له چله‌ی مه‌رگی ‘له‌تیف’ی برای شیریی و هاوڕێی دێرینم.
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
24/08/2013
ئه‌مڕۆ، 26/08/2013، 40 رۆژ به‌سه‌ر جه‌سته‌ی مردوت ، گیان و یادی زیندوت، هه‌وڵ و تێکۆشانی سه‌رده‌مانێکی له‌بننه‌هاتووت ، تێده‌په‌ڕێت. ڕۆژانێک، سه‌رده‌مانێک که تێکۆشان و کارکردنی سیاسی نه‌ک هه‌ر قه‌ده‌غه بوون به‌ڵکو بڤه‌ش بوون، نه‌ک هه‌ر باجه‌کان‌ی دانی سه‌ری خۆت بوون، به‌ڵکو خێزان و خزماننیشت بوون. ئا له‌و ڕۆژانه‌دا بوو که تۆ قۆڵی خه‌باتت تیادا هه‌ڵکردوو له‌پاڵ کاری ڕۆژانه‌ی کرێکارییدا ، کۆڵی خه‌می نه‌ک کرێکاران و هه‌ژارانی وڵاتت ، به‌ڵکو هه‌موو دونیاشت له‌کۆڵنابوو. ئا له‌م ڕۆژه سه‌ختانه‌دا بوو که تۆ هه‌یتێکت کارکردن و په‌یداکردنی بژێوی خێزانت بوو هه‌یتێکی تریشت دابینکردنی شوێنی خۆشاردنه‌وه‌ی هاوڕێیان و مشوورخواردنیان، بوو. ڕۆژانێک بوو تۆش وه‌کو به‌شێکی زۆرمان له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری گرتن و کوشتندا قاره‌مانانه ڕاوه‌ستابووی، وه‌کو گه‌لێکی ترمان تۆ موڵکی خۆت وخێزانت نه‌بووی ، وه‌کو هه‌ندێکی تریشمان شێرئاسا هه‌میشه له ململانێ‌و ده‌سته‌و یه‌خه‌ی مه‌رگدا بووی…. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هه‌ر مایت …. ته‌مه‌ن بواری دایت … منیش و خۆشت نه‌مانده‌زانی ڕوداوی سه‌یاره مه‌رگت بۆ ده‌هێنێت…. که‌سمان نه‌مانده‌زانی “دکتۆرێك” ، قه‌سابێك له قه‌سابه‌کانی شار ، له‌بری چاره‌سه‌ر، چاولێکنانی هه‌تا هه‌تاییت به‌باڵاده‌بڕێت. ئای له‌و زوڵمه‌ی که له تۆ کرا ، ئای له‌و چاره‌سه‌رکردنه‌ی “دکتۆر”، که به تۆ بڕا.
ئه‌مڕۆ یادی چله‌ی کۆچی دووایته، ئه‌و بۆنه‌یه‌ی ، که خۆت له سه‌رێنی ژیانتا بۆ گه‌لێك هاوڕێ و براده‌رو ناسیاو و خزمت ڕێکتده‌خست، مه‌خابن که‌چی ئێستا ده‌بێت ، یه‌کێکی تر به‌و کاره هه‌ڵسێت، یه‌کیكێ تر یادی چله‌ی تۆ ، چله‌ی خۆت به ئه‌نجامبگه‌یه‌نێت….که تۆ وه‌ختی ئه‌مه‌ت نه‌بوو…ئای له بێمروه‌تی ژیان ، ئای له بێڕه‌حمی و بێبه‌زه‌یه‌تی ژیان . ئا له‌م ڕۆژده براده‌رانی تۆ، خزمان و دۆستان و ناسیاوانی تۆ قاوه‌ی ماته‌مینی ده‌نۆشن ، جغه‌ره‌ی خه‌ماوی ده‌کێشن ، ئاخ و هه‌ناسه‌ی قوڵی بێهووده هه‌ڵده‌کێشن….ئا له‌م ساته‌دا هه‌ر باس باسی قه‌زاو قه‌ده‌ره‌کانه ، باسی نسیب و به‌خت و ناوچه‌وانه‌کانه ، باسی ئه‌جه‌ل و ڕوداو و ڕێکه‌وته‌کانه، باس له قسه‌و حیکایه‌ته بێسه‌ر و به‌ره‌کانه… هه‌ر یه‌ک به گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوزشته‌یه‌ك دڵی خۆی ده‌داته‌وه …هه‌ر یه‌ك به جۆرێك ئه‌ستێڵی دڵی پڕ له خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی، به‌رده‌داته‌وه……..به‌ڵی به‌وشێوه‌یه بۆنه‌ی چله به‌ڕیده‌کرێ ، چه‌ند قسه‌یه‌کی “خێر‌و” بێسه‌روبه‌ره‌شی تیادا ده‌کرێ…..که‌چی ئه‌وه‌ی گرنگه قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێ ، ناکرێ، گه‌ر بیشکرێ هه‌وڵی جددی بۆ نادرێ…..که بۆچی ئه‌م هه‌موو قه‌زاو قه‌ده‌رانه؟ بۆچی ئه‌م هه‌موو نسیب و ئه‌جه‌لانه؟ بۆچی ئه‌م هه‌موو ڕیکه‌وت و کۆتایی به ژیان هێنانه؟ له‌م وڵاته بیمارستانه….له‌م وڵاته کاولستانه … له‌م وڵاتی خه‌ڵکی بێچاره‌نووسانه…بۆچی …بۆ بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی ئه‌م هه‌موو ڕێکه‌وتانه؟ ئه‌م هه‌موو ئه‌جه‌لانه؟ ئه‌م هه‌موو تیاچوون و کوشتارانه؟!!!! ڕۆژ نییه خه‌ڵکانێك به ڕوداوای سه‌یاره گیانی خۆیان قوربانی نه‌که‌ن، یا به شۆرتی کاره‌با ژیان له‌ده‌ستنه‌ده‌ن، یا له بینایه‌کی سه‌رکاره‌وه… نه‌که‌ونه خواره‌وه ، یا ئافره‌تێکه‌و په‌ره‌مێزێک پیایدا نه‌ته‌قێته‌وه ، ژنێکه ، کیژۆڵه‌یه‌کی گه‌نجه، له‌سه‌ر پاراستن و پارێزگاریکردن له “شه‌ره‌ف” خوێنیان حه‌ڵال نه‌کرێت…..ئاخر له وڵاتی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیدا به ئاگه‌داری سه‌رانی حوکمڕان، هه‌موو ئه‌مانه ڕوده‌دات و ده‌کرێت…. هه‌ر پیاوان و ژنانی خۆماڵییه، خه‌ڵتانی خوێنده‌کرێت. سه‌رئه‌نجامیش ئه‌م برینه قوڵانه به خوێندنی فاتیحایه‌کی سه‌رزاره‌کی له‌بیرده‌کرێت… به تێکه‌وتنی چه‌ند پیاوماقوڵێك کێشه‌که چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.
له‌مڕۆژه‌دا ، ڕۆژی چله‌ت ، من یاده‌وه‌رییه‌کانی ژیانت باسده‌که‌م ، بۆتناگریم و ئاهه‌نگی سه‌رده‌می ژیانت سازده‌که‌م…….هۆ برا …برا شیرییه‌که‌م، هاوته‌مه‌نی منداڵی و جه‌حێڵییه‌که‌م…هۆ هاوڕێ دێرینه‌که‌م….له‌یادم نییه تۆ حه‌وت ڕۆژ له من گه‌وره‌تر بووی، یا من له تۆ؟ به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌زانم که من و تۆ له گوندێکی بچوکی سه‌ر به قه‌رداخ له ناو دووخێزانی یه‌ک خێزانی‌دا به‌یه‌که‌وه چاومان هه‌ڵهێنا، به‌یه‌که‌وه ده‌ستمان به سه‌ر و پۆتڵاکی یه‌کدیدا ده‌هێنا….تۆ ئه‌و کاته‌ش که‌سێکی جوودا بووی …. منداڵێکی بێگیروگرفت .. بێ مزه‌ڕه‌ت … بێ وه‌ی بووی ، وه‌کو ئێمه‌ی منداڵانی تری چه‌توونی گووند، نه‌بووی، که کوله و قۆڕی و مارمێلکه‌و بزنمژه‌و قومقمۆکه‌ی سه‌رتاوێره‌کانی چه‌موو دۆڵه‌کانی قه‌راغ ئاوایی به ده‌ستمانه‌وه زه‌لاله‌تیان بوو، زه‌رده‌زیڕه و زه‌رده‌واڵه ، ڕیشۆڵه‌و قوڵته‌و پۆڕو سوێسکه‌و که‌و و چۆله‌که و ته‌نانه‌ت به‌چکه‌کانیشیان، به ده‌ستمانه‌وه گیرۆده، بوون ، بۆق و قرژانگ و کیسه‌ڵی ئاوی و دێمی، مارو مارماسی و جله‌شڕه‌و .. به‌ده‌ستمانه‌وه گرفتاربوون …. به‌ڵی هه‌رچی بجوڵایه‌ته‌وه ئێمه بڕیاری ئیعدامکردنیان و کوشتنیانمان پێ‌بوو…ته‌نانه‌ت دزینی فه‌ریکه نۆك ، خه‌یار و ترۆزی و کالیار ، شه‌مامه، زرك و کاڵه‌ك و شووتی… هه‌موو جۆره میوه‌و سه‌وزه‌یه‌ك ، پیشه‌مان بوو … شتێك نه‌بوو ڕێگرمان بێت، شتێك نه‌بوو به‌ربه‌ستمان بێت…..ئه‌ی خودای من، ئێمه چ زاڵمێك بوین، ئێمه چه‌ند دڵڕه‌ق و چ خراپ په‌روه‌رده‌کراوێك بووین، چ کاولکه‌رێك… چ مه‌خلوقێك بووین بۆ تێکدان و خاپورکردنی هه‌موو ده‌ورو به‌رمان. که‌چی تۆ مرۆڤێکی دیکه بووی ، که‌چی تۆ ئه‌و کاته‌ش له نێوانی ئێمه‌دا بوونه‌وه‌رێکی جوودا بووی…..
