Categories
Kurdish

تێبینییەکانم لەسەر پرۆژەی جاڕنامەی یەکێتی کۆمۆنیستەکان

سەڵاو هاوڕێ س گیان

هیوادرام سەلامەت و تەندروست بن هەموتان .

هاوڕێ گیان پرۆژەکەتانم خوێندەوە .  پێشەکی زۆر سوپاستان دەکەم بۆ متمانە و بە هەند وەرگرتنی دید و بۆجونم .

دەستی هەموو هاوڕێیان خۆش و سەرکەوتوو بن . لە ڕاستیدا پرۆژەکە زیاتر وەکو خوێندنەوەیەکی مێژوویی  بە کەڵکە لە سەر ئەو بابەتانەی کە بە خۆیەوە گرتوونی، تاکو ئەوەی کە پرۆژەیەك بێت بۆ ئێشکردن و ئاشنابوونی خوێنەری لە ڕاو بۆچوون و چونێتی کارکردنتان .  بە گوێرەی خوێندنەوەم ئێوە خۆتان لە قەرەی بەرنامەکەتان و ئامانجەکانتان و چونێتی کارکردنتان و ئامرازی خەباتکردنتان ، نەداوە . وەکو وتم زیاتر باسێکی مێژووییە لەوەی کە مانفێستی کارکردن بێت .  ئێوە سەراپای ئەو خاڵ و لایەنانەتان سەبارەت بە مێژوی چەپ و ڕۆڵیان لە خەبات و  چییان کردووە و چییان چنیوەتەوە کردووە ، هەر ئاواش ڕەخنەتان لێگرتوون  بەڵام بە دێڕێکیش ئێوە بە چڕ و پڕی جێگرتنەوەی ئەوانتان وەکو خۆتان باس نەکردووە .  داوای لێببورن دەکەم کە دەڵێم زۆر شەرمننانە لە هەندێك شوێندا پەنجەتان خستۆتە سەر خاڵێك و بە پەلە لاتان بردووە.

گەر ئەوانەی سەرەوە لە یەك دوو ڕستەیەکدا کورت بکەمەو ە ، ئەوە دەڵێم من هیچ حاڵی نەبووم لەوەی کە ئێوە چین و چیتان دەوێت هەر لەبەر ئەوەش من ناتوانم  قسەیەکم هەبێت لەسەرتان، چونکە ئەمە پرۆژەی کارکردن نییە .  لە نوسینەکانی پێشترتانا تا ڕادایەك بیرکردنەوە و شێوەی کارتان دەبینران من وام پێشبینی دەرکرد کە ئەم پرۆژەیەتان ئیتر تەواوی تەتەڵە و بێژەنکردنی هەموو بۆچونەکانتان بێت هەم وەکو شتی نەزەری و هەم وەکو نانی هەنگاوی کردەیی .

لە خوێندەوەیدا من ئەم تێبینیانەی خوارەوەم هەیە ، کە بەشێکی رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ئێوە خۆتان لێرەدا ڕۆشن نەکردۆتەوە.

یەك: هەر لە سەرەتادا ئەم دوو وشەیە یانی چی : پنت ، پنتی سەرەکی ، بناخەیی .  هەروەها وشەی : ئاوارتە.  بەڕاستی بۆ من گرنگە کە وشەی کوردی پەتی بەکاربهێنرێت لە نوسین و پۆست و کارنامەدا.

دوو: هەر لەو پێشەکییەدا شتێکی ئاواتان نوسیوە -ئیمە ئەم ئەزموونە نوێیە ناوێکمان لێنەناوە  هۆشیارانە ، ناوەکانی پێشوتر هەڵنەبژێرراون چونکە وەڵامدەرەوە نین”  ئەگەر لێرەدا مەبەسستان لە خۆتان بێت پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە ئەی باشە بە ناوی چییەوە کار دەکەن ؟ خەڵك چۆن بزانێت کە ئەزموونەکەی ئێوە نوێیە ؟  جیاوازی ئەزموونە نوێەکەی ئێوە و کۆنەکانی باقییەکەمان چییە؟ ئێوە لە نوسینەکەتاندا جیاوازی نێوانی خۆتان و بەدەر لە خۆتانتان بەیان نەکردوە تاکو بۆ دەرەوە ی خۆتان ڕۆشن بێت.

سێ : لە لاپەڕە 5ی ڤێرشنی پی دی ئێفەکەدا ، دیارە باس لە هەندێك شت دەکەن وەکو سەیارە و خانوو ، کە کاتی خۆی لە لە حەفتاکاندا ئێمە بە کەمالیاتمان دەزانی ، بەڵام و ەکو دەزانن ئەمانە پێداویستی ژیانی ڕۆژانەیە  ئیتر تۆ کرێکار بیت یان کەسانی دیکە پێویستت بە شوێنێک هەیە کە تێیدا بحەسێیتەوە لەو بارەشدا تۆ یا کرێ بە خاوەنخانوو دەدەیت یاخود بە بانق. گەر ئەمڕۆ سەیارەت نەبێت ئەوە خۆت لە پەیداکردنی زۆر کار مەحروم دەکەیت ، منداڵت بۆ ناگاتە دایەنگا  و باخچەی منداڵان و قوتابخانە ، شۆپینت بۆ ناکرێت ، وەختت بۆ نامێنێتەوە ئەوەندەی دیکە هیلاکتر و بێزارتر دەبیت . ئەمە نە خەونە و نە خەونی ئەمەریکییە . لە نوسینەکەدا وەکو لە زۆر  شوێنی دیکەدا هاتوەو نازانرێت ئەمە ڕەخنەی ئێوەیە لە جۆرە ڕایەك کە بوونی سەیارە  بە بوونێکی بورجوازیانە دەزانن ، یاخود ڕای خۆتانە .

چوار: لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێن ” ئەگەر کێشەیەك هەیە بۆ ژیان لە سای دەوڵەتکاندا ، ئەو ە پەیوەندی بە سروشت بنیادییەوە نییە بەڵکو بە فۆرمەکانییەوە …. باش و خراپ و فاشیل سەرکەوتوو  … ئەرکی گەلان و نەتەوەکانە کە بۆ ژیانێکی باشتر خەبات بکەن لە ڕێگەی دامەزراندندی ددەوڵەتێکی بەهێزتر  : ژیانی مۆدیرانە”  هاوڕێیان هیوادارم ئەمە ڕای ئێوە نەبێت کە خراپی دەوڵەت لە فۆرمەکەیدا واتە لە توێکڵەکەیدا ببینن نەك لە ناوەرۆك و جەوهەریدا .  بەراستی کەسێك ناتوانێت بە بەڵگەی واقیعیانە ئەوە بسەلمێنێت کە دەوڵەتی باش هەیە ، یا دەوڵەت باشی هەیە.  بژاردەی شیوعییەکان / سۆشیالیستەکان لە نێوانی خراپ و خراپتر یاخود خراپتر و خراپتریندا نییە.  دەوڵەت گەورەترین پایەی ئەم سیستەمەیە قەیرانە داراییەکە و ئافاتی کۆرۆنا ئەوەیان سەلماندا کە مانەوەی دەوڵەت بۆ ئەم سیستەمە لە هەموو پایەکانی تری گرنگترە ، هەر گرنگی و ڕۆڵی دەوڵەت بوو لە مانەوەی ئەم سیستەمەدا کە سیستەمی نیولیبراڵ و بازاڕ –ئازادی هێواشکردەوە و ئێستا رەنگە بە دەگمەن ئابورییناس هەبن کە دەوڵەت بە ڕێگر بزانن لەبەردەم سیاسەتی ئابووریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵدا.  من لێرەدا نامەوێت بێمە سەر ئەرک و وەزیفەکانی دەوڵەت چونکە ئەنارکیستەکان زۆریان لەسە ئەمە نوسیوە و منیش خۆم لەو کۆمەڵە وتارەی کە وەرم گێڕاون لەژێر ناوی : پرسیار و وەڵامی چەندبارە سەبارەت بە ئەنارشیزم .  دوو سێ وتاریشی تێدایە کە بۆچی ئەنارکیستەکان دژ بە دەوڵەتن … وەزیفە لاوەکییەکانی دەوڵەت و هەندێکی دیکە .

