Categories
Kurdish

تکایە بۆ پیرۆزکردنی ساڵی نوێ لێم بە پەیام و ناردنی گوڵ، بۆردومانم مەکە:

تکایە بۆ پیرۆزکردنی ساڵی نوێ لێم بە پەیام و ناردنی گوڵ، بۆردومانم مەکە:

زاهیر باهیر

30/12/2020

تکایە مەیکە. ساڵی 2020 ساڵێکی هێجگار شووم و ڕەش بوو ، ساڵی لە دەستدانی زۆرێك لە کەسە نزیک و خۆشەویستەکانمان بوو ، ساڵێك بوو هەتا بڵێی بێ ڕەحم و بێ بەزەیی، ساڵی وەیشومە و خەزانی تەمەنی هەر هەموویان بوو ، ساڵێك بوو نەك هەر ئەوانی بێ ئومێد کرد بەڵکو ئومێدی ئێمەش بەوان، کە لە دوایان بەجێماوین، لەبار برد ، ساڵێك بوو ئازاراوی …ساڵێك بوو فرمێسکی ئەم ئەشکی خەمباریی دەیداینە دەستی ئەشکێکی دیکەی نادیاری .

ببینە، تۆزێك تێفکرە هەموو ئەوانە ساڵێك لەمەوبەر هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبوون کە سەیران و ئاهەنگی لە دایکبوونی خۆیان و منداڵان و ئازیزانیان لەگەڵتا، نەگێڕن ، هەرگیز بۆ چرکەیەکیش بیریان لەوە نەکردۆتەوە ، کە ماڵ و خێزان بۆ هەمیشە چۆڵ کەن، بە بیر و مێشکیانا هەرگیز گوزەری نەکردووە کە ئەمساڵ ساڵی دوا کۆتای ژیانیانە.. ساڵی گەڵاڕێزانی تەمەنیانە، ساڵی لێدابرانی ئازیزانیانە . نا.. نا، بە دەیەها، بگرە بە سەدەها ئومێد لە دڵیانا بووە ، بەدەیەها بە سەدەها پلانی گرنگ لە مێشکیانا بووە: نەخشەی ئاهەنگی هاوسەرگیریی برایان ، خوشکیان ، یا منداڵ و کەسی زۆر نزیکیان ، هەبووە…. بیهێنە بەرچاوی خۆت دایکت ، برات ، خوشکت ، باوکت ، مامت ، خاڵت ….پێتدەڵێت فڵان ڕۆژ، ئەم بەهارە، ئەم هاوینە ، ئەم سەری ساڵە ئەوە دەکەین، ئەو کارە ئەنجام دەدەین، ئەو ئیشەمان تەواو دەکەین….. چ ئەشکەنجە و ئازارێکە کە بیری ئەمەت دەکەوێتەوە ، ئەو لێرە نییە ، ئەو کە خاوەن پەیامە بەڵام هیچی پێ نییە ، عەیامیکە لە دەستتداوە ، بەڵام وەکو دوێنێ لە دەستت دابن ئاوایە ….

تکایە هەڵوێستەیەك بکە ، دەتەوێت چیم لێ پیرۆز بکەیت کە نازانیت چی ڕوو دەدات ، دەتەوێت گەردن ئازایی چیم لێبکەیت کە نازانیت وەیشومەی ڕۆژگاری ئایندە بەرەو کوێمان دەبات .. نە گەردن ئازادی و نە پیرۆزبایی ساڵی نوێ … نە ئازادیی–م پێدەبەخشێت و نە ساڵی نوێشم لێ پیرۆز دەکات و نە باری خەمیشم سووك دەکات .

ئایا دەزانیت چ ساڵێكی ڕەش بوو؟ ، چ تاڵاو و گیانکێشانێکی پێ بوو؟ … ئاخر زۆر زەحمەتە کە جارێکی تر .. ئەو خۆشەویستانە هەرگیز نەبینیتەوە … ئەم کەسانە لە یاددتا ، لە بیرەوەریتا بۆ هەمیشە بسڕیتەوە …. هێجگار سەختە ، بەڵێ هێجگار…کاتێک کە بە دەستەوەستانی لەبەردەمیا وڕ بوویت ، سڕ بویت ، بێ هۆش بوویت و هیچت پێناکرێت.

ئەم وێنانەی کە دەیان بینیت، بەشێکیان بە کۆرۆنا نەمردوون، ئەمانە هەمویان بەشێکن لە کەسە نزیکەکانم ، خۆیان ڕۆیشتون و بارێك خەمیان بۆ ئیمە بەجێهێڵاوە ، خۆیان لەبەرچاو نەماون و یاد و یادوەرییەکانیان لە لای ئێمە ماوە … خۆیان بزرن و بارسووکن، بەڵام باری گرانی خۆیان بەسەر ئێمەدا داوە …

دەزانم هەر من نیم ، هەر تۆ نیت ، هەر ئەمان نین، هەر ئەوان نین، بەڵکو خەڵکانێکی گەلێك زۆرن کە هەمان زوخاو دەچێژن هەمان گریان و شین دەگێڕن … هەمان داستانی لەناوچونی ئەوان بە گوێی یەکدیدا دەچرپێنن.

نازانم بلێم بە هیوا بین یاخود بێ هیوا؟ هەر کامیان بخوازیت هیچ ناگۆڕێت لە مەسەلەکە چونکە کورد دەڵیت ئەگەریان چاند بەڵام هیچی لێسەوز نەبوو ، منیش دەلێم هیوامان خواست هیچ ئەنجامی نەبوو ….چونکە ژیان لێردا ناوەستێت ، ڕەوڕەوەی پێشەوەچوونی مرۆڤ لێرەدا ناچەقێت .. بۆیە دەبێت ئازارمان هەرچۆن بێت ، باری خەم و پەژارەمان هەرچەند قورس بێت، لەگەڵیدا ڕابێین و تێیپەڕێنین.

دەی با لەم ساتە وەختەدا یادی ئەم ئازیزانە بەم گۆرانییە خۆش و دەنگە بەسۆزەی عەتا چاوشین-ی ئازیزمان کە خۆی یەکێکە لەوان، بکەینەوە.

تکایە بۆ گۆرانییەکە کلێک لەسەر ئەم لینکە بکە:

https://youtu.be/0krMLTIFbBc

Leave a Reply