  • سیاسەتی گرانکردنی نرخی خانووبەرەو بەرزکردنەوەی کرێی خانوو.
  • بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخی پێداویستییەکانی ژیان.
  • گرانی  کرێی هاتووچۆ لە ناو سەرجەمی  وڵاتانی ئەوروپادا.
  • تەسكبوونەوەی ئازادییەکانی تاك و گروپ و پارتە سیاییەکان و مافی مانگرتن و خۆپیشاندان و قسەکردن و ڕادەربڕین. بەهێزکردنی زیاتری پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکان لە دەسەڵاتدانی زیاتر  پێیان بە ڕێگای یاسایی.
  • بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و ژمارەی هەژاران و لانەوازان و  بەندییەکان و فراوانبوونی کەلێنی نێوانی هەژاران و دەوڵەمەندان .
  • بەتایبەتیکردنی ئەو بەشانەشی کە تا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان ، بەتایبەت بەشەکانی حاڵەتی فریاکەوتن و لە دایکبوونی منداڵان کە لە هەندێك لە خەستەخانەکاندا داخراون و لە هەندێکی دیکەشیاندا لەژێر هەڕەشەدان. داخستن یا کەمکردنەوەی مەرکەزەکانی ئاگرکوژاندنەوەو دەرکردنی کرێکارکانیان و گۆڕینی هەلومەرجی کارکردنیان .
  • هەبوونی زیاتر لە 104 دادگای شەریعە. ڕێگادان بە کردنەوەی قوتابخانەیەکی زۆری بیروباوەڕە دینییەکان، هەر لە دینی ئیسلامی و مەسیحی تا دەگاتە  جولەکە. واتە هاندان و تەشەنەپێکردنی بیروباوەڕەکان کە مەترسی لەسەر کۆمەڵگەی ئێستاو ئایندەش دروستدەکەن.  لە تەك ئەمانەشدا دروستکردنی قوتابخانەی ئەکادیمی و بەتایبەتیکردنی هەندێك لە قوتابخانەکان.
  • ڕێژەی کچانی تەمەن لەژێر 18 ساڵەوە کە خۆیان منداڵن کە دووگیانن یاخود منداڵیان هەیە،  بەڕێژەی سەدی ئەمەش بریتانیا لە بەرامبەر هەمان گروپی کچاندا  زۆر زیاترە لە هەموو وڵاتەکانی  دیکەی ئەوروپا.  ئەمە جگە لەوەی  تا ئێستاش 65 هەزار کچ لەژێر هەڕەشەی خەتەنەکردندا، دەژین.
  • ژمارەی کاژێری کاتی سەرکار  لە بریتانیادا لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا زیاترە، کە بڕی هەفتانەی کاژێری سەرکار  لە بریتانیادا بە 48 کاژێر خەمڵێنراوە بەڵام  ژمارەی ڕۆژانی پشووە فەرمەییەکانی ساڵانە لێرە، لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا، کەمترە..
  • ڕێژەی گەندەڵی نێو پەڕلەمانتارەکان و ناو خودی کۆمەڵگەش یەکجار زۆرە و لە برەویشدایە.

* ئەگەر بوار هەبێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەڕێمەوە سەر هەندێك لایەنی ئەم بابەتە.

Leave a Reply