Categories
Kurdish

کۆنگرەی ژینگە و دیموکراتی و بەرکوڵێك

کۆنگرەی ژینگە و دیموکراتی و بەرکوڵێك

زاهیر باهیر

07/12/2021

پاش پسکە پسکی دوو ساڵ و لە خشتەبردنی هەندێك کەسی دڵسۆز و پرس و ڕا بە هەندێك لەسەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حیزبێکی نوێ سەری لە هێلکە جوقان. لە راستیدا دوکانێکی سیاسەتبازیی بۆ ڕامکردنی هەرچەند بکرێت لە خەڵکی داما و و بێ هیوای کوردستان، کرایەوە ، دوکانێك گەر چی بەناو نوێیە بەڵام کەلوپەلی کۆنەی پێیە، نۆژەنی جەلالییەت و نەوشیوانییەت دەکاتەوە،  دەیەوێت مێشکی گەنجانمان بە فکری کۆنی بەسەر چوو، زاخاوبداتەوە.

خەڵکینە بە ئاگا بن، زمانی شیرین و قسەی بریقەدار و دروشمی ڕەونەقدار، لەخشتەتان نەبەن، لەبیرتان بێت شکستێکی دیکەتان نەوشیروان ئاسا، بەسەردا نەهێنن، جارێکی تر بێ هیوا و بێ ئومێدتان نەکەن ، هەمان کەسانی جارانن و تەنها دەم و لەفزیان گۆڕیوە، هەمان ئیدۆلۆجیە و تەنها ڤێرشنەکەیان گۆڕیوە.

بەڵێ کۆمەڵێك لە کۆنە جەلالی و کۆنە دەهۆڵلێدەارانی بەناو بزوتنەوەی گۆڕان ، پیاوانی کۆنی بەوەفا و بەئەمەکی  نەوشیروان، لە دیمەنێکی تردا، لە ژێر ڕوپۆشێکی دیکەدا، دەیانەوێت بەردەوامی بدەنەوە بە پەتا و کارەساتی کورداییەتی ، بە سیاسەتی لیبراڵ، بە پێناسەی ” ئەخلاق” کە دەزانین کە سیاسسی دەسەڵاتخواز هەرگیز  ئەخلاقی نەبووە و نییە ، بە مژدەی حکومەتی باش ، کە دەزانین حکومەتی باش هەر نییە.

من لێرەدا هەر بەرکوڵێك لەم ڕاگەیاندنەی ئەم چەند ڕۆژەی پێشویان دەکەم کە  لە دروستبوونی حیزبی کۆنگرەی ژینگە و دیمۆکراتیی، ئاگەداریان کردینەوە.  ڕاگەیاندنەکەیان پەیامێکی گرنگە زۆر بە کورتی و بە چڕو پڕی هەر هیچ نەبێت چەند خاڵێکی گرنگیان دەربڕیوە و ئەوە هەدەفیانە کە بۆ من مایەی ڕەخنە و لەسەر نوسینە و بە ئەرکی سەرشانی هەموو ئازادیخواز و سۆشیالیست و شیوعییەکی دەزانم کە هەر لە ئێستاوە لە هەوڵی پوچکردنەوەی زیاتری پوچگەراییەکانی ئەم حیزبەدا بین، پێشئەوەی ئەمانیش بەرەو شکستێکی ترمان بەرن  وەکو چۆن جەلالیەت و مەلایەت و نەوشیروانییەت کردیان  و بەردەوامن لە کردنیا.

من لێرەدا تەنها چەند  خاڵێك لەو ڕاگەیاندنەیان دەگرم، هەر کاتیش پەیرەو و پڕۆگرامیان کە کاڵایەکی بەسەرچووە کەوتە بازاڕەوە، ئەو کاتەش بە گوێرەی توانا و وەختم لەسەری دەنوسم .

