لە یادی هاوڕێیان و کەسانی نزیکمدا
ئێوە لێکچوەکانی نێوانتان زۆر زیاترن لە جیاوازییەکانتان
20/07/17
زەمەن دێت و زەمەن دەڕوات ، بەڵام هەرگیز مردوو بە زیندو ناگات، هەرگیز خەمەکانیش ساڕێژ ناکات … مەرگ هەر ناوێکی هەبێت ناوادە بێت یا ‘بەوادە’…مەرگی هەر ڕەگەزێکی بوونمان بێت … هەر هۆکارێکی هەبێت بەڵام هەر یەك سەرەنجامی دەبێت… هەمان دووری و هەمان سوێی دەبێت… هەمان ئازار و هەمان لێدابرانی دەبێت…
ئەو خەمەی کە من هەڵمگرتووە ، خۆشم نازانم ڕەگوڕیشەی لە کەیی و لە کوێوە هاتووە … خۆشم نازانم لە کوێی ژیانمەوە دەقم پێوەگرتووە .. لە دامێنی چ گوندێك و چ شارێك و چ ناوچەیەك و تەنانەت چ وڵاتێکیشدا ، بناری گرتووە … ئەی خەم و مەرگ …. ئەی ئازار و سێدارە … ئەی خەم.. تۆ هەرچی بیت و هەرچۆن بیت بەڵام تەواوکەری مەرگی ناوادە و ‘بەوادەی’ … تۆ تەواکەریی ڕەمیی و ئەشکەنجە و سێدارەی … تۆ ئەنجامی لەدەستدانیی یا کۆتایی ژیانێکی نەخوازراوی گولەیەك یا چەند گولەیەكی چەپەڵی …. یا ئاکامی سوتانی دەستی پەرەمێزێکی کۆنی ژەن هەڵگرتوی ….یا ئەنجامی بکوژی دەستی پیاوسالارێکی ، شۆڕەسوارێکی پەروەدەکراوی دەستی کوڵتوری کۆنەپەرستی سەندنەوەی شەهامەتی شەرەفی خێڵ و هۆز و خێزانیی….
ئاخ… کە هەررچەند بیرتان لێدەکەمەوە ئیتر دەستم قەڵەم ناگرێت . مێشکم کاری پێناکرێت … هەنگاوی لاقەکانم ڕیگا ناگرێت … نە فرمێسکەکانی چاوم وشك هەڵدێ و نە زامی برینی کۆن و نوێی کولاوەشم، قەتماخە دەگرێ …
ئەی خەم، تۆ ئاوێتەی باڵاگەردانی سەراپای ژیانی من بووی ….تۆ بویتە برادەر و هاوڕێی گیانی بە گیانی من و لەگەڵ خۆمدا خۆم لە ناخەوە دەخۆیت و لەگەڵ هەڵزنانی تەمەنیشما … ژیانم دەخۆیت ….تەنانەت لە ساتە خۆشەکانی ژیانیشمدا… لەناو پێخەفی خەومدا … وازام لێناهێنیت و دەستبەردارم نابیت … خەوێکم بۆ دەهێنیت …یادەوەرییەک بە مێشکمدا دەهێنێت … ئەی خەم … مافی گلەییم لێت نییە ، تۆ هەروا هاتویت … بەڵام زۆر جار بە گوڕ هاتویت…. و هەمیشەش بێ پرس و مۆڵەت هاتویت… بەڵام وادەی هاتنتم لا ڕون نییە …. هەر وەکو چۆن ، سەرەتا و کۆتایشت نییە ….. ئەوەندە دەزانم ئەو کاتانەی کە منت باش دەکوتا…. ئەو کاتەی کە دەنگ و هەواڵی تیاچوونی برادەرێك ..هاوڕێیەك ئیدی چی تر دەنگی لە ژیانا، هەرگیز نەدەبیسترا …ڕوو و قیافەی هەرگیز بە زیندوویی جارێکی تر، نەدەبینرا…. ئەو سەردەمانە بوون کە پۆل پۆل هاوڕێیان و خزمان و برادەرانی نزیك بە ڕۆحم دەبوونە قوربانی … ڕەنگە لە برینداربوونی ئەمین پۆڵا[ مامۆستا شەماڵ] دواتر لە دەستدانی ژیانی، خەمی من لە قوڵبوونەوەدا بووبێت… یا مردنی ئازادی حەمەی مەلا دوای برینداربوونی، یا