Categories
Kurdish

کورد دەڵێت : کە بزن خوا غەزەبی لێگرت نانی شوان دەخوات

کورد دەڵێت : کە بزن خوا غەزەبی لێگرت نانی شوان دەخوات

02/07/2023

چەند مەسەلێکی جوان و پڕ مانایە. کورد بە سەدەها مەسەلی ئاوایان هەیە و هەر هەمووشی بە سەدەها جار تاقی کراونەتەوە لەسەر ئاستی تاك و تیرە و کۆمەڵ و هەرە زۆرینەشیان ڕاست و دروست دەرچوون.

هۆکاری ڕاستی و دروستیشیان ئەوە بووە کە خەڵکە نەخوێندەوارەکە ژیان فێری کردوون، واتە ئەزموون و مامەڵە و تاقیکردنەوە ئەوەی پێگەیاندوون وەکو ئێمەی خوێنەوار نەبوون کە لە کتێبەکانەوە فێر بووبێتین.

ئەوان ئەوەندە بە تواناو خاوەن ئەزموون بوون کە بەیانی هەڵساون کە تەماشایەکی ئاسمانیان کردووە زانیویانە باران، بەفر ، هەتا و چی دەبێت! کە کەسێکیان بییبێت بە دەم جگەرە کێشانێکەوە و خواردنەوەی دیژلەمەیەکەوە وەکو خۆی هەڵیان سەنگاندووە ، کە ” شلەشارییان” بینیوە زانیویانە کە بەرگەی کارایی و کاردانەوەکانی  سروشت کەمتر دەگرێت… کە بزتنەوەی کوردایەتی 61 و دواتریش دەستی  پێکردووە و لە هەزار کەسیاندا کەسێکیان باوەڕیان پێی نەبووە و بێ ئەنجام تەماشایان کردووە .

بەهەرحاڵ ئەم مەسەلەی تایتڵی پۆستەش تەواو تەواو بەسەر ئۆلیگارگ و خاوەنی ئیمپایەری کۆمەڵە بەکرێگیراوەکەی کە بە کوردی ناوی ” جاش” یان بەسەردا جێ بەجێدەبێت یەڤگنی پریگۆژین، بەسەردا دەسەپێ.

ئەم کابرایە کە لەساڵی 2014 وە تورەقی کردووە خاوەنی چەندەها ملیار دۆلار و کارگە و چەندەها ماڵپەڕ و پێگە ئەلەکترۆنی و هاكکەر و شتی تریش بووە  ‘هەتا نەتڕی چوارمشقی دانەنیشت ‘ .  کابرا ئەوەندە دەسەڵاتی پەیداکردبوو ، ئەوەندە پایەدار و ناسراو بوو کە وجوی وەزیری بەرگریی و سوپاسالار و ملیاردەرەکانی ڕوسیا و زۆری تر لە وەزیر و کاربەدەستان نەدەزانی . ڕۆڵی یەکلایکەرەوەی جەنگەکەی ڕوسیا و ئۆکرانیابوو ، گونی خۆی نەك هەر بەسەر تەواوی کۆمەڵی ڕوسی و کاربەدەستاندا بەڵکو بەسەر پوتین-یش دا شۆڕ کردبووە تا ئەو ڕادەیەی کە بە کۆتایی هاتنی جەنگەکە گەورەترین مەترسیشی بۆسەر پوتین و دەسەڵاتەکەشی دروست دەکرد .  ئیتر بۆ پوتین کاتی ئەوە هاتبوو کە ئەو میزەڵانە فش بکاتەوە ، کاتی ئەوە هاتبوو کە پاساوێك ، هۆکارێک، بیانویەك  بێتە پێشەوە پریگۆژین و گروپەکەی لە ئاستێکدا، لە سنورێکدا بوەستێنێت ، کاریشی تا ڕادەیەك پێیان نەمابوو ، جەنگی ئایندەش بەم زوانە لە پلانیدا ( پلانی پوتین) نەبوو . ئەوە بوو ئەو هەلە هاتە پێشەوە و ئەویش بە باشی قۆزتییەوە .

لە ئێستادا بە فرمانی پوتین سەراپای کارگەکانی پریگۆژین لە لایەن دەوڵەتی ڕوسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە ، تەواوی ماڵپەڕ و پێگە ئەلەکترۆنییەکانیشی وەستێنران ، داواش لە سوپاکەی کراوە ئەوانەیاد دەگەڕێنەوە بابگەڕێنەوە و ببنە بەشێك لە سوپای نیزامیی ، گەر ناگەڕێنەوە ئەوە موچەیان چی تر لە لایەن ڕوسیاوە پێنادرێت .  لەو بارەشدا پریگۆژین-یش ئامادە نییە موچەی ئەو کۆمەڵە زۆرە چەکدارە بدات .  هەروەها لە سوریا و لە وڵاتانی دیکە داوا لە حکومەتەکان کراەوە کە مەرجەکانی پوتین قەبوڵ بکەن بە دانانی چەندەها بەربەست بۆیان لەوانە ببنە بەشێک لە سوپای نیزامی ڕوسی و بچنە ژێر فەرماندەیی فەرمی ڕوسییەکانەوە .

لە ماوەیەی هەفتەیە کەمتردا پوتین توانی پەڕو باڵی پریگۆژین و کۆمەڵەکەی بکات و بیانپوکێنێتەوە و لە مەترسی ئایندەش خۆی و حکومەتەکەی و ملیاردەرەکانی ڕوسیاش ڕزگار بکات و هاوکاتیش هیوا و ئومێدی سەرانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ناتۆش لەبار بەرێت و خەونەکەیان پوچەڵ بکاتەوە.

جەنگی نێوانی وڵاتانی سەرمایەداری جەنگی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەشخواراوان نییە و سوودی ئەوانی تێدا نییە ، هەر لەبەر ئەوەشە کە دژ بەشەڕ بوون ، دژ بەجەنگ ، باشترین و دروستترین دروشم و هەڵوێست و پێگەیە کە هەر کەس بییەوێت خۆی تێدا دەبینێتەوە.  هەر خەڵکانی دژە جەنگیشن کە تەواوی سیناریۆیەکە دەبینن و هەموو لایەنەکانی شیدەکەنەوە و نەك هەر بڕیاری دروستی لەسەر دەدەن بەڵکو ئەنجامگیری دروستیشی بۆ دەکەن .

بەرەی شەڕکەر و دۆستانیان کە بەناوی دژ بەشەرەوە لەبەرەیەکیاندا خۆیان دەگرنەوە بە بەهانەی ” دژ بەجەنگ” کە لە ڕستیدا ئەوانەش شەرخوازن نەك دژە شەڕ ، هەر لەبەر ئەوەشە کەهەرگیز ناتوانن لەبەرژەوەندی خەڵکانی هەژار و مەینەتدار قسە بکەن و ئەنجامگیرییەکانیشیان هەمیشە هەڵە دەردەچێت.  

Leave a Reply