هەر بیهێننە بەرچاوی خۆتان کارگەیەك گەر دەوڵەت و دەزگەکانی وەکو پۆلیس و دادگە و یاسا نەبێت  یا پشتیان تێبکات لە ماوەی یەك هەفتەدا لە لایەن کرێکارەکانییەوە دەستی بەسەرد ا دەگیرێت .  من دەتوانم کە بە دەیەها نموونە لەم بوارەدا واتە بواری دەوڵەت کە پایەی سەرەکی سیستەمەکەیە  بهێنمەوە . من لەوەش بە ئاگام کە گەلێك لە مارکسییەکان و چەپەکانی دیکە ڕەخنەی سەرەکیییان لە ئەنارکیستەکان ئەوەیە کە دەلێن؛ ئەنارکیستەکان دژ بە دەوڵەتن ، نەک سیستەمەکە .  بەداخەوە کە ئەوانە هیچ لە جەوهەر و دڕندەیی دەوڵەت نەگەیشتون ، سیستەم وەهمە بە جددی وەهمە و بێ دەوڵەت وجودی نییە و نابێت و نامێنێت.

پێنج :  لا 12  ی ڤێرتشنی وەرد  هاتووە : چەپی ئەنارکست  و ڕاستی چییە؟

ئەمە شێواندنی ئەنارکیزمە ، ئەنارکیزم چەپ و ڕاستی نییە ، ئەوەی کە خەڵك دەکاتە ئەنارکست یاخود پێی دەوترێت ئەنارکیست وەرگرتن و بەڕێکردنی ئەنارکیزمە کە ئەویش خۆی لە دژە دەوڵەت و دژە دەسەڵات و دژە سیستەم و دژە قوچکەیی / پلەبەندیی نێو کۆمەڵ  لەگەڵ دیمۆکراتی ڕاستەو خۆ و چالاکی و خەباتی ڕاستەو خۆ و  دژە چینایەتی و دژە حیزب و  دژە سیتەمی پەڕلەمانتەری و دژە … دژە زۆری تر و خەباتیش لای ئەوان هەر هەموویان هێنانەدی کۆمەڵی ناچینایەتی / نا پلەبەندییە.  نکوڵی ناکرێت کە ئەنارکستی تاکگەرایی و سۆشیالی هەیە ئەنارکیستی تر هەیە کە باوەڕیان ڕەنگە ئاوا بێت کە کۆمەڵی سۆشیالیزم بە توندڕەوی و تیرۆر دێنتە کایەوە ،  بەڵام هەموو ئەم ئاراستانە وەکو هەدەف وەکو پەیگیریی بە ئەنارکیزمەوە یەکن و جیاوازییەك نییە لە نێوانیانا .  شێوەی خەباتکردن و بۆچونی جیا لە گەیشتن بە ئامانج هەیە بەڵام ئەمانە چەپ و ڕاست دروست ناکات لە ناو ئەنارکیستەکاندا.  ئەنارکیزم شێوەی ژیانە ،  پرۆژەو سونەتی ژیانە ،پراکتیکە زیاتر لەوەی تیئوری بێت .

شەش : لە لا 13 باس لە ” چینی کرێکار وەک بکەری شۆڕش و بەرەنگاری ”  پەنجەتان بۆ گەلێك ڕاستی بردووە لە پرسیی دروستبوونی سەندیکا و ڕۆڵی کرێکاران و هەندێ شتی تر . من باوەڕم ئاوا نییە کە کرێکاران چونەتە نقابەوە بۆ بینای سۆشیالیزم چوون ، بەڵکو بۆ چاککردنی بارودۆخی سەختی ژیانیان چوون.  هەر ئاوا لاشم وایە مارکس و باکۆنین و بیرمەندەکانی دیکە بارێکی ئێکجار قورسیان خستۆتە سەر پشتی کرێکاران کە شۆڕشکردنە ، دینەمۆی شۆڕشن ، بنیاتنەری سۆشیالیزمن.  بەڵام لە ڕاستیدا چوونە پێشەوەی سەرمایەداری و تێپەڕبوونی 170 ساڵ و زیاتر بەسەر ئەو پەیامەی ئەواند ، ئەو پەیامەی ئەوانی کردە وەهمێکی ڕوت و قووت .

گرفتی ئێوە و ئێمەش ئەوەیە کە زۆر بە بوێرانەوە ناتوانین بڵێین تیئورەکانی مارکس نە ئابورییەکەی و نە سیاسییەکەی دروست نەبوون ، گەر خاتری بگرین بەهۆی خۆ لادان لە مشتومڕی زۆر ، من دەڵێم دەبێت ” تەجاوازی عەهدی / قۆناخی مارکس بکەین ” هەردوو لامان ناتوانیین بە راشکاوانە قسە لەسە بارودۆخی حەقیقی و واقیعی کرێکاران بکەین کە کرێکاران بە تێپەڕبوونی زەمەن و گەشەکردنی سەرمایەداری نەك هەر شۆڕشگێڕ نین بەڵکو ڕیفۆرخوازیش نین ، چینێکی نایەکگرتوو ، دواکەوتوو ، سەرچاوەی ڕایسست ، فاشیست ، سێکسیستن ، کرێکاران هەموو شتێکن جگە لە شۆڕشگێڕیی . ئەمڕۆ چینێکی تر هەن کە کرێاکاران لە چاویانا ئۆرستۆکراتە کۆنەکانن، خاون ئیمتیازن ، چینێکن هیچیان نییە شەڕ هەڵیکەندون ، جێنێکن کە لە پەراوێزی کۆمەڵەوە دەژین ژیان چ مانا و بەهایەکی بۆ ئەوان نییە ، چینێکن کە داهاتیان یا نییە یا زۆر زۆر کەمتر  لە کرێکار  .  بروانە : قوتابییان، پەککەوتوان و خاوەنپێداویستی تایبەتی ، بێ کاران ، ژنان و باوکانی یەك باڵ ، خانەنشینان ..  ئەمانەن کە شۆڕشگێڕن نەك کرێکاران ،کرێکاران لە پیناوی مانەوەی کارەکەیاندا چەك و تەقەمەنی دروست دەکەن باشترین تەکنەلۆجیای مرۆڤککوژ ، ژینگە وێرانکەر دروستدەکەن ، هەرگیز نەیانتوانیووە کە  یەکبگرن و نەك هەر لە شارێکدا بەڵکو لە کۆمپانیایەکیشدا هاوپشتی یەکدی بکەن .  بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شۆڕش بە بێ ئەوان ناکرێت چونکە شادەماری ئابوورییان بە دەستەوەیە .