لەم ڕاگەیاندنەدا “…. کار بۆ ئەوە دەکات ئەو فۆرمە کوشندەو کلاسیکییە تێپەڕێنین، کە حیزب بۆ ئەوەی هەبێ دەبێت: عەمیلی وڵاتێک بێت، پارەو پرۆژەی ناشەرعی و بارەگای گەورەی هەبێت..”

دروستبوونی هەر حیزبێك لە کوردستاندا لە هەوڵی دەستەبەرکردنی دەسەڵاتدا بێت لەناو ئەو هەموو حیزب و ڕێکخراوانەی دیکە کە هەندێکیان خاوەنی هێزی گەورەی جەکدارن دوای ئەوەش وڵاتێکی وەکو کوردستان کە بەشێکە لەعێراق و عێراق-یش وەکو یاری گوریس گوریسێنە لە لایەکەوە تورکیا ڕای دەکێشێت و لە لایەکی دیکەوە ئێران و لەولاشەوە دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا و هی ناوچەکە… ئایا لە بارودۆخێکی ئاوادا ئەوە قسەی خەڵکانی ئاوەزدارن کە لە ڕاگەیاندنەکەیانا ئەوەی سەرەوە بڵێین؟ ئایا یەکێتی و پارتی هەتا ئیسلامییەکانیش حەز ناکەن کە سەربەخۆ بن؟ بۆچی بە خۆشی خۆیان و ئارەزوومەندییان چونەتە پال ئێران یا تورکیا یاخود دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و بریتانیا و ئەمەریکا؟ ئێوەیەك کە دەوڵەت و دەسەڵاتتان بوێت ئایا دەکرێت هەر لە دەرەوەی دەسەڵاتیش چجای لە دەسەڵاتدارێتیدا سەربەخۆ بن؟ ئایا دەتوانن راگەیاندنی نەك هەر توند و تیژ بەڵکو مرۆڤ و ژینگە دۆستانەش بە بەردەوامی دژ بەو دەوڵەتانە بڵاو بکەنەوە؟ ڕەنگە بۆتان بکرێت بەلام ئایا لە وەها کردنێکدا  شانسێکی هاتنە دەسەڵاتتان دەبێت؟!!

بەڕیزان ئەم قسانە قسەی بۆشن، بێ بەڵگەن  و قسەی خەڵکانی مایەپوچن، پلانی  ئایندە لەسەر قسەی ڕووت، نەبوونی شارەزایی لە مێژوو، دەرکنەکردنی واقیعی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ، بێ ئاگایی لە سیاسەت و دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتیی-ن.  دەکرێت بڵێن ئیوە کەمتر پاشکۆ دەبن، ئێوە کەمتر پیاوی دەوڵەتانی دەوروبەر و دەزگە سیخوڕییەکانیان دەبن، ئەمەیان ئامەننا بە هەرحاڵ بەڵام ئا بەو خەستییە و شەدەی بخەنەسەر جێگای باوەڕ نییە ، مەگەر لای کەسە ساویلکەکان.

“… کارکردنە لە سەر خولقاندنی فەرهەنگێکی نوێی سیاسی و کەرامەت و خۆناسین و لێبوردەیی؛ کارکردنە لە سەر کاری هەرەوەزی مرۆڤە ئازاو دڵسۆزەکانی ئەم وڵاتە، لە پێناو بنیاتنانی داهاتوماندا”