لە سێدارەدانی بەکری شێخ نوری [ئاشتی] و ئەکرەمی حەپسە [ئەسعەد] و تاهیری حەمەمراد [ هاوڕێ] یا سەرنگونکردنی فەهمی قەرەداخی یاخود… یاخود گیاندانی خۆڕاگرانەی هاوڕێ لاوەکەم بەکری شێخ ئیسماعیل [ کامۆ] لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی بەعسدا یاخود گیرانی هاوڕێ عەزیز لە بەغدا و سەرنگونکردنی، یا لە لێدان کەوتنی دڵی گەورەی پیاوە دڵسۆز و بە ئەمەکەکەی خێزانی حەپسە و ئاواز و منداڵەکانی ‘ئەکرەم’ ، مامۆستا ئەحمەد [ ئەحە سوور] یا ڕەمی کردنی مێردمنداڵێك لاوێكی وەکو سەرداری شێخ عوسمان یاخود ڕەمیکردنی ‘نەجم و هیوا’ بە دەستی پاسدارانی ئێران یا لە خنکانی هاوڕێ صدیق [ تاهیر] لە ئاوەکەی یۆنان لە کاتی هاتنیا بۆ هەندەران ، یا لە مردنی لە ناکاوی ئەوڕەحمان [ گۆران قەرەداخی] یا لە کار کەوتنی دڵە گەورەکەی هاوڕێی دێرینم ئەشرەفی مام نامیق [ سیروان] یا مردنی برای شیریم لەتیف … یاخود لەدەستدانی هاوڕێ هەژار [ هەژاری عارفی مارف] و ئەم دوایەش لەدەستدانی پیاوێکی دڵسۆز و دەسڕەنگین …… دۆست و خۆشەویستی هەموو لایەك و دڵ هەمیشە پڕ لە هیوا، وەستا خالید بوو .
هێی براینە خوشکینە ، بمبەخشن من بوومەتە مامەخەمە و کۆڵهەڵگریی یادەوەرییەکانی هاوڕێ و برادەرەکانم …. یادوەرییەکان … دیمەنەکان … کارەسات و کەسەکان … زۆر وەخت بە بیابانی وشکەوەبووی دڵ و مێشکی منا دێن و دەڕۆن …گوزەر دەکەن …وام لێدەکەن کە خۆم بە تاونبارێك بزانم بەوەی کە لە ژیاندا، ماوم … تائێستاش کە تەتەڵە و بێژی هاتنە دەرەوەم دەکەم ناتوانم بگەمە ئەو سەرەنجامەی : ئایا کارێکی باشم کرد یا خراپ؟!!….
بەلام ئەوەی کە لام ڕونە و بۆم ساخبووەتەوە، ئەوەیە، کە ئەو هەورەی دێت و دەڕوات ، نەزۆکە و هەوری بارینی شۆڕش و شۆيڕشگێریی نییە ، ئەو هەتاوە ساختەیەی کە بەردەوام دەیبینین کە هەڵدێ، نە مژدەهێنەرە و ڕاماڵی هەوری نەگریسی سەرمایەداریش نییە … ئەو هەورەی کە دێت و دەڕوات هەوری ئاوسبووی بە بارانی فرمیسکی چاوی منە … ئەو هەتاوە، ئامراز و هێزی ڕەشکەرەوەی دڵ و جەرگی منە … بۆ ئێوە … بۆ هەمووتان .. بۆ ئەوانەشتان کە ناتانناسم و بەڵام دڵسۆزانە و لێبراوانە ژیانی خۆتان و خێزانتان کردە قوربانی دەستی درۆی زلی “نیشتمان” ” ڕزگاریمان، ئازادییمان ” فریودانتان بە چەمکی ” دادەوەریی و یەکسانیمان” بە فریودانی ڕێگای ” سۆشیالیزم ، قۆناخی ئایندەمان” … ئەو کاروانانەی کە ئێوە تیایدا ڕێکخرابوون نە بەو مەبەستە کەوتە ڕێ و نە گەیشتیشە جێ …ڕاستیش ئەوەیە کەس نازانی کەی ئەو کاروانە دەکەوێتە ڕێ و گۆڕی ئێوە ڕوناک دەکاتەوە و گوڵی تەمەنی هەڵکشاوی ئێمەش، گەشدەکاتەوە ….