زۆررێك لە راگەیاندن و وتەکانی مارکس هەڵە بووە وەکو : مرۆڤ بە نرخترین سەرمایەیە ، ئەی کرێکارانی جیهان یەکگرن [ ئەمە دروشمی زۆرێکیان بووە] ، سەرمایەداری گۆڕهەڵکەنی خۆەتی.  راستە بەڵام گۆڕهەڵکەنەکە کرێکاران نین.  ململانێی نێوانی چینە چەوساوەکان و  باڵادەستەکان ، لە پلەی دووهەمدا ملاملانێ لە تەك سروشتدا، واتە وێرانکردنی سرروسشت .  لە ڕاستیدا تئیورەکانی مارکس کرێکاران و چەوساوەکان سوودیان لێنەبینیوە بەڵکو  بەهۆی ئەو تیئورانەوە چەوساوەتر بوون،  سەرمایەدارەکان و دەسەڵاتداران و ئابوریناسانی لیبرڵ لێی سوودمەند بوون. بەڵام ئێمە ناوێرین ئەمانە بڵێیین . لام سەیرە ڕەتکردنەوەی لینین ڕەتکردنەوەی مارکسی بە دوادا نایەت .  ئەو لینینە هەژارە چی کردووە  و مارکس بە تیئوری قسەی لەسەر نەکردبێت هەر : لە پرسی حیزب ، دەوڵەت، نەتەوە ، مەرکەزییەت ، یەکێتی نیوانی بورجوا و پڕۆلیتاریا تاکو  زۆری تر .  ئەوەشمان لەبیر نەچێت مارکس هیچ ڕەحم بەزەییەکی نەبووە بەرانبەر بە کۆمۆنێتیەکان و نەریت و کولتور و زمانانیان. ئەوەی لای ئەو گرنگ بوە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و کرێکاران بووە ئیتر ئەوەش گرنگ نەبووە لای ئەو لەسەر ئێسک و پرسسکی هەژاران و کۆمۆنێتییەکەیان بووبێت .  پرسیاری ئەوەی کە مارکسیزم بۆ نابێت بە هیچ  و هیچ بە هیچ ناکات ؟ چونکە مردووە ، بەسەرچووە هی چەرخی  خۆی بوووە.

حەوت: دیاردەی ئەرستۆکراتی کرێکاران لا 17 : لە ڕاستیدا ئەوە غەدرە لە کرێکاران کە توێژاڵێکیان بەوە تاوانبارکراون  ، رەنگە مارکس و ئەنگلس مەبەستیان سۆشیالدیمۆکراتەکان بیت .  کرێکاران کار دەکەن بۆ ئەوەی ژیانیان باش بکەن نەك بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی .  لێرەشدا هەست دەکەم  کە مارکس ناکۆکە بە خۆی لە لایەکەوە ئەرکی شۆڕشیان بۆ دادەنێت  و لە لایەکی دیکەوە  دەلێت :  هەل و مەرجی سەر کار و نێو کۆمەڵ تەحدیدی هۆشیاری و هۆشمەندی دەکات .  دەی ئەگەر ئەمە وابێت ، منیش باوەرم پێیەتی ، ئیتر کرێکاران دەبێت هۆشیار بن بە پرسە ئابورییەکەیان نەك سیاسییەکەیان و دانانی دەوڵەتی پڕۆلیتاریا بۆیان .  دوای ئەوەش ئەو بارودۆخەی ئەوان هۆشیاریان دەکات و بە ئاگایان دەهێنێتەوە لەگرفتەکانیان و گرفتەکانیشیان لەگەڵ خاوەنکاردایە نەك دەوڵەت و دەوڵەتی ئەو سەردەمە.

هەشت : لا 21 دەوڵەتێك لە جاوەڕوانییدا :  هاوڕێیان ببورن من لەمە حاڵی نەبووم . ئایا باس لە دەوڵەتێک دەکرێت کە ئیوە لە چاوەڕانییدان ؟ یاخود مەبەستتان حیزبەکانی دیکەیە.

نۆ :  لا 19 دەڵێن : “بەڵام دیسانەوە کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە کە گۆڕانکاریەکانی سەرمایەداری هاوچەرخ توانست و پێگەی ئەو چینەی لاوازکردووە، ئەگەر ئەو فۆرمۆلە نەریتیەی پێشوو کە لەکاتی ئەنتەرناسیوناڵی یەکەمەوە ڕاگەیەنراوە.”  ئەمە زۆر راستە هاوڕێیان بەڵام ئێوە هەر پەنجەتان خسۆتە سەری ، قسەتان لەسەری نییە .

دە:  28 “پیاچوونەوەکان بە ئەزموونی پارتە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکاندا هێشتا لەسایکڵی پێشوودایە، ئەگەر هەندێکی گەیشتووە بەئاستی رەتکردنەوەی تەواوی پارت، وەک فۆرم و پێکهات و ئامراز و ئایدیا، لە پرۆسەی خەبات لە دژی سیستم و تێکۆشانی سیاسیدا بەبێ رەتکردنەوەی گرنگی ڕێکخستن بەگشتی، ئەوە لەلای هەندێکی تر(ئانارکیستە تاکخوازەکان) لەڕێگەی رەتکردنەوەی تێزی نوێنەرایەتی سیاسیەوە گەیشتوون بەئاستی رەتکردنەوەی کۆی ئایدیای نوێنەرایەتی[1]. لەوەش واوەتر رەتکردنەوەی کۆی سیاسەت، وە هەر شتێک کە بۆنی سیاسەت و پارتایەتی و نوێنەرایەتی لێ بێت تا ئاستی بە شەیتانکردنی سیاسەتمەداری.”

