Categories
Kurdish

یاد و یادوەرییەکانت بەخێر فوئاد گیان

یاد و یادوەرییەکانت بەخێر فوئاد گیان

زاهیر باهیر

08/09/2021

بەھاری ساڵی ١٩٧٨ بوو وەحدەت ئەلقاعیدە، قیادەی مەرکەزی ، ویستیان عەمەلێیەک بۆ دەستکەوتنی چەند ھەزار دینارێک لە شەریکەی ڕۆنەکەی ژێرپردەکەی سلێمانی ، بکەن . عەمەلییەکە شکستی ھێنا و بووە ھۆی برینداربوونی ھاوڕێ (تاھیری حەمەمراد) و گرتنی بە برینداریی. پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر قورس و دڕندانە، بێ ئەوەی دان بەھیچشیێکدا بنێت ، تەنانەت کوشتنی صاڵەح عانی-ش ‘ ھاوڕێ’ حوکمی ئیعدامی بەسەرادرا و پاش چەن ھەفتەیەک لە سێدارەدرا. ‘ھاوڕێ ‘ یادی ھەمیشە بەخێر یەکێک بوو لەو ٣کەسەی کە کردنی عەمەلییەکەیان پێسپێررا کە صەباح یاسین ، برای فوئاد -یش کەسی دووھەم بوو.

من صەباحم ھەر لە ساڵانی کۆتایی شەستەکانەوە بە ھۆی جەلالییەتەوە دەناسی. بەڵام ئەو لەگەڵ فوئادا بەناوی جوتیار ر و ھەژارەوە چونە شاخ و لە چەکدارە دێرینەکانی یەکێتی نیشتمانی بوون کاتێک کە من لە بەرەی موعاریز بە کۆمەڵە و بزوتنەوەی چەکداریی بووم، لە شاردا مامەوە و صەباح-م نەبینییەوە .

ھەر لەو ڕۆژانەی بەھاری ١٩٧٨ کە فازیل-مەلا مەحمود ماوەیەک لە ماڵی من و پرشنگ خۆی حەشاردابوو، ئاگەداری کردم وتی دوو ھەوییەیان ‘ دوو ھەوییەی مزەوەریان، پێویستە بەڵکو برادەرانی ئێوە ( برادەرانی ئێمە) بۆیان دروست بکەن ، کە وێنەکانی داپێم ، صەباحم بە وێنەکەدا ناسییەوە و بردم بۆ لای ھاوڕێی دێرینم ھوشیار شێخ موحەمەد تاکو بەو چەشنەی کە فازیل دەیویست بیکات بۆیان ، دیار بوو ھەوییەکان بۆ ھاتووچۆی ناوشاری صەباح و ‘ھاوڕێ ‘ بوو بە تایبەت لەکاتی سەروبەری کردنی عەمەلییەی پارەکەدا.

دوای شکستھێنانی عەمەلییەلەکە صەباح یا لە ڕێگای فازیی مەلا مەحمودەوە بوو یاخود لە ڕێگای کاک عەبدولای موحەمەد مەمەندەوە بوو ھاتە ماڵی من و پرشنگ بۆ خۆشاردنەوە. چەند ڕۆژێکی پێچوو صەباح پێیوتم گەر ئێمە ڕازی بین برادەرێکی تریش ھەیە بابێت و ئەویش لە ماڵماندا خۆی بشارێتەوە.

ئەو برادەرە تۆبویت فوئاد، دواتریش بۆم دەرکەوت کە ئێوە بران ، بەڵام ھەر دایک و باوکتان یەک بوو دەنا لە ھەموو ھەڵسوکەوت ھەموو شتێکدا تۆ و صەباح دووکەسی زۆر جیاواز بوون . تۆ کەسێکی بە ئارام، گوێگر، کەمبێژ مەگەر پێویستی بکردایە ، سوعبەتچیی ھەموو وەختیش تۆ موراعاتی ئەوەت دەکرد کە ئێمە نەک ھەر ژیانی ھەردوکمان و ژینۆی کوڕیشمان بۆ ئێوە خستۆتە مەترسییەوە بەڵکو ھی گەڕەکیش ، ھی تەواوی ڕێکخراوەکەشمان . تۆ جار و باریش بە لەسەرخۆیی خۆت و سەلیقە و تەگبیرکردن سوڵحی شەڕی نێوانی من و صەباحییشت دەکرد.

