Categories
Kurdish

ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران

ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران

زاهیر باهیر

23/09/2022

هەڵچوون و هاتنە سەر شەقام و ڕاپەڕینی خۆبەخۆیانەی  خەڵكی لە ئێراندا ڕودواێکی سەیر و سەرسوڕهێنەر و ڕێکەوت نییە.  ئەوەی مێژوی نزیکی ئێران بزانێت ئەوە ڕەچاو دەکات کە لە قۆناخ و ساڵە جیاجیاکاندا ئەم بەرەنگارییە خۆڕسکیانە بەتایبەت دوای هاتنەوەی شا و لابردنی دکتۆر موصەودەق و ئیدارەکەی ، بەردەوام بوە جۆش و خرۆشی خەڵکی فشاری خۆیان داناوە.

ئەوەشی کە پێی دەوترێت شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 لەڕاستیدا ”  شۆڕش” ی ئەوان نەبوو.   ئیسلامییەکان بە چەند هۆکارێك بەری ئەو ڕاپەڕینەیان چنییەوە و لەو کاتەوە بوونەتە خاوەندەسەڵات تاکو ئێستا. هۆکاری بوون بەخاوەنی ڕاپەڕینەکە ئەو زەمینە لە بارە بوو کە ساڵەهایەکی دوور و درێژ بوو کە خەڵکی لەژێر دەسەڵاتی شادا بێبەش بوون لە ئازادیی  و نان و دادوەری کۆمەڵایەتیی و نایەکسانێتی و زەبروزەنگی ساواك و سوپا و پۆلیسی ئێران کە باڵی کێشابوو بەسەریانا.  هەموو ئەمانە لای چەوساوەکانی میللەتی ئێران بە هەمووییانەوە  پەنگیان خواردبووە. ئەمانە بوونە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی و هاتنە سەر شەقام و پەلاماردانی پیاوانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و هاوکاتیش زۆرێك لە کرێکاران لە شوێنی خۆیاندا خۆیان ڕێکخست و مانگرتن و چالاکییان دەستپێکرد .

هەموو ئەمانە ئەو زەمینە لەبارە بوون کە ئاخوندەکان بە هاوکاری ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەزگە سیخوڕییەکانیان گونجا و  برەویان بە بزوتنەوە ئیسلامییەکە دا تا  هێنانەوەی خومەینی بە ناچاریی. ئەویش بە قبوڵکردنی  شەیتانی بچوك، کە  باشترە لە شەیتانی گەورە ، یاخود ڕیگرتن لە مەترسییەکی گەورە بە قووتکردنەوەی مەترسییەکی بچوك زۆر باشتر بوو.

دواتریش خولقاندنی جەنگێکی هەشت ساڵەی وێرانکەر و بکوژی ملیۆنەها لە خەڵکی ئیرانی و عێراقی و کەمئەندامبوون و هەڵکەندنی ملیۆنەهای دیکە لە جێ و ڕێی خۆیان و بەهێزکردنی ڕۆحی قەومی و دینی و مەزەهەبی بووە هۆی دامرکاندنەوەی ناڕەزاییەکانی خەڵکی و سەرکزکردن و کپبوونەوەیان.  هەر ئاواش  هەناردە کردنی قەیرانەکانی خودی ڕژێم و ناو خودی ئێران و کۆمەڵ. هەموو ئەمانە بوونە هۆی  سەقامگیربوونی دەسەڵاتی ئاخوندەکان و بەردەوامبوونیان.

