یەکێتی دەتوانێت مل بۆ داخوازییەکانی ڕەجەب ئەردۆگان نەدات
17/02/2024
بەداخەوە کە یەکێتی بۆ کردنی ئاشتەوایی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەرەو ئەوە دەڕوات کە بیەوێت هەر هیچ نەبێت هەندێك لە داخوازییەکانی ئەردۆگان و ئیدارەکەی بەجێبهێنێت. هەنگاوی یەکەمی بۆ ئە مەبەستە ناوە کە گرتنی 20 کەس لە ئەندامان و دۆستانی تەڤگەری ئازادییە کاتێك کە ویستویانە ڕێپێوانێکی ئاشتیانە لە یادی ڕۆژی بەندکردنی ئۆجەلاندا بکەن.
هەر ئەوەندەش یەکێتی هەنگاوی یەکەمی نا هەنگاوەکانی دیکەشی بەدوادا دێت ، هەر ئەوەندەشی ئەردۆگان هەستی کرد کە داخوازییەکی بەجێهاتووە داخوازی دیکەشی دەبێت و پێداگرییان لەسەر دەکات .
تەڤگەری ئازادیی و پەکەکە و پەیدە دەبێت ئەوە بزانن کە یەکیتی نیشتمانی دۆستیان نییە، کە تۆزێك لە پارتی نەرم و نیانترە لەگەڵیاندا ئەمە سیاسەت کردنە. سیاسەتکردنیش نە متمانەی پێدەکرێت و نەپشتیشی پێدەبەسرێت ، ئەوە ناڕێکی نێوانی خۆیان و پارتییە کە تا ڕادەیەك ئەوەی خولقاندووە و یەکێتی دەشزانێت گەر بەیانی بکەوێتە شەرەوە لەگەڵ پەکەکە و پەیەدەدا سێ بەشی هێزەکەی ئامادەنین ئەو شەرە بکەن .
ڕاوەستانی هەڕەشەکانی ئەردۆگان:
بۆ راوەستانی ئەردۆگان لە هەڕەشەکردن یەکێتی دەتوانێت هەڕەشەی گەورەتر بکات. وەکو چەند جارێکی دیکە وتومە ئەوەندەی تورکیا هەرێمی پێویستە ، هەرێـم ئەوەندە پێویستی بە تورکیا نییە . من لێرەدا هەندێك شت دەڵێم کە یەکێتی دەتوانێت بیکات، بە دڵنیاییەوە تورکیا نەك پاشگەز دەبێتەوە لە بڕیارەکانی بەڵکو پشی پشیش بۆ یەکێتی دەکات لەوانە :
+ هاوکاری زیاتر کوردانی تورکیا و هێزەکانی بەهەموو شێوەیەک جگە لە هاوکاری سەنگەر لەگەڵیاندا و ناردنی هیچ جۆرە چەكێك بۆیان.
+ دەستبەسەراگرتنی یاخود سڕکردنی هەموو بزنسێكی تورکی کە چ کۆمپانیاکانی تورکیا یا خود خودی کورد بەڕێوەیان دەبات.
+ تەنگکردنەوەی ئاستی جالاکییەکانی میتی تورکی لە زۆنی سەوزدا و جار و بار گرتنیان و پاش چەند ڕؤژێك بەردانیان بەڵام بێ ئەوەی ئەزێتیان بدرێت.
+ ڕاوەستانی هەموو دراما تورکییەکان و هەموو سەفەرێك بۆ تورکیا .
+ داخستنی هەموو قوتابخانەیەکی تورکی و پەیمانگا و خوئندنگا تایبەتییەکانی تورکیا لە زۆنی سەوزدا .
+ یاساخکردنی کڕینی هەموو موڵك و بزنس و خانوویەك لە سەراپای تورکیا لە لایەن کوردانی باشوورەوە .
+ ئاگەدارکردنەوەی بازرگانی کورد و مۆڵەکانی زۆنی سەوز لە هێنانی هەموو جۆرە کەرەسەیەکی تورکی و کۆمپانیاکانی تورکیا لە ناو تورکیا و دەرەوەی تورکیا . جێگرەوەی ئەمانە بە بەستنی گرێبەستی بازرگانی بە هەموو چەشنەکانییەوە لەگەڵ ئێران و عێراق [ مەرکەز] و دراوسێیانی دیکە .
+ نەدانی ڤیزە بە هیچ کەسێك لە بزنسمان و ئەکادیمی و گەشتکەر کە دەیانەوێت لە تورکیاوە بێن بۆ زۆنی سەوز ، وە ئەگەر لە رێگای هەولێرەوە هاتن بیانگێڕنەوە.
+ فشارخستنە سەر ئیخوانەکانی کوردستان و کارئاسایی نەکرد بۆ سەفەریان بۆ تورکیا و ڕێگری لە دکتۆر عەلی قەردەخی لە هاتنەوەی بۆ کوردستان و دەستبەسەراگرنتی هەموو موڵك سامانێکی لە کوردستاندا تاکو فاشار بخاتە سەر ئەردۆگان لەو هەڵوێوستە فاشییەدا کە هەیەتی .
زۆری تر هەیە کە یەکێتی بیکات ،بەڵام نیوەی ئەمانەش بکات ئەردۆگان چۆك دادات . مەرجیش نییە یەکێتی لە هەنگاوی یەکەندا ئەمانە بکات بەڵکو دەتوانێت هەڕەشە لە تورکیا بکات و 6 هەفتەی بۆ دابنێی بۆ پاشگەز بوونەوە لەوانەی کە ئەردۆگان دەیڵێیت و مەرجی کردنەوەی هاتووچۆی ئاسمانیش بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی بەسەردا بسەپێنێت.