کردنی ئەم جۆرە قسانە، ناردنە دەرەوەی ئەم جۆرە پەیامانە، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتیت، زۆر ئاسانە.  بەڵام کە تۆ چویتە دەسەڵات تاکە فەرهەنگێك کە هەیە و ئەوانی دیکە کەلادەخات فەرهەنگی بازاڕی ئازادە ، فەرهەنگی سیاسەت و ئابوریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵە . سەراپای پڕۆگرامی پەرەوەردە و پێگەیاندن لە قوتابخانە و خوێندنی باڵا و زانکۆکانا ئەوەیە، کە تاکی خۆپەرست، خزمەت بە دەوڵەت و بە سیستەمەکە دروستدەکات. چ حیزبێك هاتۆتە دەسەڵاتەوە کە کەرامەتی بووبێت؟ ئەخلاقی بووبێت؟ چ خۆخۆییەکی یا پێناسەیەکی جگە لە دەزگەیەکی مشەخۆری سەرکروتکەری دژ بە میللەت هەبێت ؟ چ حکومەتێك ئەمڕۆ لە دونیادا هەیە کە کار لەسەر پرۆژەی هەرەوەزی بکات؟ کێیان هەن لە خزمەتی بازاڕدا نەبن؟ نەبووبنە برغویەكی دشخوراوی [سلاكبوو ] ئەم سیستەمە کە بە بوون و نەبوونی ئەوانەوە سیستەمەکە هەر بەردەوامە و ئاراستەی خۆی بەرنادات. چ دەسەڵاتێک هەیە کە مرۆڤدۆستی و مرۆڤە دڵسۆزەکانی وڵاتی خۆیان بناسن؟ دڵسۆزی بەكێ؟ تاکو ئێوە ئاوابن؟!!! .

لەمانەش زیاتر ئێوە هەر پێشوەخت قسەکانتان لەسەر پرسی  هەرەوەزی هەڵوەشانۆتەوە.  ئێوەیەك کە باوەڕتان بە حکومەتی باش و پرۆسەی هەڵبژاردن و دامەزراوەی پەڕلەمان هەیە و سەربەستکردنی سەرمایەداران هەیە، باشە پیمان ناڵێن ئەمانە لەگەڵ کاری هەرەوەزیدا چی کۆیان دەکاتەوە؟ باشە ئێوە چۆن دەسەڵات، سەرمایەداران و تەراتێنکردنیان لە دونیای بازاڕی ئازاددا لە دەروازەی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ نیو-لیبراڵەوە لەگەڵ کاری هەرەوەزیانەدا جوتدەکەن؟ لە کوێی دونیادا ئەمە هەبووە [ دیارە من باسم لە هەندێك کەس یا خود کۆمۆنێتییەك نییە هێشتا هەر هەرەوزیانە دەژین ]

“…ئەم مانیفێستە پێمان دەڵێت: حكومەتێکی باش و بەهێزو دیموکرات و دادپەروەر لە هەناوی پارتێکی سیاسی باش و بەهێز و دیموکرات و دادپەروەرەوە دێتە دەرێ، هەروەک پارتێکی لەم جۆرەش لە هەناوی تاک و کۆمەڵگەیەکی هوشیارو بەهێزو دیموکراتەوە دێتە دەرێ.

ئەمەی کە ئێوە دیڵێنن هەموو حیزبەکانی دونیا هەمان شت دەڵێنەوە و دەڵێن و هەموشیان خۆیان بە دادپەروەر و دیمۆکرات دەزانن و ئەوانەی ئێوەشیان دەوێت .  ئادەی پێمان بڵێن حیزبێکی دەسەڵاتدار، دیکتاتۆرێکی سەرۆك لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا بە خۆی وتوە: من دیکتاتۆرم، پیاوکوژم، سەرکوتکەرم؟ … هەر هەموویان هەمان دروشم و قسە و ئامانجی ئێوەیان هەبووە، بەڵام ئایا دەسەڵات کە خۆی لەسەر بناخەی زوڵم و زۆر و سەرکوتکردن و کوشتن و بڕین خۆی ڕاگرتووە، دەتوانێت ببێتە حکومەتێکی باش؟ دەتوانێت ببێتە ” باوکی میللەت”؟

سەیرە کە ئێوە خۆتان لە کردنی حیزبایەتی و مێژوی حیزبەکان، با هەر بڵێین لە کوردستانا، غافڵ دەکەن ، خۆتان بێ ئاگا و نەزان دەکەن.  دەی ئەگەر ئاوا نییە  تاکە حیزبێکی باش کە لە کوردستاندا کە لە شاخ و شاردا بووبێت، پارتێکی سیاسی باش و بەهێز و دیمۆکرات و دادپەرروەر بووبێت؟!! . مرۆڤدۆستی، ژینگە دۆستی و ژیاندۆستی، دادپەروەری و دیمۆکراتی نەك هەر لەناو حیزبدا نییە بەڵکو خودی حیزب و دامەزراوەی حیزب تەواوی کار و کارنامەیان دژ بەوانەیە کە نوسیوتانە.