که گه‌وره‌ش بویت دیسانه‌وه له شار له هه‌مان گه‌ڕه‌ك یه‌کمانگرته‌وه، له‌گه‌ڵ گه‌لێکی تر له هاوڕێیان و براده‌ران، سرودی سه‌رفرازی کرێکاران و هه‌ژارانی نه‌ك عێراق ، به‌ڵکو هه‌موو دوونیامان ده‌وته‌وه ….له‌گه‌ڵ به‌ڕێکردنی ئه‌و ڕۆژه سه‌ختانه‌دا … بۆ ته‌نیا جارێکیش نه‌مدی که بزه‌ی خۆشی و کامه‌رانی له‌سه‌ر لێوه‌کانت بزر ببێت ، وره‌و ئومێد و ئامانجی داهاتوو بۆ ساتێکیش له‌لای تۆ ، ئاوا ببێت. ئای که مرۆیه‌کی که‌یفخۆش و کارامه‌و به‌که‌ڵک بووی …..له هه‌ر شوێنێك داوابکرایتایه، هه‌رکه‌سێك کاری پێتبوایه ، کاری هه‌رکه‌سێك به‌تۆ ڕاییبکرایه، تۆ له‌وێ بوویت … بێ سێ و دوو تۆ له‌وێ بویت..به‌بێ دوواکه‌وتن تۆ ده‌چویت و تۆ له‌وێ بوویت…ئیدی شه‌و بوایه ، ڕۆژبوایه زوو بایه یا دره‌نگبوایه… تۆ هه‌ر ده‌چویت و له‌وێ بویت …تۆ مامه‌خه‌مه‌و خه‌مخۆرو مشورخۆر و که‌ڵکگری دراوسێ بووی ، هی براده‌ران و هاوڕێ و خزم و که‌سوکارو هه‌تا نه‌ناسیاوانیش بووی… تۆ بۆ خۆت نه ده‌ژیای ، بۆ هه‌موومان ده‌ژیای … بۆیه له کیس هه‌موومان چووی… بۆیه کۆچی دوایت سوێیه‌کی گه‌و‌ره‌و داخێکی نه‌بڕاوه بوو … هۆ برا شیرییه‌که‌م …هۆ هاوڕێ دێرینه‌که‌م… تۆ وه‌ختی مردنت نه‌بوو .. کۆچی دووایی تۆ زۆر زوو.. زۆریش پێشواده بوو … ئێمه هه‌موومان هێشتا کاری زۆرمان پێت مابوو….ئیدی تۆ ڕۆیشتیت و به دوا مه‌نزڵی خۆت گه‌یشتیت … به‌ڵام هێشتا ‘که‌ژاڵ’ و سێ منداڵ چاوه‌ڕوانی هاتنه‌ژوره‌وه‌ی ئێوارانی دوای سه‌رکاری تۆ ده‌که‌ن، هێشتا پیره دایکی سێ‌جار جه‌رگسووتاوت، دایه خاوه‌رم، چاوه‌ڕوانی شکانی ڕۆژوی ڕۆژگاری گه‌رمی هاوینی سلێمانی به بینینی تۆ ده‌کات….له‌ولاشه‌وه ده هه‌ر خوشک وه‌کو هه‌میشه، دیداری تۆ‌و قسه‌ی خۆشی تۆ و خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی تۆ، ناتوانن له‌بیر بکه‌ن .. تابورێك، به‌ڵی تابورێك له براو ئامۆزا‌و خاڵۆزاو برازا‌و خوشکه‌زاو تیتکزاو … زاو …زاو..زۆر گرانه باوه‌ڕ به‌خۆیان بهێنن و مه‌رگی تۆ فه‌رامۆش، بکه‌ن . بۆ منیش له‌م دووره‌وه هۆ برای شیرییم و هاوڕێی دێرینم .. وه‌کو هه‌موو هاوڕێیانی تر یادت به‌رزو و بڵند ڕاده‌گرم ، سنگی من ده‌فته‌رێکی سه‌ده‌ها لاپه‌ڕه‌ییه ، دڵی من ئه‌شکه‌وتێکی گه‌لێك قووڵ و گه‌وره‌یه ، جێی هه‌مووتانی تیادا ده‌بێته‌وه ، یادی هه‌ر هه‌مووتانی به‌سه‌ره‌ی خۆتان، تیادا ده‌کرێته‌وه. ده‌بنوو ئه‌زیزم ، بنوو به ئیسراحه‌ت تۆ هیچ شتێکت له‌وه‌ی که به‌جێت هێڵاوه ، نایه‌ته‌وه یادت ، ئه‌وه ئێمه‌ین که هه‌موو شتێکمان له‌بیره ، ئه‌وه ئێمه‌ین که بێ تۆییمان بۆ هه‌میشه، پێوه دیاره.