Categories
Kurdish

هەواڵی گەرمی ئەم هەفتەیە، مژدەدانی لە دایکبوونی

هەواڵی گەرمی ئەم هەفتەیە، مژدەدانی لە دایکبوونی

06/04/2017

بەڵی هەواڵی گەرمی ئەم هەفتەیە مژدەدانی لە دایکبوونی حیزبێکی کۆمۆنیستی کارگەریی نوێیە لە ئێراندا، کە لە لایەن 65 کەسەوە بانگەشەی بۆ کراوە .
بەڕاستی کارەسات و مایەی بێ ئومێدییە پاش ئەم هەموو ئەزموونە دوور و درێژەی حیزب نەك هەر لە سەراپای جیهاندا بەڵکو لە دونیای ئێمەی کورد و عەرەب و فارسیش-دا ، کە هەموومان هەمانە لەگەڵ حیزب و حیزبایەتیکردن و ئایدۆلۆجی پەرستندا، کەچی تازە بە تازە لە خەمی دروستکردنی حیزبێکی دیکەداین.
ئەرێ بە ڕاست تا کەی و چەندی دیکەی ئەوێ تاکو لەو ڕاستییە بگەین کە بەستنەوەی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیریی و ئابووریی و کەلتوریی خەڵك بە حیزبەوە کارەسات، دەهێنێت لەبری لابەلاکردنەوەی کێشەکان؟ ئەرێ تاکەی وا بزانین کە حیزب تاکە کلیلی کردنەوەی دەرگای حەلکردنی کێشەکانی ڕزگاری و ئازادی و دیمۆکراسییە؟ تاکەی لەو هەقەتە نەگەین کە حیزب و هەوڵی حیزبایەتی ئامرازی گەورەی مانەوەی سیستەمی دڕندەی باوو و ڕاگری پایەی کۆمەڵی قوچکەییە ؟ تاکەی تێنەگەین کە حیزب باشترین دەزگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ خەساندنی خەڵک و لە قاڵبدانیان بە جۆرێك کە لەتەك خواستی حیزبدا بێتەوە و داخوازیکەری سەروەریی چینایەتی دیکاتۆریەتیییە …..کار لەسەر کڵۆمکردنی مێشك و ئاوەز و سازشکردن لەسەر داخوازییەکانی هەرە زۆرینەمان، دەکات؟ ئەرێ تاکەی ناکرێت لەو ڕاستییە تێبگەین کە حیزب ئامرازی بەش بەشکردن و خستنەوەی دووژمنایەتی نەك نێوانی کەسانی دوور بەڵکو دراوسێ و دراوسێ ، برا و برا خوشك و خوشك و برا و خوشك و پەیژەی سەرکەوتنی ڕۆشنبیرانی نێو حیزبە بەرەو باڵەخانەی سەرەوەی ماڵی حیزب؟ تاکەی مەحاڵە ، کە چاوێك بە مێژوی سەرجەمی حیزبەکانا بگێڕینەوە و بزانین چییان بۆ خەڵکانی هەژار و بەشخوراوان کردوە ، تاکو حیزبی ئایندەش لە یادی نەکات و شوێنی ئەوان بگرێتەوە؟ تاکەی خەریکی دروستکردنی ڕێکخراو و حیزب لە سەروی خەڵکەوە بین؟ تاکەی لەوە نەگەین کە گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان دەبێت لە بنی کۆمەڵەوە بکرێت نەك لە سەرەوە ؟
لە کۆتاییدا پڕ بەدڵ پیرۆزبایتان لێدەکەم هاوڕێییان، بەڵام دوای چەند ساڵێکی دیکە دەبینین کە کەرت کەرت بوون و لە دایکی سەرچاوە [ حیزبە نوێیەکەتان ] تەنها 10 کەس 15 کەس ماونەتەوە. ئەمە بوختان نییە ، بەڵکو نیشاندانی مێژووە و ڕاستییە.

Leave a Reply