مردنێکی نوێی کەسێک وەك ئێوە ، بۆ من خەمەکان کەڵەکە دەکەنەوە ….. ئازارەکان بەسوێتر دەکەنەوە ….بیر و یادەوەرییەکان زۆرتر و چڕتر دەکەنەوە …
مردنی ئەم دواییەی وەستاخالید، مردن و تیاچونی هەر هەمووتانی بۆ من، نوێکردەوە…. جارێکی دیکەش خەم و خەمۆکی دایانگرتمەوە … جارێکی تریش مەینەتی و نەهامەتییەکانی ژیان بەسەریانکردمەوە … کە تا نوسینی ئەم چەند دێڕەش دەسەویەخەمن و بەرۆکمیان بەرنەداوە…
ئەی بیرەوەرییەکانتان؟!! …. ئەو کاتانەی کە بە یادم دێنەوە هەندێك خاڵی هاوبەش لە نێوانتانا دەبینمەوە … بەڵام لە هیچ کامتانا بە بەراورد بەم دووکەسەتان : ئەشرەف و وەستا خالید ، خاڵی زۆری ناوکۆیی نابینمەوە…
ئەم دوانەتان: ‘ ئەشرەف و وەستاخالید’ ئەوەندەی من بزانم هەرگیز لە ڕوی فکریی و ڕێکخستنەوە لەیەك نزیك نەبوون ، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندەی خاڵی ناوکۆییان هەیە، دەکرێت ببێتە جێی سەر سوڕمان و سەرنج کە ئەوەندە نزیکبوون … ئەی چۆن لە یەك ڕێکخستنا نەبوون .
ئێوە بڕوانن هەردوکیان لە تەمەنی 58 ساڵیدا لە دەستمان چوون … هەردوکیان یەکێك لە کوڕەکانیان ناویان ‘ ڕێباز ‘ ە… هەمان خۆشبینی و دڵسۆزی و چوست و چالاکییان، لە ژیانیانا هاوبەشیی کردووە… هەردوکیان تا بڵێی دووکەسی خۆشەویست و کەڵکگر و ڕۆحسوك و چاو نەترسبوون .. هەردوکیان چ جای ئەوەی کە خوێندنێکی سەرەتاییان هەبوو بەڵام دونیایەکی دەوڵەمەندی تایبەتی خۆیان هەبوو لە شیکردنەوە و لێکدانەوەی بارودۆخەکە ، هەردووکیان دووکەسی یەکجار عەمەلی بوون … هەردووکیان بۆ ئەنجامدانی چالاکییەك و کارێك تەواو متمانە پێکراو بوون … لەسەرو ئەمانەشەوە هیچ وەخت فکر و گۆڕەپانی فکرییان، پەیوەندی کۆمەڵایەتییان و گیانی بە تەنگهاتنەوەیان و پێویستیبوونی دەوروبەر پێیان ، سنووری بۆ نەکێشابوون … بۆیە هەمیشە کۆمەك و بەدەمچونەوەیان بۆ کەسانێك کە دەیانناسین لەسەر پێوانەی فکر و ئینتمای ڕێكخستن نەبوو….
مەخابن مەرگ هەر زۆر زوو ، یەکجار زوو هەدوکیانی ، برد ، ئەمانیشی بەدیاری پێشکەش بە ئەوانەی ترمان، کرد
یادتان بەخێر و ڕۆحتان شاد
20/07/17