بەڕوودانی هەموو ئەوانەی سەرەوەش ئێران نەبووە ئاشی ئاوکەوتوو، نەبووە سەرزەمینی ئاشتیی و ئازادیی.  هەر دوای جەنگ ناڕازایی خەڵکی وردە وردە دەرکەوتەوە بە تایبەت لە سەرەتای ئەم چەرخەدا.  لە هەمویان گرنگتر و بەهێزتر بزوتنەوەی سەوز [ گرین]ی ساڵی 2009  بوو.  دواتریش خۆپیشاندان و ناڕەزاییە گەورەکانی ساڵانیی 2016 تا 2019 لەسەر زیادبوونی نرخی پیداویستییەکانی ژیان بەتایبەت نرخی وزە .  ئەمەش وزەیەکی زیاتری بە خەڵکی دا و لە پاڵیشیا تەکانێك بە دەوڵەت و لاوازبوونی.

هەموو ئەم چالاکی و ناڕەزاییانە لە ڕێگای پاسدار و پۆلیس و هێزی پۆلیسی مەدەنییەوە توانرا زۆر بێ ڕەحمانە و خۆێناویانە تا ڕادەیەک دامرکێنرێتەوە.  هاتنی دەردی کۆرۆناش خەڵاتێك بوو بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتداران کە ڕێگرییەکی زۆری لە دەربڕنیی ناڕەزایی و گردبوونەوەی خەڵکی کرد، بەڵام نەیتوانی چۆڕایی بە ناڕەزاییەکان و بزوتنی خەڵکی بهێنێت.  خەڵکی ئەوەندە پڕ و توڕەیە لە دەسەڵات بەو هۆکارانەی کە هەموان دەیزانین وەك گرانیی ، نەبوونی کار و ئازادیی و چارەسەری تەندروستی، دابەزینی بەهای تومەن و زەبر و زەنگ و سەرکوتکردن، نادادوەریی کۆمەڵایەتیی، نایەکسانیی، بوونی ئێران وەکو بەندیخانەیەکی داخراو و زۆری تر.  هەموو ئەمانە هەمیشە هۆکارێك بوون بۆ تەقینەوەی خەڵکی و  هاندەرێك لە هاوبەشیکردنی دەرد و ئازاریان تاکو بە یەکەوە لە ڕێگای خەباتەوە ساڕێژی بکەن دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت.

 ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران کە زۆربەیان گەنجن و سەربەخۆن لە حیزبەکان زیاتر لە 50 شار و شارۆچەکەی ئێرانی لە 31 دەڤەردا گرتۆتەوە.  تا ئەمڕۆ 50 کەس قوربانیی بوون، و نزیکەی 600 کەس  برینداربوون و بە  هەزاران کەسیش دەستبەسەر کراون.

 کوژرانی دڕاندانەی ‘ژینا ئەمینی’ هۆکاری سەرەکی نەبووە و نییە بۆ ڕاپەڕینی ئەم خەڵکە.  کوژرانی ‘ ژینا’ تەنها بیانوویەکە بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی بەڵام  تایبەتمەندی و بایاخی گرنگی خۆی هەیە لە یەککەوتنی خەڵک و تێپەڕاندنی سنوری نەتەوەیی و دینیی و مەزهەبی و ناوچەگەریی و تیرەگەریی.  خودی ئەمەش ئەوە دووپات دەکاتەوە کوشتنی کەسێك، کوشتنی هەموانە، سەرکوتکردنی لایەنێك و ڕەگەزێك هی ئەوانی دیکەشە، یەکێتی چەوساوەکان و سەرکوتکراوانیش لێرەدا ئەو پردە نەپساوەیە کە دەکرێت ئامانجی دوور و نزیکی خەڵکی لەو وڵاتەدا بەدەستبهێنێت.

یەكێك لە خەسەڵەتەکانی ئیران ڕۆڵی کەم و کەمی  هەژموونی حیزبە سیاسییەکانە لەسەر خەڵکی و بزوتنەوەکەیان.  بە واتایەکی دیکە حیزبە سیاسییەکان ئایا بە

هۆکاری لاوازی خۆیان بێت، یاخود هۆشیاری جەماوەر، نەیانتوانیوە وەکو عێراق و باشوور خەڵکی بکەنە گوێ لەمستەی خۆیان و بە فرمانی ئەوان هەڵچن و دامرکێنەوە .  لە ئێستادا هیچ حیزبێکی ئێرانی لە کورد و فارس و بەلوج و عەرەب و ئیتنکییەکانی دیکە نەیانتوانیوە بزوتنەوەکەی ئەم چەند ڕۆژە بخەنە ژێر ئاراستەی خۆیان و کۆنترۆرڵی بکەن .