ئێمە و تۆ و صەباح نزیکەی دوو مانگ زیاتر لە یەک ماڵدا دەژیاین گەرچی زۆر بە ترس و لەرزەوە ، ھاکا بدەن بە سەرمانا ، بەڵام ھاوکاتیش وەختێکی زۆر خۆش و بەسوودمانمان بەیەکەوە دەبردە سەر. ناو بە ناویش بۆ چەند شەوێکی کەم دەچونە ماڵی بلەی ھاوڕێم ( ئیبراھیم کاکەحەمە).

ڕۆژ ھات و ڕۆژ ڕۆیشت ، ھەفتە دەھات و ھەفتە گوزەری دەکرد ، دوو تا سێ مانگێکمان ئاوا بەڕێکرد ….ئێوە بڕیارتان دا بچنە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەمەش کاک فازیلی برات ئامادەکارییەکی لە زاخۆوە بۆ لوبنان و سوریا بۆ کردبوون ، لەوێش بڕیار بوو عادل عەبدولمەھدی وکەسانی دیکەی وەحدەت ئەلقاعیدە بەدەمتانەوە بێن و کاروبارەکانتان بۆ ئەنجامبدەن . منیش بڕیارم دا ھەتا زاخۆ بتانگەیەنم . ئێمە سەیارەمان نەبوو ، نەشمدەتوانی بە تەکسی بتانبەم ، ھات بە خەیاڵما کە پەیوەندی بە ھاوڕێ سڵێمان عومەر (یادی بەخێر) کە کۆن برادەری خۆمان بوو ، ئەندازیار بوو، بەڵام دواتر بوو بە بەڵێندەرێکی گەورە و منتش پەیوەندی گەرمم لەگەڵیدا ھەبوو ، بکەم. ھاوڕێ سڵێمان بە سەیارە تازەکەیەوە لە ھەولێرەوە ھات بۆ ماڵی ئێمە. ئەمە یاکۆتایی تەموز یا ئابی ١٩٧٨ بوو ئیتر بەیانی زوو بەکاتی ٣.٣٠ ی زووی سەر لەبەیانی کەوتینە ڕێ و ھەر زوو گەیشتینە ھەولێر . ئیتر من لەوێ بە ھاوڕێ سڵێمانم وت کەئەو ئەرک و فرمانی ھاوڕێیانەی خۆی بەجێھێناوە و لێرەدا خوداحافیزی لێبکەین . ئەو زۆر ھەوڵی دا کە بمانگەیەنێتە زاخۆ بەڵام من ڕێگام پێنەدا و وتم نەبا تووش ببین و بگێرێن با ھەر ئێمە بگیرێین نەک ئەویش .

ئیتر لە ھەولێرەوە بۆ زاخۆ بە قۆناخ قۆناخ تەکسیم بۆ گرتن گەیانمنە ئەو ماڵەی کە کاک فازیل پێی دابوین تاکو بتانپەڕێنێتەوە بۆ سوریا. لەبیرمە برادەرەکە پارتی بوو کرێکاری بەنزینخانە بوو ئێوە لە ماڵیان مانەوە و ئەو خۆی لەسەر کار بوو من چوم بۆ لای و بەو پەڕلەیەی کە لام بوو کە دەبوایە یەکدی بناسین خۆمم پێناساند. ئیترج ھەر ئەو ۆژە کاژێری ٣.٣٠ پاشنیوەڕۆ زاخۆم بەجێھێڵاو ھاتمەوە ھەولێر و شەو لە ماڵی ھاوڕێ سڵێمان مامەوە و بەیانی زوو گەڕامەوە بۆ سلێمانی بە سەلامەتی.

کاتێک کە ھاوڕێ (تاھیر) لە ژووری سێدارە بوو لە موسڵ لە یەکێک لە سەردانەکانما  بۆ لای ئەو، ئەو برادەرەی زاخۆم بینی ، بەداخەوە کە ناویم لەبیرنەماوە، ئەویش حوکمی سێدارە درابوو قەیرێک لای دانیشتم بەڵام نەدەکرا کە چیرۆکەکەی خۆیم بۆ باسبکات . زۆر خەمم خوارد بۆی چونکە ئەو ھاوکار و یارمەتیدەرێکی زۆر باش بوو لە گەیاندنی ئێوە بۆسوریا. چەند جارێک لە فکری ئەوەدا بووم کە سەرێک لە خێزانەکەی بدەم بەڵام لەبەر سەلامەتی ئەوان و خۆشم ، پلانەکەمم ھەڵدەوەشاندەوە.