باشە هاوڕێیان ئێوە خۆتان ڕاتان چییە کە لە دەرەوەی ئێوە هەمووی لە سایکلی پێشوودا بسوڕێتەوە؟ ئەنارکیستەکان نوێنەرایەتی رەت دەکەنەوە جونکە دەزانن نوێنەرایەتی بیرۆکراتتیەت دروستدەکات و جۆری کار و سیاسەتی پەڕلەمانتارییە و نوێنەرەکان چەشە دەکرێن و خاوەن ئیمتیاز دەبن و ناکرێت لەو بارەدا جێگای متمانە و بروای ئەوانە بن کە هەڵیانبژاردوون.  نێردە ، مەندوب، دێلیگەیت زۆر راستە و خەڵکی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا ، ئەنجومەنەکاندا هەڵیان دەبژێرێت و هەر بۆ تاکە ئەرکێکە و خۆیان بۆ ئەوەی لە مەرکەزییەت و بیرۆکراتییەت بە دووربگرن ، تەنانەت بۆیان نییە پێشنیاریش بکەن ، ئەوان تەنها ئەمانەتێك دەگەیەنن و ڕاو بۆچونی لایەنەکەی دیکە دەهێننەوە و ئەو کاتەس دووبارە دانیشتنی لەسەر دەکرێتەوە ئەو شتە نوێیانە تاو و تۆێ دەکرێنەوە جا لەو حاڵەتەدا هەر هەمان خەڵک دەچنەوە یاخود نێردەی نوێ هەڵدەبژێرێن.  بوکچین تەنانەت لە ترسی دروسبوونی بیرۆکراتییەت و ڕای هەڵە و شێواندنی برگە و وشە ڕوو نەدات ئەو پێشنیار دەکات یەکێك لەگەڵ نێردەکاندا بچێت تەواوی گفوگۆکان تۆمار بکات نەبا نێردەکان تەواوی شتەکانیان لەبیر بچێت یاخود بە شێوەیەکی شێواو و نادروست بیگەیەننەوە.

سەبارەت بە سیاسەت: سیاسەت لەو کاتەوە کە بوەتە بانگەشەی فەرمی و ڕاوێژی دەسەلاتداریی و حوکمرانیی، بۆ من یانی درۆ و دەلەسە و فێڵ و ساختە و بازرگانی و زۆری تر کە جەماوەری پێ تەفرە دەدرێت بۆیە من باوەڕم بە سیاسەت نییە ، دەبێ جیاوازی لە نێوانی سیاسەت و  خەباتکردن و تێکۆشاندا بکەین .

یازدە: لە لا 51 دەڵێن ” لەم شێوە ڕێکخستنە سیاسیانەدا جۆرێک لە هیرارکیەت و دەسەڵاتبەندی و جۆرێک لە ناوەندێتی لە چەندین ئاست و لیڤڵدا قبووڵکراون. ئەشێت دروستکردنی ئەو ناوەندانە یان پێکهێنانی سەنتەری جیهانی لەچەشنی(IFA) وەک جۆرێک لە نوێبوونەوە تەماشابکەین، یان وەک ناچاریەک بۆ قبووڵکردنی فۆرمی ڕێکخراوبوون بەمەودا و بەرنامە و پڕۆژەی ئەنترناسیۆناڵیەوە (هەرچەند تا ئێستاش هیچ یەک لەو فیدرالیەتانە خاوەنی بنک و پێگەی جەماوەری نەبن).”

لە ڕاستیدا ئیفا ، IFA ، مەرکەز نییەو خودی ئەنارکیستەکان هەر باوەڕیان بە سێنتەر نییە تاکو ئیفا بکەنە سێنتەر.  باسکردن لە سێنتەر یانی هەڵبژاردنی ئەندامان بۆ ئەو سێنتەرە و هەبوونی دەستڕۆیی [ صەلاحییەت] و دنانی سیاسەتەکان بۆ شوێنەکانی دیکە و پەیگیرببوونی شوێنەکانیش بە ئیفا و سیساسەتەکانییەو ە .  ئێمە وەکو کاف ئەندامی ئیفا-ین هیچ جۆرە شتێکمان بەسەردا نەسەپێنراوە و ئێمەش خۆمان نابەستین بە سیاسەتی ئیفاوە گەرچی ئیفا حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی نییە تاکو خودی خۆی بەسەر فیدرسیۆنەکاندا بسەپێنێت .  ئیفا تەنها نێتوەركێکە ، تۆڕێکە و فیدراسیۆنەکانی تێدا کۆبونەتەوە و دەکرێت لەوێوە هاوکاری یەکدی بکەن بەیەکتری بگەن .  بۆ نموونە گەر ئێمە بمانەوێت لەگەڵ هاوڕێیانی لوبنانی-دا ‘ کیفاح ‘ پەیوەندی ببەستین بۆ پیداویستییە ناوخۆییەکان و ناوچەکە ئەوە ئیفا هێڵێکی باشە کە لەوێوە هاوڕێیانی کیفاح بناسین و بەیەك بگەین .  دوای ئەوە ئیفا کۆبوونەوەی ناو بە ناو لەسەر ڕووداوەکان رێكد ەخات و ئیتر هەموو فیدراسیۆنەکان داوەت دەکرێن بۆ دانیشتنەکە وەکو لەسە جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا چەند دانیشتنێك کرا ، هەر ئاواش هەموو 6 مانگ جارێك کۆنفرانسێك ڕێكدەخات و هەموو ئەو فیدراسیۆنانە بەشداری دەکەن و لەو ڕێگایەوە هەموو لایەك بە هەواڵی ئەوانی تر و چالاکی و جم و جوڵییان و بارودۆخی ئەوا وڵاتانەی کە لێوەی هاتون یا قسە دەکەن ئاگەدار دەبن .  لەمانەش گرنگتر سەرپەرشتکردنی ئیفا یاخود ڕاستتر ئەرك و ڕاپەرانی کارەکانی وەکو لەسەرەوە باسم کردن ، دەسوڕێت لە نێوانی فیدراسیۆنەکاندا ، هەر فیدراسیۆنێك بۆ ماوەیەک ئەو ئەرکە دەگرێت دەست ، بێ گومان خۆبەخشانەیە ، نەك زۆرکاریی.

دوازدە : لە لا 52 دا دەڵێن ” هەروەها لەناو رەوتی دووەمدا لەرۆژئاوای سەرمایەداریدا لێرەو ولەوێ کۆمەڵەی تر پەیدابوون کە تاڕادەیەک بە نیوئانارکیستەکان ناودەبرێن، کە گەیشتوون بە بێ باوەڕی تەواو بە پێگە و رۆڵی چینی کرێکار و دەستبردن بۆ سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکاریەکان بە بێ هوودە دەزانن، خۆیان دابڕیوە  لە سەدەی رابردوو  کە تیایدا ئانارکیستەکان بە لێبڕاویەوە خەریکی سەندیکا کرێکاریەکان و بەشۆڕشگێرکردنیان بوون (ئانارکۆ-سەندیکالیزم)، یان وەک ئۆرگانێکی نادەوڵەتی و دژە دەوڵەتی چاویان لێدەکرد و بەهۆیەوە خودی ئانارکیزم  بوو بە هێزێکی بەرچاو. وە ئەوان هەوڵ وتەقەلاکانیان بۆ بەڕێخستنی بزووتنەوەی جۆراوجۆری تایبەت تەرخانکردووە (لە چەشنی بزووتنەوەی سکواتەکان و ئەزموونە ژیانیە گرووپیەکان و بزووتنەوەی هاوشێوەی تر. …تاد). بەڵام لە ئەمریکای لاتیندا، رەوتە ئانارکیستەکان بەزۆری وەک رەوتی کۆمەلایەتی تر خۆیان نمایشکردووە، ڕێکخراویان دروستکردووە و بەچەند ئاست و لیڤڵ خۆیان لەرەوتە ئانارکیستە نەریتیەکانی رۆژئاوا جیاکردۆتەوە”

