Categories
Kurdish

لە وەلامی زۆرینەدا

لە وەلامی زۆرینەدا:

زاهیر باهیر

29/12/2021

لە ڕۆژی 03/12/21 دا بابەتێکم لەژێر ناوی ” لە قاڵبدانی منداڵ” دا نوسی، کە لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێمەوە.  زۆر کەس بەشدارییان لە خوێندنەوەیدا کرد و کۆمێنتی زۆریشی لەسەر درا.  بە داخەوە کە زۆربەی  کومێنتەکان هەر لەو بازنەیەدا دەسوڕانەوە،  کە دیدی ڕاست و دروست تەنها دروستکردنی پرسیارە لە لای قوتابیان و خوێندکاران و هاندانیانە بۆ دەستپێشکەری و کردنیانە بە سێنتەری قسە و باس لە پۆلدا. کە کۆمێنتدەران و هەرە زۆرینەی کەسانی پەروەردەیی و پەروەردەناسی کوردستان ئەو نموونەیە لە پەروەردە  و خوێندن لە قوتابخانەکانی ئەوروپادا، کە قوتابخانەی لیبراڵیزم و نیو-لیبراڵن دەبینن، کە ئامانج و کاری ئە قوتابخانە و فێرگانە  لە ئێستا و لە ئایندەشدا تەنها بۆ خزمەتی ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵە.  لە کاتێکدیشدا کە ئەمە کرا  و دەکرێت  ئیتر لای ئەوان هەدەفی تەواو پێکراوە.  ئیدی بۆ خوێنەر و لای مامۆستاو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و خودی پەروەردەییەکانیش دروستیی خوێندنی مۆدێرانە و قوتابخانەی مۆدێرن بنیاتنراوە و بەڕێکراوە،  ئیتر هەر لێرەدا قوتابی و فێرخواز  دەبنە ئەو مەخلوقەی کە دەبن، یاخود پێشبینییان لێدەکرێت.

بێ گومان ئەمە لای من جۆرێکی جیاوازە لەوەی کە من قسەی لەسەر دەکەم و دەمەوێت پەروەردەی ئەنارشیانە لە قوتابخانەی مۆدێرندابیگەینێ، ئەمە زۆر جیاوازە.  ڕاستە تا ڕادەیەك لەم خوێندنگە و قوتابخانانەدا لە ئەوروپا  منداڵان یاخود فێرخوازان ئازادییەك وەردەگرن و متمانە بە خۆیان پەیدادەکەن لە دەستپێشکەری و گوێگرتن و ڕاو بۆچونی جیاوازدا تاڕادەیەکیش لە خورافاتی دینی و نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی ، دەڵێم تا ڕادەیەک، دووردەکەونەوە ، بەڵام هەرگیز ئەم قوتابخانە و فێرگانە بە مەبەست کەسانێك دروست ناکەن کە کۆمەڵی هەمەجی ئێستا ڕەتبکاتەوە و چرای ڕۆشنی رێگەی بنیاتنانی کۆمەڵی نوێی نا چیانیەتی، ناپلەبەندیی دروست بکات کە ئابووریی هەرەوەزی ، واتە بە کۆمەلایەتیکردنەوەی ئابووری بداتە دەستمان.

  من لێرەدا و لە وەڵامی هەموو کۆمێتەکانا تەنها هەر ئەوەندە دەڵیم کە ئەم بابەتە ” لە قاڵبدانی منداڵ ” و پەرەوەردەی  سەلیم بە مەبەستێکی جیا لەوەی هەنووکە، فرەڕەهەندترە لە وەرگرتنی تەنها لایەنێکی پەروەردە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد.

دەڵێم ئەم بابەتە فرە ڕەهەندە.  دڵنیاشم کە لە قوتابخانە و خوێندگا ئەوروپییەکاندا زیاتر بایاخ بە تاکڕەهندی ئەو بابەتە دەدەن، نەك فرە ڕەهەندییەکەی. تاکڕەهەندی بابەتەکەش پرسیارکردنی قوتابییە و هەندێك لەو لایەنانەی دیکە کە پێشتر ئاماژەم پێدان ، بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت، کە هەموو ئەمانە  بۆ بەرهەمهێنان و ڕاوەستانی سیستەمی کارو سەرمایەیە و ڕایەڵەی ڕاگرتنی پتەوی هیرراشییەتە / پلەگەرایی نێو کۆمەڵ و نێو خێزان و نێو خوێندنگا و سەرکار و هەموو شوێنێکی کۆمەڵە.  ئەوەی کە لێرەدا فەرامۆش کراوە، کە دەشبێت لەسای ئەم سیستەمەدا هەر فەرامۆش بکرێت، دەنا وجودی نابێت ، بوونی قوتابخانەی ئازادیخوازیی مۆدێرنە، کە بێ ئەوە هەموو سەربەخۆیی و موبادەرەکاریی و زیرەکی و لێهاتوویی و بەهرەی قوتابیان، خوێنکاران، لە خزمەتی خودی سیستەمەکە و مانەوەیدا دەمێنێتەوە و بەردەوامی پێدەدات.

لەوەها بارێکدا، قوتابی و خوێندکاری ئازاد بەمانای تەواوی ئازادیی کە لە دەرەوەی دامەزراوە و قاڵبی کۆمەڵی مەوجود کار بکات ، موبادەرە بکات ، خزمەت بکات ، خۆبەخش و دلسۆز بۆ مرۆڤایەتی، نایەتە دی .  بەڵکو لە جێی ئەمانە  ململانێی تاکی قوتابی و فێرخواز و ڕکەبەری نێوانیان دەردەکەوێت.  لە سای ئەم جۆرە پەروەردەیەدا زیاتر توانا و بەهرەی خوێندکارێك، فێرخوازێك دەردەکەوێت کە کۆمەڵی چینایەتی و سیستەمەکە ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندون، هاوکاتیش ئەوانی دیکەیان کە ڕەنگە هەر هیچ نەبێت بە قەدەر ئەمان بەهرەدار بن، ئەو هەلەیان لەبەردەمدا نییە.

بەڕای من ئەمەش لە حاڵەتێکی ئاوادا وەکو ئەوە وایە کە لە کارگەدا یا بەندیخانەدا کە ڕەنگە زۆرێك لە کەسانی بە سەلیقە و توانادار و کارامە و زیرەکیان تێدا بێت ، بەڵام بەڕیوەبەری کارگە ، مامۆستا ، پاسەوان، یاساناسان بچن باسی ئەو تایبەتمەندیانەیان بۆ بکەن کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان، کە بۆ خزمەتی خودی خۆیان و کۆمەڵیان دەگەڕێتەوە، بەڵام کرێکارەکان و بەندییەکان خۆیان دەناسن . کرێکارەکان دەزانن هەتا ماون هەر دەبێت کاربکەن و دەرفەتی دیکەیان لەبەردەمدا نییە، بەندییەکانیش دەزانن کە هیوای  بەربوونیان کەمەو هەرچیش بکەن هەر بۆ خزمەتی سییستەمەکەیە.

http://azadii.net/Home/Detail/1928

Leave a Reply