باوەڕ ناکەم فوئاد گیان من یادوەرییەکانی تۆم لەبیربچێت ، ماوەیەکی زۆر نامە گۆڕینەوە لە نێوانی من و تۆدا پاش گەیشتنت بە سوید ھەبوو، یادگارییەکی دیکەی نێوانمان سەرەڕای ئەو ھەموو مشتومڕ و قسە و شۆخییە، تۆ کراسێکی زۆر جوانت لەبەردا بوو من زۆر حەزم لێکردبوو تۆش دەتویست بمدەیتێ بەڵام من قبوڵم نەکردو دواتر بەوە ڕێکەوتین کە تۆ کوردستانت بەچێھێڵا کراسەکەش بۆ من بەجێبھێڵیت ، جار و بار بە شۆخییەوە لێشت توڕەدەبووم و دەموت بە کراسەکەوە مەخەوە ، زۆریش لەبەری مەکە بابەشی منیشی پێوە بمێنێت.  کە ڕۆیشتیت کراسەکەت بەجێھێڵا بۆم منیش ئەوەندەم لەبەر کرد تا شڕو وڕ بوو دوای ئەوش ھەر وەکو یادگارییەک ھەڵمگرت تا ئەو کاتەی کە منیش کوردستانم لە ساڵی ١٩٨٥دا بەجێھێڵا .

لەبیرمە من لە باشی و وەفا و دڵسۆزی بەغیرەتی تۆ ھەرگیز گومانم نەبوو بۆیە پێمدەوتیت : فوئاد تۆ ڕێژەی نەگۆڕیت ، ھەمیشە وادەمێنیتەوە.  من نازانم لە خۆشەویستی بوو کە ئاوام پێدەوتی یاخود لە ناسینت بوو، بەڵام بە ھەر بارێکیاندا بوو تۆ ئاوا بویت ھەر ئەوەش بویت کە لەنەوەدەکانا ، لەو کاتەی ھەژاران و گوندنشینانی دەرەوی شارەکان و سەرسنورەکان لە ھەموو کاتێک پێویستییان  بە یارمەتی و ھاوکاری بوو ، تۆ لەگەڵ ھەندێک کەسی دڵسۆزدا ژیانی خۆشی سویدت بەجێھێشت و ڕێکخراوی سۆڵیدارێتیتان دروستکرد، ھەر بە کاری ئەو ڕێکخراوە ژمارەیەکی زۆر لە مین کە لە سەر سنور و دەوروبەری گوندەکان لە لایەن حکومەتەوە چێنرابوون ، کە لە ژمارە نەدەھاتن ھەڵگرتەوە، چەندەھا مەکتەب و جەستەخانەی بچوکیشتان لە گوندەکان دروستدەکرد لەپاڵ ھاوکاری دیکەی گوندییەکانا .

تۆ بەمەشەوە نەوەستایت کاتێکیش کە کوردانی ڕۆژاوا پێویستیان بەیارمەتی بوو تۆ لێبڕاوانە نەک ھەر وازت لە حەوانەوە و کاری خۆت ھێنا، بەڵکو بەوەی کە ھەشتبوو بردت و چویت بۆ ئەوێ بە ھەموو توانا و سەلیقە و لێھاتوویی خۆتەوە لە بواری فێربوونی زماندا، فێربوونی خولی کۆمپیوتەر و کاری تەکنیکی فلیمسازیی، یارمەتیتدان . ئەوان لە بەھرە و سەلیقەی تۆ سوودمەند بوون و چاوەڕوانی گەڕانەوەی تۆیان دەکرد.   بەڵام مەخابن مەرگی نادیار چی دی ڕێگایان لەبەیەک گەیشتنەوەتان نەداو ئێمەشی لە یاد و یادەوەری و توانای تۆ بێ بەش کرد.

یاد و یادوەرییەکانت ھەمیشە بەخێر فوئاد گیان.

زاھیر باھیر

Leave a Reply