جوانی هزری ئەنارکیزمی ئەوەیە کە وەکو هزر دەمێنێتەوە نەك ئایدۆلۆجی ، واتە هەمیشە لە گۆڕاندایە و خۆی بە دەقی هیچ بیرمەندێکەوە نابەستنەوە بۆ سەپاندنی ، بەڵکو واقیع تەنها زەمینەیەکە کە بیر و تاکتیك و پلانی لێهەڵدەهێنجرێت . هەر لەبەر ئەوەش ئەوەی کە ئەمڕؤ بیری لێدەکیتەوە لات ڕاستە ، ڕەنگە بەیانی لات هەڵە بێت . ئەو ئەنارکیستانەی کە ڕایان وایە کە کرێکاران لە ئەمڕۆدا و لە حاڵی حازردا بایاخی ئەوەیان نییە کە ببنە دینەمۆی شۆڕش ، بە ڕای من زۆر راستن و ڕایەکە کە لە واقیعەوە خۆی بینیوەتەوە . لام وایە نەزانینی ئەم ڕاستییە دەردی کوشندەی هەموو مارکسسیەکان و بڕێکی ئەنارکیستەکانیشە .  تاکو هەموان نەگەنە ئەو قەناعەتە ، هیچ هیواو ئومێدك نە بە قسەیان دەکرێت و نە بە کرداریشیان .  لە راستیدا گەر دەردەکە دەستنیشان نەکەیت زۆر زەحمەتە چارەسەرەکەش بزانیت . دواتر دێمەوە سەر ئەم خاڵە.

سەبارەت بەو لق و پۆپانەی کە باستان کردووە ، لای من زۆر دروستن هەر هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی کە : شۆڕش شؤڕشی کۆمەلایەتییە نەك سیاسی . شؤڕشی کۆمەڵایەتیش یەکەم دەبێت لە بنی کۆمەڵەوە دەستپێبکات و دووەمیش لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵدا ، واتە هەر هەموو گرفتەکان بگریتە خۆی ، سێیەمیش ئەوە زۆر دروستە  گەر دەتەوێت ئەم سیستەمە بگۆڕیت دەبێت لە هەموو لایەکەوە بیگۆڕیت ، گؤڕانیشی یانی دەبێت لە هەموو لایەکییەوە کنەی لێبکەیت بۆ ئەمەش هە لایە و گرفتی خۆی لە لاکەی دیکە باشتر دەزانێت لە هەموو ڕویەکەوە ، بۆیە زەروورە پەککەوتان و خاوەنپیداویستی خۆیان خۆیان ڕێکبخەن ، قوتابییان ، ژنان، مامۆستایان ، خانەنشینان، گروپەکانی دیکە کە بۆ گرفتێکی دیکەی وەکو داخستنی خەستەخانەکان ، قوتابخانەکان ، یاخود نەکردنەوەی هێڵی شەمەمەنەفەر بە ناو گوندەکانادا ، دروستنەکردنی شۆپینگ سێنەتر ….. خۆیان ڕێکبخەن کرێکاران لە نقابەکانیانا ئەمانە هەموی کارێکی باشەو بە جێیە ، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەمانە لەم ڕۆژەدا ئەوەیە: ئەمانە نەهاتون کە لە لە تۆڕێكی سەرانسەریدا خۆیان کۆبکەنەوە بۆ هاوپشتی و کۆمەكکردن بە یەکدی ، دووەم گرفتیش هەر زۆرینەی ئەم گروپ و دەستە و ڕێکخراوانە هیرراشین / قوچکەیین و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بیرۆکراتییەت و کوشتنی گیانی دەستپێشخەری و بەهرەی تاکەکانیان  و قابیلی ئەوەشن کە لە لایەن دەسەڵاتەوە یاخود لایەنی ببەرپرسیارەوە دەستەمۆ بکرتێن.

سیازدە : لە لا 53 دا دەڵێن ” بەڵام بەگشتی ئانارکیزم و رەوتەکانی لە دۆخێکی نەخوازراودان و لەمێژە ئەوە بووە بە بنەمایەک بۆ نوێبوونەوە یان بۆ پچڕان و دابڕان لەو شوناسە و هەوڵ بۆ گەیشتن بەشوناسی تر. “

لە ڕاستیدا رووداوەکان و ڕۆڵی پارتەکان و شکستی مارکسیزم و کاریگەری سەرمایەداریی و پێشەوەچوونی ئەوە دەسەلمێنن کە ئەنارکیزم تاکە ئاراستە و هزرێکە کە دەکرێت  ببێتە ئەرکی خوازراوی هەر کەس و لایەنێك کە خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە بەشداریکردنی گۆڕانی کۆمەڵدا. بزوتنەوە خۆ بەخۆیی بێ سەرکردە و پێشڕەو کە لە زۆربەی وڵاتاندا روودەدەن شاهیدی قسەکانمن .  بەشەرییەت ئەمڕۆ ڕێگایەکی دروستتری لە تێکۆشان و خەباتکردن دژ بە کۆمەڵی جیانیەتی و پلەبەندیی لە ئەنارشیزم باشتر نەدیتووە .

چواردە :  لە لا 62 دەڵین ” هەڵبەتە وەک هەر دەقێکی تر تەنها ئەوانەی باوەڕیان پێیەتی و بەکردەوە جێبەجێی دەکەن دەتوانن گیان بە بەریدا بکەن و بەزیندوێتی بیهێڵنەوە و بەردەوام نوێی بکەنەوە یان دەقی تر بکەن بە جێگرەوەی. بە پێچەوانەیشەوە وەک هەر دەقێکی تر دەمرێت و دوای ئەوەش ئەگەر چانسی باشی هەبێت لە جێگایەکی باشی رەفە و ئەرشیفەکاندا دادەنرێت”

ئەگەر لێرەدا ئێوە مەبەستتان ئەم جاڕنانەمەیە بێت ، بە داخەوە ئێوە شتێکتان نەوتوە تاکو بزانرێت ئەوە دەقە چییە؟ ئایا بە زیندویەتی دەمێنیتەوە یا نا؟ ئەمەی ئێوە نە کارنامەیە و نە مانفێست ، بەڵکو نوسینەوەی مێژووی چەپە وێرای ئەوەی هەندێکی بە کەموکوڕییەوە نیشان دراوە .