لەگەڵ ئەوەشی کە وتمان ئەوە نەبێ مەترسی ئەو حیزبانە بەسەر بچێت یاخود دەستوەردانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی دەزگە سیخوڕیی و تەنانەت هاوکاریکردنی حیزبەکانیشەوە ، ڕوونەدات .

وێڕای ئەو مەترسییانەش من لام گرنگە کە هاوپشتی و هاوکاری خۆمان لەگەڵ ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوە ڕابگەیەنین و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ بخوازین.  هاوکاتیش من وەکو خۆم لەوە بە ئاگام کە لە کاتێکدا خەڵکی نەتوانێت کە خۆی لە شوێنی سەر کار و زانکۆ و گەڕەك و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکاندا سەربەخۆوانە،، ئاسۆیانە  ڕێکبخات و مانگرتنی سەرانسەری کرێکاران کە شادەماری ئابووری ئێرانیان لە دەستدایە ڕوونەدات، زۆر نزیکە خەباتی ئەم خەڵکە ڕاپەڕیوە بە گورگان خواردوو بدرێت و دەسەڵاتێکی ستەمکار بە دانەیەکی دیکەی ستەمکار بگوڕریت .  لەگەڵ ئەمەشدا هەڵتەکاندنی ڕژێمی ئاخوندەکان زۆر گرنگە چونکە دەرگایەکیش لەسەر ڕاپەڕینی خەڵکانی  عێراق دەکاتەوە و حیزبە دینی و مەزهەبیەکان و حیزبە کوردییەکانیش لە عێراقدا هەروەها ڕژێمی ئەسەد و حیزبوڵای لوبنان و حەماسی فەلەستییش  زۆر لاواز دەکات. هاوکاتیش کارایی نەرێنی خۆشی لەسەر دەوڵەتە فاشییەکەی تورکیاش دادەنێت .  هەموو ئەمانە خاڵی ئەرێیایەنەی سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکەیە ئەمە جگە لە گەڕانەوەی ڕۆحی بوێری و پشتبەستن و متمانە بەخۆکردن.

خاڵێکی دیکە لەم ڕاپەڕینەدا کە زەروورە پەنجەی لەسەر دابنرێت  ڕەتکردنەوە و پوکانەوەی پاگەندەی نەتەوەچییەکانی باشوورە کە گوایە ‘ ژینا ئەمینی’ لەبەرئەوەی کە کورد بووە ئەشکەنجە دراوە و کوژراوە، کە ئەمە هیچ جۆرە ڕاستییەکی تێدا نیە.  بوونی دەسەڵاتەکان لەسەر شەقام ، لە خاڵێکی پشکنینیندا ، لە شوێنەکانی دیکەدا ئاوا کار ناکەن.  زوڵمی زۆر و سیاسەتی دەسەڵاتی ئاخوندەکان گشتگیرییە و تەجاوازی سنورەکانی قەومییەت و ڕەگەز و ئیتنیکییەت تەنانەت مەزهەبییەتیشی کردووە دەکات.

سەرکەوتوو بێت خەباتی رەوای چەوساوانی ئێران

ئازادیی بۆ ژنان و سەرکەوتن بۆ یەکێتی ژنان و پیاوانی چەوساوە.

نەنگی و تێشکان بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتخوازن.

سەرکەوتوو بێت خەباتی لۆکاڵی و نێونەتەوەیی چەوساوەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی جەنگ و چەوساندنەوە و کاری کرێگرتە : سەرمایەداریی .

Leave a Reply