ئەوە ڕاستە تاکی باش کۆمەڵی باش دەداتە دەست ، بەڵام کۆمەڵی باش هەرگیز دەسەلاتی باش ناداتە دەست ، چونکە سروشتی خودی دەسەڵات باش نییە، ئیتر ئەو دەسەڵاتە بە دەست هەر کەس و لایەن و حیزبێکەوە بێت.  دەسەڵات باش و باشترینی نییە بەڵکو خراپ و خراپترینیان هەیە.  دەسەڵاتێك نییە کە لەسەر بناخەی زوڵم و زۆر و مەحرومکردنی زۆرێك لە هاووڵاتیانی، دانەمەزرابێت ، دەسەڵاتێك نییە هەر ڕەنگ و دەنگێکی هەبێت، کاتێك بەرانبەری وەستایتەوە، گیان و نەریت و سروشتی کوشتن و بڕین و داپڵۆسین لە هەناویدا نەبێت.

بەڕێزان، کەرەسەکانی کە دەتانەوێت حکومەتی باشی پیدروستبکەن شتێکی نوێ و جیاوازمان لەوەی کە نەوشیروان موستەفا دەیویست دروستی بکات، ناداتە دەست .  ئەویش ئابوری لیبراڵی دەویست، دۆستی بازاڕی ئازاد و مونافەسەی شەریفانە بوو ، ئەویش خەڵکانی تەکنۆکراتی دەویست لە حوکما، ئەویش خەڵکی شیاوی بۆ شوێنی شیاو دەویست .  بەڵام خۆشتان زۆر باش دەزانن دواتر ئەو لەسەر دانانی مودیر ناحێیەك کە بۆ گۆڕان بێت،  شەڕی لەتەك پارتی و یەکێتیدا دەکرد . باشە بەشێکی ئێوە لەو قوتابخانەوە هاتون و بەو سیاسەتە پەروەردە کراون هەمان شت دەلێنەوە، ئیتر بۆچی خۆتانمان لێدەگۆڕن و گوایە شتێکی نوێترمان بۆ دروستدەکەن؟ ئیتر چۆن دەتوانن پێمانبڵین کە ئێوەش شکستێکی گەورەتر بەسەر ئەم میللەتە هەژارەدا ناهێنن؟

“….. داوای سەربەستکردنی سەرمایەداران لە ژێر چەپۆکی گروپەکانی دەستڕۆیشتوی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت دەکات، داوای ئابورییەکی بەهێزی خۆژێنی ژینگە دۆست و دادپەروەری هەژار دۆست و ئازادی یاسایی دەکات”.

دەبێت سوپاسگوزاریان بین بۆ ئەم بڕگەی مانیفێستەکەیان کە ئەو ڕاستییەیان لێنەشاردوینەتەوە کە ئەوانیش کۆنترۆڵ و سزای سەرمایەداران ناکەن و نادەن.  واتە خوێنمزژان و دز و جەردەی ئابوریی، لە قاچاخچییەکانی هێنانی کەرەسە و پێداویستییەکان ، کە بەشێكیان بەسەرچوون، لە دروستکەرانی قوتابخانە و خەستەخانە و جادەکان و خانو و شوقەکان، لە کردنەوەی کارگە و کارخەنە بۆ چەوساندنەوەی کرێکاران و هەژاران و نەبوونی هەل و مەرجی سەلامتییان و زۆری تر … هەموو ئەم خوێنمژانە لە دەستی حیزب و حکومەت دەردەهێنن و ئازادیان دەکەن، واتە بەرەڵایاندەکەنە گیانی هاووڵاتیانی کوردستان، هەر وەکو دەسەڵات و حیزبەکان کردویانە،  تاکو بە ئارەزوی خۆیان سەرمایەی خۆیان دروستبکەن بێ لێپرسینەوە و سزادانێك، چونکە ئازادیی و سەربەستییان پێدراوە .