پازدە: لە لا 66 دەڵێن “دۆخی پەکەکە لەتورکیا نیشانەی ئەوە بوو کە ئەو دەوڵەتە لەبنەڕەتەوە هیچ بوارێکی بۆ خۆگونجاندن تەنانەت بۆ ناسیونالیستە کوردەکانیش نەهێشتبۆوە، بۆیە لەڕیشەوە ئەو رێکخراوە هەوڵیداوە ڕێگاچارەیەکی جیاواز لەڕێگاچارە نەرتییەکانی چەپ، و ناسیونالیستەکانی ناوچەکە بگرێتەبەرو هەوڵەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لەم پەیوەندەدا پربایەخ و جێگای نرخاندنی زۆرن”

لە ڕاستیدا نازانم ئێوە چۆن گەیشتونەتە ئەو سەرەنجامەی کە ئەوەی سەرەوە دەڵێن، پەکەکە هیچ چارەسەرێکی پێ نییە ، خودی خۆی لە گەورەترین ئەزمەدا دەژی و تەنها ئەمڕؤ دەداتە دەست بەیانی و لە ژێر ڕەحمەتی هێڕشی سوپای تورکیادا دەمێنیتەوە و خۆشی نازانێت چی دەوێت  و چی دەکات . لە لایەکەوە دینین و دینیش نین ، کوردایەتی دەکەن دیعایەی کۆنفیداراڵیزمی دیمۆکراتیك دەکەن، باسی مەسەلەی چینایەتی بە دەگمەن دەکەن و هاوکاتیش کۆنگری قەومی  دەخوازن.  پەکەکە کوردستانی تورکیا و عێراقیشی داوە بە وێرانکردن ، بزونتەوەیەکی چەکدارییە و تەکمیلەی سیاسەتی ئاکەپا دەکات لە وێرانکردنی کوردستاندا.  پەکەکە تا ئیستا کە باشوور چەقی خەباتیانە نەیانتوانییوە یا نەیانویستووە گروپە خۆ جێیەکان دروستبکەن ، مەگەر لە گوندەکانی بناری قەندیل.  تا ئێستاش خەڵکی پەکەکە بەشداری لە هیچ پرۆتێست و خۆپیشاندنێکی باشوردا ناکەن ، لە بریتانیاش مەگەر هی خۆیان و بۆخۆیان کرابێت و بکرێت بەشدارییان کردبێت یا بیکەن .  سیاسەتیشیان بەرانبەر بە یەکێتی و پارتی و ئێران ، ئەوە ئێوە لە من باشتری دەزانن . ئەمە جگە لەو زمانە ڕایسیستییەی کە لە ڕۆژنیوس دا بەکاری دەهێنن : دەوڵەتی تورك، پۆلیسی تورك ، ئەرتەشی تورک ، …

خاڵێکی گرنگە هەیە ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ئۆجەلان لە پەکەکە جیا بکرێتەوە ئەوەی پەکەکە دەیکات بەو شەڕە خۆترڕێن و کوردستان وێرانکردنەوە تەواو دژایەتی فکری ئۆجەلان دەکات ، ئۆجەلان دژ بە شەرە ، دژ بە کوردایەتییە ، دژ بە ڕایسیزمە بەڵام ئەمان تەنها ناوی ئۆجەلان بەکاردەهێنن بۆ بەکارهێنان و بەڕێکردنی ئەوەی کە خۆیان دەیانەوێت کە تەواو دژی کوردیش کە بزوتنەوە چەکدارییەکەیانە.

شازدە : لە لا 38 دەڵێن ”  هەرچی دەربارەی ئانارکیستەکانە، بەهەمان شێوە لە دوای باکۆنین و ئەنتەرناسیونالی یەکەمەوە لەسەر هێڵی بەرەنگاری و رەتکردنەوەی دەوڵەتدا مانەوە. لەپەیوەند بەمانیشەوە رەتکردنەوەی دەولەت و کۆمەڵگای دەوڵەتی و بانگەشە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ژیانی خۆڕسک و سروشتی، وە ئازادی تاک و گرووپ و شۆڕشی کرێکاری دژی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی کرێکاری ووڵات بەبێ دەوڵەت، وە ….تاد کۆمەلە ئایدیایەکن کە نابن و ناگەن بە خستنەڕووی تیۆریەک دەربارەی دەوڵەت، هەروەها دژە-دەوڵەتی خۆی لەخۆیدا بە ئەلتەرناتیڤ ئەژمار ناکرێت. هەرچەند وەک ئەلتەرناتیڤ دەخرێتەڕوو، یان دەکرێت بە دروشم (دژە-دەسەڵات:Anti-Authoritarian). لەم پەیوەندەشدا دەسەلات و دەوڵەت وەک یەک تەماشا دەکرێت، یان تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ یەکتر، وە هەروەها دەوڵەت و حکومەت دەکرێن بە یەک شت “

من پێشتر لەسەر پرنسپڵەکانی ئەنارکیزم و ڕۆڵی دەوڵەت و ئاراستەی ئەناکیستەکان قسەم کردەوو.  ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم ئەنارکیستەکان بەرنامەی خۆیان هەیە  و دەزانن چی دەکەن و چۆنی دەکەن . ئایدیای ئەنارکیستەکان دەکرێت گەر باشتر خۆیان ڕێکبخەن بخریتە قاڵبی عەمەلییەوە ، چونکە وەکو پێشتر وتم ئەنارکیزم  ڕۆحی ژیانە هێناوەی ڕۆحە بە کۆمۆنێتییەکاندا ، دروستبوونی یەکێتی تەواوی توێژالەکانی کۆمەڵە بە حوکمی ئەوەی یەککەوتن لای ئەوان لەسە ئەساسی ئایدۆلۆجی و سیاسەت نییە بەڵکو لەسەربناخەی ئەو کارانەیە کە هەنگاو بە هەنگاو لە کۆمەڵی سۆشیالیستی نزیکمان دەکەنەوە . ڕەنگە بەشێک هەبێت لە ئەنارکیستەکان کە بیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ باوەشی سروشت بۆ ژیانێکی سادەو ساکار بەڵام لە شێوە کۆنەکەیدا ، بەڵام ئەم مەیلە لەوەیان ناخات کە ئەنارکیست نین ، هەروەها تەریکیشیان ناکات لەوەی کە گەر بەیانی بزوتنەوە دروست بوو ئەمان خۆیان دووربگرن .  لە لایەکی دیکەشەوە ئێمە دەبێت ئەوە وەکو مەیلێکی ناڕازیی ، یاخیی دژ بە دەوڵەت و سیسیتەم و بازاڕی هەنووکەیی  و جۆری ژیانی حازریی بزانین  کە  ئەمەی ئێستا هیچ شتێك نییە جگە لە هاوپشتی دەوڵەت و سیستەم نەبێت . ئەوان گەر نەشتوانن لەگەڵ هاوەڵەکانییانا خۆیان ڕێکبخەن دژ بە دەوڵەت  و سیسیەمەکە بەو شیوەیەی کە من و تۆ ئەمانەوێت ، بەڵا م بە عەمەلی دەیسەلمینن کە ئەوان دژ بە سیسیتەمەکەن لە ئێستادا ئەوان ئەوە وەکو ڕێگایەکی چاك دەزانن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەت و کۆمەڵی مەوجوود و سیستەم .  کاردانەوەی هەر یەکەمان دژ بە سیستەکە جیاوازە بەڵام کارایی خۆیان هەر هەیە .

حەڤدە:  لە لا 38 و 39 دا دەڵێن ” لەکرداریشدا لەهەندێک بڕگەدا دەبن بە لایەنگری دەوڵەت بۆ گۆڕانکاری[2]، وە هەروەها لە شۆڕشی روسیادا بوون بە لایەنگری دەوڵەتی سۆڤیەتی دامەزراو، وە لە جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیادا ئانارکیستەکان بوون بە بەشێکی پێکهێنەری حکومەت لەو ئەزموونەدا. وە یان سوپاکەی ماخنۆ لە ئۆکرانیادا لەکاتی جەنگ لەگەڵ سوپای سوری سوڤیەتیدا خۆیان پابەندکرد بە پێکهێنانی دەسەڵاتێکی نوێ و داڕشتنی بەرنامەیەکی سیاسی نوێ بۆ ئەم مەبەستە و بۆ دروستکردنی رێکخراوی ئانارشیستی خەباتکارانە[3]“.

هاوڕێیان ئەمە شێواندنی ڕاستییەکانی ئەو سەردەمەیە .  هیوادارم ئەمەی کە وتراوە لە نەزانین و بێ ئاگاییەوە بێت سەبارەت بە خەباتی ئەو سەردەمەی ئەنارکیستەکان، نەك شێواندنی ڕاستی ڕوداوەکان بە ئەنقەست.

ئەنارکیستەکان هەرگیز لایەنگریی دەوڵەتی بەلشەفی نەبوون .  ئەوان لایەنگری پلانەکانی ئەو سەردەمەی ئەزموونە نوێیەکەی بەلشەفی بوون کە گوایە دەسەڵات ،د ەسەڵاتی کرێکاران دەبێت  و حیزب و بورجوا هیچ دەستوەردانێکی تێدا ناکەن و کۆنترۆڵی کرێکاران ناکەن ، ئەوان لایەنگری دەسەڵاتی سۆڤێتاتەکان بوون نەك دەوڵەتی بەلشەفی .  ئەمانەش هەموویان لە سەرەتادا بوون بەڵام دوایی کە هەقەتی دەوەڵەتی بەڵشەفی کاری تیرۆریان دژ بە ئەنارکیستەکان و خەڵکانی دیکەی ناڕازی و سیاسەتی بەلشەفی دەوڵەتەکەیان بۆ دەرکەوت ، ئەوان ئیتر بە تەواوەتی نێت و کاری بەلشەفییان  بە تەواوەتی بۆ دەرکەوت و لە بەردەم ئەو مەترسییەدا دەژیان .  من لەوەی ئیوە ز یاتریش دەڕۆم کە ئەنارکیستەکان ئامادە بوون دژ بە سوپای سپی و دووژمنانی ڕوسیای ئەوە سەردەمە سەربەخۆیانەش شەڕ بکەن ، تەنانەت ئەمەشیان بە لینین و ترۆتسکی راگەیاندەبوو لەسەر بناغەی جەند مەرجێك.  هاوڕێیان ئەمە وەکو ئەوە وایە کە ئێمە و ئێوە مەفرەزەیەکی تایبەتیمان هەبێت و بەرگری لە ڕۆژئاوا بکەین یاخود دژ بە هێڕشی دڕندانەی تورکیا بوەستینەوە ، ئایا ئەم هەڵوێستەی ئێمە دەمانکاتە لایەنگری پەیدە یاخود پەکەکە ؟ بی گومن نا ، گەرچی بە لە بەرژەوەندی ئەوان دەگەڕێتەووە.

سەبارەت بە بەشداری ئەنارکیستەکان  بوونیان بە بەشێك لە حکومەتی ئەو کاتە ، ئەوە هەڵویستی ئەنارکیستەکان نەبوو ، ئەوە هەڵوێستی بە تەنهای سی ئێن تی ئیسپانیا بوو نەك نەنارکیستەکان ، گەرچی سی ئێن تی –ش سەندیکایەکی ئەنارکیستی بوون .  ئەنارکیستەکان ڕا و پێشنیاری خۆیان بۆ ئەوان ڕونکردەوە لەو بارەوە .  ئەوە خاڵێکی رەشە بە تەوێڵی سی ئێن تی-یەوە هەتا دونیا دونیایە پێیان ئەوترێتەوە و دەزانرێت ئەوە هەڵوێستێکی ئەنارکییانە نەبوو.

هەژدە:  لە لا 39دا دەڵێن ”  بەهەرحاڵ نەبوونی تێوریەکی سیاسی هەمەلایەنە و گشتگیر لەسەر دەوڵەت خاڵی هاوبەشی هەریەک لە مارکسیستەکان و ئانارکیستەکان بوو ”

هاوڕێیان ئەمەشیان ڕاگەیاندنێكی زۆر هەڵەیە هێڵی جیاوازی سەرەکی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان دەوڵەت و دەسەڵات بووە بە سەدەها کتێب و نوسین و وتار و دیمانە لە لایەن ئەنارکیستەکانەوە نوسراوە و کراوە بۆ تێگەیشتن لە مەترسی دەوڵەت و دەسەڵات .  جەوهەری فکری ئەنارکیستەکان، تیئوری ئەنارکیزم ئەگەر دژ بە دەسەلات و دەوڵەت نەبێت ، دەبێت چی بێت ، جگە لە ئاراستەیەکی دیکەی پارێزەر و بەردەوامیدەر بە سیستەمی مەوجوود؟.  ئەوە مارکس و مارکسییەکان بوون کە نەیاندەتونی لە ڕێگەی تێپەڕکردنی دەوڵەتەوە بگەنە قەناعەتی دروستکردنی سۆشیالیزم ، ئەوە ئەوان بوون کە دەیان وت دەولەت زەروورە وەکو قۆناغێك بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم .  هەر ئەمەش بوو کە قوڕی بەسەر بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکاندا کرد و دواتریش کەسانی وەکو ستالین و پێش ئەویشس بۆ گەیشتن بە کۆمەڵی سۆشیالیستی کۆمەڵیان کردە قۆناغ قۆناغ : تا کۆتایی بە سەرمایەداری هێناو گوایە پاساوی بوونی سۆشیالیزم پێش قۆ ناخی سەرمایەداری مەحاڵە  و هەر دەبێت کۆمەڵ بەو قۆناغانەدا تێپەڕێت هەر ئەمەش ئەم هەموو جۆرە حوکمەی هەر لە دیمۆکراتیەوە ، دیمۆکراتی شەعبی و ، ئیشتراکی وەتەنی و هاوکاری حیزبە شێوعییەکان بە بورجوازی نیشتمانی حوکمڕان بۆ سەرمایەداریکردنی وڵات تاکو لە شؤڕشی سۆشیالیستییەوە نزیك ببێتەوە، هێنایە کایەوە.  تەنانەت تەتەوری ناسەرمایەداری  حیبزبی شیوعی عێرا قی لەو ڕوووە بوو.

نۆزدە: لە لا 43 باس لە ” قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ ی سەرمایەداری لەئەمریکا” دەکەن.