ئاخر ئەگەر ئابووری وڵات ئابووری قاچاخچێتی و زەربەدان بێت لە هاووڵاتیان بۆ پەیداکردنی زیاتری سەرمایە لە لایەن سەرمایەدارانەوە لە چوارچێوەی بازاڕ-ئازاددا، دەی چۆن دەکرێت کە ژینگە دۆست بێت، مرۆڤدۆست بێت، هەژارپەرست بێت؟ کەسێک لەم دونیایەدا، نەك هەر ئێوە بەڕێزان، دەتوانێت ئەوەمان بۆ ڕونبکاتەوە کە بزنس و ژینگە دۆستی، دژ بەیەك نین؟ ئەی نابینن کە ژینگە چۆن وێران بووە لە سای دەوڵەت و سیاسییەکان کە کارئاسانی بۆ بزنس و سەرمایەداران دەکەن بۆ چڕکردنەوەی زیاتری بازاڕی ئازاد؟ ئایا وێرانبوونی ژینگە لای ئێوە، حورمەتداران، مرۆڤکردە یاخود خوداکردە؟  ئێوەیەك کە بانگەشەی سەربەستی سەرمایەداران دەکەن، کە یانی بانگەشەی وێرانکردنی ژینگە لە هەر بوارێکدا کە بتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ مەبەستی کەڵەکەکردنی سەرمایە ، پاوانە بکرێت بۆ سوود و قازانجی سەرمایەداران.   بەداخەوەم کە دەڵێم ئەمەش هەر قسە فڕێدانە لە هەوادا و باجی لەسەر خەڵکانی ساویلکە و کەسانی دەسەڵاتخواز لەسەر نییە.

بەڕیزان ئەمەی ئێوە ئاڵتەرناتیڤ بۆ بارودۆخی کوردستان و هیچ شوێنێکی ئەم دونیایە، نییە.  ئاڵتەرناتیڤی دروست و واقیعانە دەستبەرداربوونی حیزب و حیزبایەتی و دەسەلات و دەسەڵاتخوازییە، دەستبەرداربوونی ڕادەستبوونی حوکمە ئیدی لە هەر ڕێگایەکەوە بێت ، چوونە دەرەوەی مشەخۆران و بازرگانانی سیاسی و ئابوری و دەسەڵاتدارانی پیاوکوژ و داپلۆسەرە لەم کایەیە، لەم یارییە قێزەوەندە خوێناوییە. ئەوەی کە دروستە بکرێت لای خەڵکی خۆی ، خۆڕێکخستنییەتی لە هەموو شوێنێکی ژیانیا، سەر کاریا، خوێندنیا، نێو خێزان و گەڕەك و شەقام شوێنەکانی دیکەیە ، لە گروپ و رێکخراوی ئاسۆیانەدا ، دەستکردنە بە کۆبونەوە جەماوەرییەکان و دانی بڕیارەکان لە لایەن خودی خەڵکەکە خۆیەوە و هەوڵی بەڕیوەبردنی خۆیانە و دەستبەکاربوونی ژیانی هەرەوەزییانەیە.

“….. ئێمە نامانەوێ بە شێوە کلاسیکییەکە بە بڵاوکردنەوەی بەیانێکی کتوپڕ پارتێکی سیاسی رابگەیەنین، چاویشمان لەوە نییە ببینە بەشێک لەم سیستمە حکومڕانییە شکستخواردو و داڕزاوە، هێندەی مەبەستمانە پێش هەر شتێک بیرو باوەڕو تێگەیشتنمان رابگەیەنین و بگاتە هاووڵاتیان و خۆیان رۆڵیان هەبێ لە گفتوگۆو دروستبوون و گەشەو بەردەوامیماندا.”

لەم بڕگەیەدا ئەم برادەرانە پسکە پسکی دووساڵەیان لەگەڵ ئەم و ئەودا پشتڕاستکرۆتەوە ، ئەمەشیان هەر قسەیەکی بێ مانایە وەکو ئەوانەی دیکەیان. باشە هەرگیز شتی ئاوا هەبووە کەسێك شەو خەوتبێت و بەیانی زوو حیزبێکی ڕاگەیاندبێت؟ باشە حیزب جەماعییە یا تاکڕەویانەیە ؟ ئەوەندەی بزانین حیزب ڕێکخراوی سیاسیانەی خەڵکە بە جەماعی، هەر لەبەر ئەوەش ناکرێت تۆ حیزبێك ڕابگەیەنیت بێ کردنی پسکە پسك و قسە لەگەڵ کەسانێکدا کە لەڕێی گفتوگۆ و ئەزمونەوە نزیکی و دووریان لە ڕاو بۆچنتەوە، نەبێت.  حیزبێك نییە لە دونیادا و نەبووە کە یەکسەر بەیانێکی کتوپڕی لە دەربڕینی پارتێکی سیاسیدا، بڵاوکردبێتەوە ، تەنها ئەوەی کە جیاوازە ماوەکەیە کە چەندی ویستووە بۆ ئەوەی کە بە ئاشکرا خۆی ڕابگەیەنێت.

ئەوەش دەزانین کە ئێوە بۆچی ناتانەوێت لە حوکمڕانییەکی شکستخواردو و داڕزاو ببنە بەشێك ، ئەویش ، نەك ئەوەی کە خۆتان دەیڵێن، بەڵکو لەبەر چەند هۆیەكە:

یەکەم: دەسەڵاتدارانی هەرێم چی تر لەسەرتان ناکەن و پێویستیان بە ئێوە نییە، هەندێكتان کاتی خۆی لە ناو بە ” حیزبی گۆڕاند” بوون چەند بە پەرۆشەوە ویستتان لەگەڵ یەکێتیدا ڕێكبکەون بەڵام ئەوان بەو مەرجانەی ئێوە ڕازی نەبوون و قەبوڵیان نەکردن .

دووەم: ئێوە هەندێکتان کە لە دەسەڵاتدا بوون ئیتر لە پلەی باڵا یا خوارتر بەشێكبوون لە گەندەڵی و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتی هەرێم. ناکرێت نەزانن گەر بە هەمان پۆشاکەوە بچنەوە ناو ئەو دەسەڵاتە ، خەڵكی نە حسابتان بۆ دەکات و نە بە دڵسۆزی خۆیان و میللەتان دەزانن، لەبەر ئەوە پێویستە جلە پیس و پۆخڵەکانی پێشترتان فڕێ بدەن و جۆرێکی نوێ بپۆشن و بە دەمامکێكی ترەوە بێنەوە ناو خەڵك.

سێیەم: ئێوەیەك کە بەشێکتان لە دەسەڵاتدا بوون بەشێکی کەمی کێکەکەتان پێدەدرا، بەڵام  ئێوەش هەمویتان دەویست. ئێستا ئێوە دەزانن دەستبەسەراگرتنی هەموو کێکەکە لە م ڕێگا تازەیەوەیە، ئەگەر میللەت باوەڕتان پێبکات و دەستتان لە دەسەڵات گیربێت ، تا ڕادەیەك ڕەنگە ڕووبدات.

بەڕێزان،  ئەمە قومارێکە و دەیکەن پێشتر دۆڕاندوتانە و ئێستا دەتانەوێت بیبەنەوە، بەڵام من دڵنیاتان دەکەمەوە ئێوە تۆوی شکستی خۆتانتان هەر لەم سەرەتایەدا،  لەهەناو و لەبنهەنگڵی خۆتانا چاندووە.

Leave a Reply