هاوڕێیان بەڕای من ئەوە قەیرانی سەرمایەداری نەبوو چونکە سەرمایەداری دەسەڵاتی سیاسی و کولتوری و فەرهەنگی و ئابووریی و ڕؤشنبیریی و کۆمەڵایەتیی  … هەموو دەسەڵاتەکانی دیکەیە .  ئەوەی کە ڕویدا قەیرانی دارایی بوو .  بەڵام لێرەدا ئەو قەیرانە داراییە بۆكێ و لە سەری کێدا شکایەوە؟ ئەوە ڕاستە چەند بانقێك و چەند کۆمپانیایەکی گەورە و بچوك مایەپوچ بوون بەڵام ئەوە قەیرانی سەرمایەداری نەبوو ، چونکە هەیکەلی سەرمایەداری و جەوهەریی ، نەك هەر وەکو خۆی مایەوە بەڵکو بەهێزتر خۆییان نوێ کردەوە  لە هەموو رویەکەوە.  من چەند ساڵێك لەمەو بەر وتارێکی دوورو دەرێژم بە ئامار و بەڵگەوە لە سەر ئەوە نوسیوە  لە ژێر ناوی : ئایا سەرمایەداریی لە قەیراندایە؟  بۆیە نامەوێت لێرەدا لەسەر ئەم بابەتە بڕۆم.  تەنها ئەوە دەڵێم کە ئەوە ئێمەین لە قەیرانداین ، ئەوە ئێمەین کە ئەوەندە لاواز و ناهوشیارین کە دەبینە دابینکەری ئامانجەکانی سەرمایەداری بە گڵاندنمانەوە لە جەنگی دینیی و ئەهلیی و نەتەوایەتیی.

ئەنجامگیرییەکی کورت :

من رام وایە چ ئێمەش واتە ئەنارکیستە کورد-زمانەکان  و چ ئێوەش ناتوانین بەرەو پێشەوە بڕۆین و هەر لە شوێنی خۆمان هەروڵە دەکەین ، چونکە بەرنامەیەکی عەمەلیمان نییە و لە بارەی نەزەریشەوە ئیتر ئایا بەهۆی ئەوەی نەمانتوانیبێت دەرک بە ڕاستییەکانا بکەین یاخود لە ترسنۆکی و شەرمەوە بێت کە باسیان بکەین .  ئەم کێشەیە لای ئەنارکیستەکانی ئەوروپا و بریتانیا زۆر دەمێكە لابەلا بووەتەوە ، چونکە ئەوان زیاتر عەمەلی ترن و قسە لەسەر بارودۆخی ئێستای کۆمەڵ لە سای ئەم سیستەمەدا دەکەن.  هەر بۆ نمونە ئەگەر ئەوان لەگە ڵ دینییەکدا لێدوان بکەن پرسیاری ئەوەی لێدەکەن :  تۆ وەکو دینییەك چارەسەرت بۆ ئەم گرفتانەی ئێستا چییە ؟ بەڵام ئێمە لەوەوە دەستپێدەکەین کە : خوا نییە … گەر ببوایە … ئەوەی نەدەکرد و ئەوەی دەکرد …بەم جۆرە؟ ئەوان قسە لەسەر مارکس و مارکسیزم ناکەن بە دەگمەن مەگەر لە ڕەدی هێڕشێکدا .  چونکە ئەوان دەزانن کە مارکس کوڕی سەردەمی خۆی بووە و لیێدووانەکانی بۆ سەردەمی خۆی بۆ کۆمەڵ و چینەکانی سەردەمی خۆی بووە نەك ئێستا.  ئێمەی کورد پێداگری لەسەر زەروورەی مارکس و ئایدیاکانی دەکەین.

بەهەر حاڵ من رام وایە کە ئێمە ، ئێوە دەبێت لەسەر ئەم بابەتانە قسە بکەین و بنوسین یاخود هەر هیچ نەبێت پرسیار بوروژێنین:

یەك : پێناسەی چینی کرێکارانی سەردەم، ڕۆڵیان ، ئایا شؤڕشگێڕن ، ڕیفۆرمخوازن یا هیچ نین و بەرژەوەندچین و خەریکی ژیاندنی خۆیان و خێزانیانن .

دوو : شۆڕشی کۆمەڵایەتی چییەو جیاوازی لە نیوانی ئەو و شۆڕشی سیاسی یا شۆڕشی مارکسیاستەکانەدا چییە.

سێ: ئایا دەبێت ئێمە مارکس و مارکسیزم ببوژێنینەوە یاخود تەجاوازی بکەین ؟

چوار: ڕۆڵی حیزب بە هەموو جۆر و ناوەکانییەوە ، لیدەر و پێشڕەو ، ڕۆڵیان .

پێنج: بزوتنەوەی چەکداریی ؟ یا خەباتی جەماوەرییانە؟

شەش: بورجوای بچوك و چینی مامناوەندی لەم وڵاتانەدا و ڕؤڵیان ؟ جوتیاران ، کێڵگەوانان کە مارکسییەکان بە بورجوای بچوکیان ناو دەبەن .

حەوت: ئایا زەروورە کە وڵات ، کۆمەڵ چاوەڕوانی بە تەسنیعکردنی بکات بۆ ئەوەی بگاتە سۆشیالیزم ؟

هەشتەم: پرسی دەوڵەت و نەتەوە.

نۆیەم: پرسی جەنگ: وەکو دەبینین بڕێک لە مارکسسیەکان و ئەنارکیستەکانیش لایەنگری ئۆکرانیا و ناتۆن دژ بە ڕوسیا،  بەڵام ئایە ئەمە هەڵوێستی دژ بە جەنگییە؟ یا هەڵوێستی ‘ نیشتمانی’یە

دەیەم: ئازادیی تاك

ئەمانە و زۆری دیکە کە دەکرێت ببێتە بەرنامە و مانیفێستمان و هێڵی جیاکەرەوەمان لەگەڵ دەررەوەی خۆمان .  گەر ئێمە بە ڕوونی توانمیان خۆمان لەسەر ئەم مەسەلانە و هی تریش ساغ بکەینەوە ، ئەو کاتە دەتوانین کە بەرنامەی کارکردنمان هەبێت .

بە داخەوەم کە بڵێم ئا لەم جاڕنامەیەی ئێوەدا هەڵوێستێکی سەقامگیر و ئەرگویمێنتێکی بە سوود و بەڵگەدار نابینرێت .

ڕێز و خۆشەویستی زۆرم بۆتان و دەستی یەکە بە یەکەتان بە گەرمی دەگوشم .

زاهیر باهیر

لەندەن 22/05 /2022

[2] / پیتەر کروپتکین لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا دژ بە ئەلمانیا بوو بە لایەنگری دەوڵەتانی هاوپەیمان لە کاتی جەنگەکەدا:

Anarchism: A History of Libertarian Ideas and Movements , George Woodcock (1962)

[3] / بەرنامە یان پلاتفۆرمی کۆمۆنیستە ئازادیخوازەکان:

The Organizational Platform of the Libertarian Communists 1926.. on the site: http://www.nestormakhno.info/index.htm

Leave a Reply